هه‌ڵبژاردن لێره‌ و له‌وێ

Posted November 12th, 2012 at 3:29 pm (UTC-5)
97 comments

هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی پێهات. جیاوازی زۆرهه‌بوون له‌ نێوان هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێره‌ و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌وێ.

لێره‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌ کاندیده‌کانی سه‌رۆکایه‌تی به‌ ژماره‌یه‌ک پرۆسه‌ی کاندیدکردندا ڕه‌ت ده‌بن تا دوا هه‌نگاو له‌ کۆنگره‌ی لایه‌نه‌که‌یدا ده‌نگی متمانه‌ی ده‌درێتێ و هه‌ر کاندیدێک ئه‌و ده‌نگی متمانه‌یه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنێت ناتوانێت ببێته‌ کاندیدی لایه‌نه‌که‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا.

له‌وێ نه‌ پێویست به‌ پرۆسه‌ و نه‌ پێویست به‌ خۆ ماندووکردن ده‌کات، که‌سی یه‌که‌می لایه‌نه‌که‌ جا ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و لایه‌نه‌ پێی قایل بن یان نا هه‌ر خۆی کاندیدی یه‌که‌م و بێ چه‌ندوچونه‌.

لێره‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا دارایی له‌ پاره‌به‌خشان بۆ لایه‌نه‌کان کۆده‌کرێنه‌وه‌ و لیژنه‌ی تایبه‌تی ژمێریاری هه‌ن بۆ دڵنیا بوون له‌ چۆنیه‌تی خه‌رجکردنی پاره‌ی کۆکراوه‌.

له‌وێ پێویست به‌ کۆکردنه‌وه‌ی دارایی ناکات له‌ پاره‌به‌خشان، به‌ڵکو خه‌زێنه‌ نهێنی و ئاشکراکانی لایه‌نه‌کان کراوه‌ن و به‌بێ ئاگاداری پسپۆڕانی ژمێریاری پاره‌ ته‌خشان و په‌خشان ده‌کرێت.

 

لێره‌ ئه‌ندامان و کارمه‌ندانی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن تا ئه‌و ڕۆژه‌ش که‌ هه‌ڵبژاردنی تیادا ده‌کرێت به‌شوێن زانیاریه‌کانه‌وه‌ن‌ و نه‌خشه‌ و پلان داده‌نرێن بۆ لێدوانه‌کان و ڕیکلامه‌کانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن.

له‌وێ پێویست ناکات زانیاری کۆبکرێنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌رنامه‌ڕێژی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن.  هه‌موو هونه‌ره‌که‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژوویه‌کدایه‌ که‌ مه‌رجیش نییه‌ هه‌مووی دروست بێت.

لێره‌ میدیا ناچێته‌ خزمه‌تی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ، به‌ڵکو هه‌میشه‌ به‌شوێن پرسیاره‌ گرنگه‌کانه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌شێت وه‌ڵامی کاندیده‌کان ببێته‌ هۆکار بۆ ئاڵ وگۆڕ له‌ ئه‌نجامه‌کانی ئه‌و ڕاوه‌رگرتنه‌ گشتیانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌کرێن.

له‌وێ کاندیده‌کان خۆیان خاوه‌نی میدیان و هیچ باکیان نییه‌ له‌و پرسیارانه‌ی میدیاکانی خۆیان ئاڕاسته‌یان ده‌که‌ن و هه‌رگیزیش وه‌ڵامی میدیاکانی ڕکابه‌ریشیان ناده‌نه‌وه‌.

لێره‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆره‌ که‌ناڵێکی میدیایی  لایه‌نگیری خۆی بۆ کاندیدێک ڕابگه‌یه‌نێت، مه‌رج نییه‌ بابه‌تێکی پۆزه‌تیڤانه‌ له‌سه‌ر کاندیدی ڕکابه‌ر بڵاونه‌کاته‌وه‌.

له‌وێ ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆره‌ که‌ناڵێکی میدیایی لایه‌نگیری خۆی بۆ کاندیدێک ڕاگه‌یاند ، ئه‌وا قه‌ده‌غه‌یه‌ دۆسته‌کانی ئه‌و که‌ناڵه‌ میدیاییه‌ش له‌ لایه‌نی ڕکابه‌ر نزیک ببنه‌وه‌ .

