قه‌یرانی سیاسی عێراق ڕۆژ به ڕۆژ ڕووه‌و ئاڵۆزی زیاتر ده‌ڕوات و کۆبوونه‌وه به‌رده‌وامه‌کان نه‌یانتوانیوه گرێکان بکه‌نه‌وه یان هه‌نگاو بن ڕووه‌و ئاشته‌وایی.
له پاش هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌که‌ی ساڵی 2010 ڕێکه‌وتنی هه‌ولێر وه‌ک ده‌گوترا چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی عێراقی کردووه ، به‌ڵام ئێستا و له‌گه‌ڵ قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری ناکۆکیه‌کاندا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌م ڕێکه‌وتنه نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی چاره‌سه‌ر بێت بۆ ناکۆکیه‌کان، به‌ڵکو بووه‌ته به‌شێک له قه‌یرانی سیاسی عێراق و کورده‌کانیشی کردووه به لایه‌نێکی قه‌یرانه‌که، هه‌رچه‌نده ڕووانینی جودا هه‌ن له نێو لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردی عێراقدا به‌رامبه‌ر به‌م ڕه‌وشه‌ی عێراق.
کاردانه‌وه‌کان له پاش ڕاگه‌یاندنه دژ به یه‌که‌کانی نێوان نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌ر ته‌نها سنوردار نه‌بوو له نێوان لایه‌نگرانی بارزانی و مالیکیدا، به‌ڵکو مه‌خابن گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی نوێنه‌رانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش له هاوپه‌یمانی کوردستانی‌دا له به‌غدا بکه‌ونه تیر و توانج له یه‌کگرتن و بگره زیاتریش گه‌یشتۆته ئاستی یه‌ک تۆمه‌تبار کردن
.
به مانایه‌کی تر له بری ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی کورد له هه‌وڵی ڕێکخستنه‌وه‌ی ماڵی خۆیاندا بن و به‌رنامه‌ڕێژییان هه‌بێت بۆ یه‌کخستنی دید و بۆچونه‌کان له به‌غدا و کارکردن بۆ ئه‌و به‌رنامانه‌ی ده‌نگده‌رانی کورد له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه ده‌نگی پێداون، که‌چی ده‌بینرێت له خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی کێشه‌کانی عێراق زیاتر ناکۆکیان بۆ خۆیان دروست کردووه و گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی بگوترێت تکایه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کار‌و ئه‌رکه‌کانی پێشوتان و ئێوه ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م میلله‌ته بکه‌ن به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی هێشتاش بڕواتان به یه‌کدی نییه و یه‌ک ده‌خوازێت ئه‌وی ترتان بسڕێته‌وه و قسه کردنه‌کانتان به‌رامبه‌ر به یه‌کتر له پره‌نسیپه‌کانی ڕاو بۆچوونی جیاواز ده‌رچووه و تان و پۆیه‌کی دژایه‌تی کردنی له خۆ گرتووه.
نازانم ئایا ئه‌وه‌ی له نوێنه‌رانی کورد له به‌غدا ده‌یبینین و ده‌یبیستین کارێکی به به‌رنامه‌ی دوو هاوپه‌یمانه ستراتیژیه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانه (هیوادارم وا نه‌بێت) یان به‌شێکه له شه‌ڕی نێوان نوێنه‌ران خۆیان ؟ به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی هه‌ر کامێکیان بێت به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ئه‌رکانه‌دا ناکه‌وێته‌وه که بۆی چوونه‌ته به‌غدا.
په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانی کوردستانی له به‌غدا (ئه‌وانه‌ی که‌وتوونه‌ته شه‌ڕه قسه) به‌خۆیان زانیبێت یان نا وه‌ک ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌یان لێهاتووه له پایته‌ختێکدا به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن بۆ، که‌وتونه‌ته شه‌ڕی قورسی یه‌کدی له پێناو پایته‌خته‌کانی تردا.