 

لێره‌ کاندیده‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ که‌مترین ماوه‌دا وتاره‌کانیان پێشکه‌ش بکه‌ن بۆ دڵنیاکردنی ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی هێشتا خۆیان یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه‌ بۆ ده‌نگدان.

له‌وێ کاندیده‌کان هه‌رچیه‌کیان بوێت ده‌یڵێن بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی چ جۆره‌ کاریگه‌ریه‌کی ده‌بێت به‌سه‌ر ده‌نگده‌ره‌وه‌.

لێره‌ کاندیده‌کان به‌ ته‌واوی به‌ لێدوانه‌کانی خۆیاندا ده‌چنه‌وه‌ ئه‌وجا ڕاگه‌یاندنی نوێ ده‌ده‌ن.

له‌وێ کاندیده‌کان ئه‌و ڕه‌واییه‌ش به‌ خۆیان ده‌ده‌ن به‌ پێچه‌وانه‌ی دوێنێشیانه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ن.

لێره‌ کاندیده‌کان ئاماده‌ن به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ک گفت و گۆ بکه‌ن.

له‌وێ  گفت وگۆی ته‌ن به‌ته‌ن  له‌ فه‌رهه‌نگی کاندیده‌کاندا هه‌رگیز بوونی نییه‌.

لێره‌ ئه‌گه‌ر کاندیده‌که‌ پۆستی سه‌رۆکیشی هه‌بێت ئاماده‌یه‌ بۆ گفت و گۆی ته‌ن به‌ ته‌ن له‌گه‌ڵ ڕکابه‌ره‌کانیدا.

له‌وێ ئه‌وه‌ی سه‌رۆک بێت دان نانێت به‌ ڕکابه‌ره‌کانیدا و به‌ ڕه‌وای نازانێت ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌.

لێره‌ له‌ پاش ئه‌و گفت وگۆ ته‌ن به‌ ته‌نانه‌ کاندیده‌کان سوپاسی یه‌کتر ده‌که‌ن بۆ ئاماده‌بوونیان له‌و جۆره‌ گفت وگۆیانه‌دا.

له‌وێ هه‌ر یه‌که‌ له‌ کاندیده‌کان یان نوێنه‌رانیان له‌ ڕاگه‌یاندنی خۆیانه‌وه‌‌ ده‌که‌ونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ و تاوانبار کردنی به‌رامبه‌ره‌کانیان.

لێره‌ کاندیده‌کان و لایه‌نگرانیشیان له‌ دڵه‌ڕاوکییه‌کی به‌رده‌وامدا ده‌ژین تاڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن.

له‌وێ پێویست به‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێی ناکات، هه‌ر له‌گه‌ڵ دیاریکردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، ڕێک ئه‌نجامه‌کانی زانراوه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر پێشتریش نه‌بێت.

لێره‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ته‌رخانه‌ بۆ به‌رنامه‌کانی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئاینده‌ی وڵات و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتیمانیه‌کان و سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی کاندیده‌که‌ باشترینه‌ بۆ وڵاته‌که‌.

له‌وێ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کرێت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و دۆسێکانی ئاسایشی نیشتیمانیه‌.

لێره‌ هه‌ڵبژاردن بۆ تۆکمه‌ کردنی پره‌نسیپه‌ دیموکراسیه‌کانه‌.

له‌وێ هه‌ڵبژاردن بۆ گاڵته‌جاڕیکردنه‌ به‌ دیموکراسی هه‌ژار و داماو.

لێره‌ وه‌ک چۆن کاندیدی سه‌رنه‌که‌وتوو له‌ هه‌ڵبژاردندا پیرۆزبایی له‌ سه‌رکه‌وتنی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌کات، ئاوه‌هاش کاندیدی سه‌رکه‌وتوو سوپاسگوزاریه‌تی چونکه‌ هه‌ڵمه‌تێکی سه‌رکه‌وتووانه‌ی هه‌ڵبژاردنی کردووه‌.

له‌وێ له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردندا، چه‌کدار و ئاسایش و شته‌کانی تریش ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی وڵات و هه‌موو شتێک ده‌خرێته‌ خزمه‌ت تۆقاندنه‌وه‌.

لێره‌ کاندیدی هه‌ڵبژێردراو سوپاسی هه‌موو ده‌نگده‌رانی وڵاته‌که‌ ده‌کات بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.

له‌وێ سوپاسکردن نییه‌ و چونکه‌ خه‌ڵک هه‌ن ده‌نگیان نه‌داوه‌ به‌ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو.

 

لێره‌ به‌رنامه‌ی کاری ئاینده‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌راندا دابه‌شده‌کرێت.

له‌وێ ده‌مانچه‌ و پاره‌ و فیشه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و چه‌قۆ و خه‌نجه‌ر و چاو سورکردنه‌وه‌ به‌ده‌نگده‌ران ده‌درێت.

لێره‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری له‌ ده‌نگداندا نه‌که‌یت، ده‌نگه‌که‌ت ده‌فه‌وتێت.

له‌وێ به‌شداری بکه‌یت یان نه‌یکه‌ت چوار پێنج که‌س هه‌ن ده‌نگت بۆ بده‌ن.

لێره‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگیش به‌ کاندیدی ڕکابه‌ر بده‌یت، ڕۆژی دوایی ده‌چیته‌وه‌ سه‌ر کار و فرمانی خۆت.

له‌وێ هه‌ر که‌ زانرا ده‌نگت به‌ لایه‌نی ڕکابه‌ر داوه‌ ، بۆ سبه‌ی که‌سێکی تر له‌ شوێنی کاره‌که‌ی دانراوه‌ و له‌وانه‌شه‌ پسوڵه‌ی خۆراکه‌که‌شی لێ ببڕدرێت.

لێره‌ کاندیدی هه‌ڵبژێردراو کار بۆ سه‌رله‌ نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ده‌کات له‌ ده‌نگدانی داهاتووی وڵاته‌که‌یدا.

له‌وێ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌کات.

لێره‌ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو ناتوانێت هیچ پۆستێک بۆ هیچ که‌سێک دابتاشێت.

له‌وێ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو به‌ ئاره‌زووی خۆی  پۆست‌ و دروستده‌کات و هه‌ر به‌ ئاره‌زوی خۆشی دابه‌شی ده‌کات.

لێره‌ لایه‌نگرانی کاندیده‌کان ئاهه‌نگ ناگێڕن تا ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن.

له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی یه‌که‌م که‌سدا ده‌ستده‌کرێت به‌ ئاهه‌نگ گێڕانی سه‌رکه‌وتن.

تۆ بڵێی ڕۆژیک له‌ ڕۆژان کاندیده‌کانی ئه‌وێ به‌ ئاشتیانه‌ ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن؟ یان داوا له‌ ڕۆژنامه‌وانێک بکه‌ن تا گفت و گۆیه‌کی ته‌ن به‌ ته‌نیان بۆ ڕێکبخات، یان به‌بێ ته‌خوینکردنی یه‌کدی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌به‌رن؟ به‌ سنگێکی فراوانه‌وه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن وه‌ربگرن ؟ یان ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هاوسۆزانیان و هاوبیرانیان و لایه‌نگرانیان و……هتد بکه‌ونه‌ تانه‌ و ته‌شه‌ر و گێچه‌ڵ پێهه‌ڵچنینی   لایه‌نی به‌رامبه‌ر؟ تۆ بڵێی ئه‌و ڕۆژه‌ بێت؟ تا هه‌ست به‌ بوون و ده‌نگی خۆمان بکه‌ین.  

 

 

 

 

97 Responses to “هه‌ڵبژاردن لێره‌ و له‌وێ”

  1. ده‌سته‌کانت خۆش کاک به‌ڵێن
    بابه‌ته‌که‌ت هه‌ر به‌راوردی نێوان کاندیده‌کانی ئێره‌ و ئه‌وێیه‌. بێ جێ نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌ر ورده‌ به‌راوردێکی ده‌نگده‌رانی ئێره‌ و ئه‌وێشت بکردایه‌.
    سه‌رکه‌وتوو بیت

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      ئه‌زیزم خه‌نده‌ ڕه‌ش، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جیاوازی له‌ نێوان ده‌نگده‌رانی ئێره‌ و ئه‌وێشدا هه‌یه‌، ده‌نگده‌ر لێره‌ خۆی ده‌نگده‌دات به‌ڵام وه‌ک له‌ به‌شێکیدا ئاماژه‌م پێکردووه‌ له‌وێ ئه‌گه‌ر نه‌شچێته‌ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان ئه‌وا خه‌ڵک هه‌ن له‌ بری ئه‌و که‌سه‌ ده‌نگبدات.