به هه‌موو پێوانه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و نوێنه‌رانه له به‌غدا ده‌یکه‌ن درێژه پێدانی سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی پێش و پاشی شه‌ڕی ناوخۆی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانی هه‌رێمی کوردستانه و ته‌نها یه‌ک ڕاستیشمان پێده‌ڵێت که پارتی و یه‌کێتی هێشتاش نه‌یانتوانیوه خۆیان له ڕق و کینه‌ی حیزبایه‌تیه‌که‌یان پاک بکه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ی له ڕاگه‌یاندنه‌کانیشدا بۆته وێردی سه‌ر زمانیان بێ له کۆمه‌ڵێک دروشم و قسه‌ی باق و بریقه‌دار هیچی تر نین
ڕاستیه‌کی تریش هه‌یه که ناتوانم خۆمی لێببوێرم و باسی نه‌که‌م ئه‌ویش ئه‌و ڕێکه‌وتنه به ناو ستراتیژیه‌ی نێوان تاڵه‌بانی و بارزانییه. ئه‌و دیمه‌نه ناشرینانه‌ی له به‌غداوه ده‌که‌ونه به‌رچاومان ڕاشکاوانه و به‌بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک پێمان ده‌ڵێن ئه‌و ڕێکه‌وتنه ته‌نها ڕیزکردنی چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌که له‌سه‌ر پارچه کاغه‌زێکی چرچ و لۆچ.
ئه‌رکی نوێنه‌رانی کورد له به‌غدا ئه‌وه نییه ببنه به‌شێک له شه‌ڕی تاکه که‌سه‌کان و خۆیانی بۆ به کوشت بده‌ن و ئاینده‌ش به نادیار بسپێرن ، ئه‌وه نییه کار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌کانیان بکه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی فه‌رامۆش بکه‌ن ، ئه‌وه نییه سه‌رکرده‌کان چیی گووت وه‌ک قسه‌ی قورئان لێی بڕوانن و ڕێگه نه‌ده‌ن که‌س زیاد و که‌مێکی له‌سه‌ر بکات، ئه‌وه نییه بکه‌ویته شه‌ڕێکه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بزانێت دۆڕاویت تیایدا، ئه‌وه نییه له پێناو هیچدا هه‌موو ئه‌رک و به‌هاکان بدۆڕێنیت.
هه‌ر له‌م ڕه‌وشه ئاڵۆزه‌ی عێراقدا ده‌کرا په‌رله‌مانتاران شه‌ڕێکی گه‌وره بۆ ماف هه‌ڵگیرسێنن نه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ناو خۆیاندا ببێته ئه‌و شه‌ڕه قسه بێمانایه‌ی به داخه‌وه زۆر که‌سی هیوا بڕاو کرد چونکه نیشانی دا ناتوانن پێکه‌وه له یه‌ک سه‌نگه‌ردا شه‌ڕ بکه‌ن ، به‌ڵام ده‌توانن هه‌میشه سێره له یه‌ک بگرن.
ئێستا هیچ به دووری نازانم هاشمی له ئانکه‌ره و مالیکی له تاران و عه‌لاوی له ڕیاز و موقته‌دا له مه‌رجه‌عه ئاینیه‌که‌ی و موتڵه‌گ له‌گه‌ڵ هاوبیرانیدا و…هتد ، هه‌ر یه‌که‌یان به جیا بڵێت “توخوا یه‌ک ده‌قه ده‌رفه‌تم بده‌رێ ئه‌م شه‌ڕه‌ی نێوان کورده‌کان زۆر خۆشه با سه‌یری بکه‌ین”
له 2003وه هه‌ولێر شوێنی کۆکردنه‌وه و لێکنزیککردنه‌وه‌ی جیاوازی و ناکۆکیه‌کانی لایه‌نه عێراقیه‌کان بووه، ئیدی کاتی ئه‌وه هاتووه بپرسین که‌ی هه‌ولێر ده‌بێته ئه‌و پایته‌خته‌ی کۆتایی به‌م جۆره ناکۆکیانه‌ی نێوان لایه‌نه کوردیه‌کان بێنێت و ئه‌وه‌ی به یه‌ک گوتاری ناودێر کراوه بێته ئاراوه؟






