  2. تەنیا كوردی says:

    تەنیا كوردی-سەرنوسەری رۆژنامەی بانگ.
    دەست خۆش بەڵێن گیان ئەوەی كە لێرە ئاماژەت پێكردووە بە راستی رێك وایەو حەقیقەتە.
    من لە سەرەتای هەڵبژاردنی ئەمریكا تا كۆتای یەك چركە دانەبڕام بۆیە ئەو دیمەنانەی تۆ نوسیوتە رێك وایە، لەكاتێك لە هەڵبژاردنی كوردستانیش تا تەواو بوون ئاگاداریم هەبووە، بۆیە خۆزگە وەك تۆ ئاماژەت پێداوە لێرەش لە كوردستان ئەزمونی كوردستان دەگەیشتە ئەو رادەی كە تەنانەت وەك ئەمریكا یەك دەنگیش ساختە نەكرێت. وەك ئەمریكا سەرۆكەكان لە دیمانەی تیڤی یەكتر بخوێننەوە. دەنگدەران لەسەر پێوەری دۆسیەی گرنگ و لێهاتوی دەنگی خۆیان بدەن. كۆمسیۆن وەك ئەمریكا بێلایەن بێ . كاتێ كەسێكیش سەردەكەوێ خۆزگە وەك ئەمریكاو وتەكانی میت رۆمنی رۆحیەتی یەكتر قبۆڵكردن دەبووە پیشەی سیاسییەكانمان.
    ئەو بابەتە زۆر جوانەو جارێكی تر دەستت خۆش بێ.

  3. avan faris says:

    باوكم رووی له‌ شاخ كرد ئه‌مڕۆی بۆ من دروستكرد، ئه‌و ئازادی و سه‌ربه‌ستی نیشتمانه‌كه‌ی كرد به‌ هه‌وێنی كاره‌كانی، من ئه‌مڕۆ به‌ره‌وپێشبردنی وڵاته‌كه‌م له‌رێگه‌ی پیشه‌كه‌م.
    له‌دیدی من هیچ شتێك جێگر نیه‌ و چه‌قبه‌ستوو نیه‌،ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مه‌ریكا_م بینی
    به‌رهه‌می خه‌بات و سیاسه‌تێكی ورد و ته‌مه‌ندرێژی ئه‌م وڵاته‌یه‌،
    هه‌موو پرۆسه‌كان دیموكراسیانه‌ به‌رێوه‌ده‌چن، راگه‌یاندن رۆڵی خۆی هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌ به‌جۆرێكی دیكه‌،
    گه‌شبینم له‌ ئاینده‌ ئه‌وه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆم ببینم، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك هه‌ول َو كاره‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، گه‌شبین رۆژێك دادێت له‌ وڵاته‌كه‌ی من كاندیده‌ راسته‌قینه‌كان ده‌چنه‌ ناو ئاپۆرای خه‌ڵك و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر شیاوی ده‌نگی تۆ نین، ده‌نگ به‌ من مه‌ده‌،
    راگه‌یاندنیش رۆڵ له‌و پرۆسه‌ گرنگه‌ ده‌بینێت و ئازاد ده‌بێت له‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی كاندید و پرسیاری تاكه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی لێده‌كات.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      ئاڤان خان، سوپاس بۆ سه‌رنجه‌که‌ت، هیوادارم بیرکردنه‌وه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردن گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، یانی وه‌ها نه‌بێت که‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ر له‌ پێناو هه‌ڵبژردندا بکرێت، به‌ڵکو پێویسته‌ بچێته‌ خزمه‌ت به‌ها گه‌وره‌کانی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌. شادمانم به‌ گه‌شبینیه‌که‌ت.

  4. شوان سدیق: بابه‌تێكی سه‌رنج راكێشه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌ر به‌راورد ناكرێت.
    له‌وێ دیموكراسی و لێره‌ نا دیموكراسی، له‌وێ سه‌روه‌ری یاسا و لێره‌ یاسا بووه‌ به‌ گالته‌جار.. له‌وێ دین كاری خۆی ده‌كات لێره‌ نایه‌لێك كه‌س كاری خۆی بكات دێته‌ هه‌موو كارێكته‌وه‌.. خه‌ڵكی ئه‌وێ له‌ 1800كاندا هۆشیار بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می هێناوه‌ ئه‌مرۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌…..
    له‌ كوردستانیش خه‌ڵك هۆشیار نییه‌ و هه‌ڵبژاردنی خودی راسته‌قینه‌ی خۆی و حزب و كۆمه‌ڵگا نازانێت…… بۆیه‌ به‌بڕوای من ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م هاتووه‌ ئه‌مرۆ له‌ كوردستان به‌رئه‌نجام و به‌روبوومی خودی كۆمه‌ڵگایه‌

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاکه‌ شوان سوپاسی به‌شداریکردن و سه‌رنجه‌کانت ده‌که‌م

  5. Dindar Kocer says:

    Dest xosh kak Blen bo em raporte. be rasti sudmend bo
    system u revechona helbijartinen li USA gelleki bi rek u peki ye
    em hividarin rojeke li hemi welaten cihane bi vi rengi helbijartin ben amadekirin

  6. HEMN MAMRASH says:

    Dast xosh Kak Balen, hamu era u awekant zor zor jwana balam lahamuy grngtr u sarnj rakesgtr aw barawrdam zor balawa jwan bu:

    لێره‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری له‌ ده‌نگداندا نه‌که‌یت، ده‌نگه‌که‌ت ده‌فه‌وتێت.
    له‌وێ به‌شداری بکه‌یت یان نه‌یکه‌ت چوار پێنج که‌س هه‌ن ده‌نگت بۆ بده‌ن.

  7. بةكر رحمان says:

    دةستى كاك بةلين ساح خؤش بيت بةراستى بابةتةكةى زؤر سوودةخشة بؤ هةموومان بؤ ئةوةى تاكى كورديش فيرى ململانى و جونيةتى ريكلامى هةلبزاردن بيت ئةوةى تبينمان كردبيت بتوانين ئةزموونى كوردستانى خؤشةويستمان واى لى بيت بؤية دووبارة دةست خؤش بةو هيوايةن لة كارو نوسين رؤزنامةوانيةكانت بةردةوام بيت و هيواى سةركةوتن بؤ دةخوازين

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      سوپاس و پێزانینم بۆ وشه‌ جوانه‌کانت کاک به‌کر، هیوادارم توانیبێتم شتێکم کردبێت

  8. Diler Shaweys says:

    Destxosh ,her bijin,diyare ezmuni wilatani demukrasi berhemi mejuwe emesh pewiste sud le ezmunekanyan wergrin .Em nusine besheke lew hewlane bo sud wergirtin le ezmuni gelan.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      سوپاسی جه‌نابت ده‌که‌م دکتۆر دلێر بۆ به‌شداریت له‌م بلۆگه‌دا

  9. گۆران ئیبراهیم ئه‌حمه‌د says:

    سه‌ركه‌وتوو بیت و به‌هیوای‌ به‌رده‌وامی‌…

    هه‌رچی‌ له‌باره‌ی‌ ئێره‌وه‌ بڵێیت وایه‌… به‌داخه‌وه‌… هیوادارین رۆژێك كوردستان به‌هه‌مان ئه‌زمون و پرۆسه‌دا تێبه‌په‌ڕێت… ئه‌ڵبه‌ته‌ كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌و خۆرهه‌ڵاته‌ بۆگه‌نه‌ و هۆكار زۆرن كه‌ به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردندا…

    به‌ڵام له‌وێش میدیا كه‌وته‌ خزمه‌تی‌ سیاسه‌ته‌وه‌، رۆژنامه‌كانی‌ وه‌كو واشنتۆن پۆست و نیویۆرك تایمز، كه‌ جێگه‌ی‌ خۆیانیان له‌جیهاندا هه‌یه‌، كه‌وتنه‌ خزمه‌تی‌ ئۆباماوه‌ و به‌ئاشكرا پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ده‌كرد.

  10. دەستەكانت خۆش كاك بەڵێن بەراستی ئەو بەراوردە زۆر واقیعیانەیە، بەڵام كاندیدە سەركەوتوەكانی لای ئێمە تا دو سێ ساڵی دوای پرۆسەی هەڵبژاردنیش هەر لەدوژمنایەتی كردنی ئەو دەنگدەرانەن كەپشتیوانیان نەكردوە، وابزانم هیچ خاڵێكت نەهێشتۆتەوە، بەڵام تەنیا ئەوە دەلێم هەرگیز كاندیدی كورد ناتوانێ مونازەرەی تەلەفیزیۆنی تۆماركراویش بكات و بەرنامەكەی خۆی بخاتەروو، بۆ بەڵێنەكانیش بەدەنگدەران ئەوانە لای ئێمە تەنیا كاتییە و بۆ بانگەشەیە، دوای پرۆسەكە، پارلەمانتارێك بەنمونە لەدژی ئەو پرەنسیپانە دەنگ ئەدات كەخۆی لەسەری كاندید كراوە، بۆ مەسەلەی پارە و دەمانچە بەخشینەوە، ئەوە هەر لەكورد نابڕێ، كەسانێك هەن لەهەموو هەڵبژاردنێكدا هەموو جۆرە دیارییەك وەردەگرن و لەبەر سندوقەكەش دەنگی پێ نادەن و سەری كابرا بەتاشین ئەدەن، نمونەش زۆرە لەكوردستان، ئەوەی جێی سەرنج بو لای من و ئەمریكاییەكان، رۆژێك دەنگدان بوو بۆ بەیانی كەلەخەو هەستاین، من و ئەمریكاییەكان ئەنجامەكان ئاشكرا كران و رۆمنی پەیوەندی بەئۆباماوە كرد و پیرۆزبایی لێكرد، خۆزگە لەكوردستانیش وادەبوو بۆ قبولكردنی ئەنجامەكان، كاك بەڵێن سەرباری ئەوەش، سەرفكردنی پارەیەكی زۆر لەبانگەشەدا، ئێستاش شەقام و عەمودەكانی شار، پۆستەری دڕاوی هەڵبژاردنەكانی پێوەیە، ئایا لەئەمریكا ئەم جۆرە بانگەشانە هەیە؟
    لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و دەستخۆشیم بۆ بەرێزتان، بابەتەكە زۆر جوان و چڕ و پڕە، ئێمەش زۆر داخمان لەدڵدایە، خۆزگە بەرپرسانی هەرێم چاوێكیان بەو وتارەدا دەخشاندەوە….

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک هاوکار، پێشه‌کی سوپاسی به‌شداریت ده‌که‌م له‌ بڵاگه‌که‌مدا.
      مه‌سه‌له‌ی وتووێژی ته‌ن به‌ ته‌ن زۆر گرنگه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، به‌ تایبه‌تیش بۆ یه‌کلایی بوونه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران له‌وه‌ی پێویسته‌ ده‌نگ به‌ کام کاندید بده‌ن و دواتریش ئاشکرا بوونی به‌رنامه‌ی کاندیده‌کان و بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌که‌یان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کدی.

  11. Akram says:

    دەستتخۆش کاک بەلێن گیان سوپاس .. لێرەبێت یان لەوێ شێوازەکان و سیناریۆکان جیاوازن ئەگینا ناوەرۆکی چینایەتیان هەر یەکە! لە ئەمریکا خاوەن کۆمپانیاکان مسۆگەری ئەکەن کێ کاندیدەو بۆ کام ستراتیژی سیاسی و قازانج کێیان پێویستە ، بەڵام لە کوردستان کە بە پشتیوانی هەمان سیاسەتی ئەمریکا هاتون سیناریۆکە بەزەبری چەک و پارەی خاوەن کۆمپانیاکان راستەوخۆ و بێ پەردە کاردەکەن چونکە ناسەقامگیری سیاسی روالەتی ئابوری چینایاتی و دژە ئینسانیان ئەپۆشێت کاتێک ئەم روخسارە دەردەکەوەێت چیە روخسارێکی تر ئامادەیە بۆ شاردنەوەی بنچینەی چینایەتی ئەمەش بۆ ماوەیەکی مێژویی تر مسۆگەری بازاری سەرمایە بۆ بەگەرخستنی سەرمایە وقازانج و دورخستنەوەی لە مەرگو لەناوچون ئەپارێزێت…بەڵام کۆتایی جیاوازی ئێرەو ئەوێ پەیوەستە بە کۆتایی جیاوازی زۆری هۆشیاری چینایاتی زۆرینە چونکە هێشتا لە بەهێزترین ولاتانی دیموکراتی دونیادا مرۆڤەکان دەنگ لەسەر باش و باشتر نادەن بەلکو دەنگدانو پێشبرکێ لە نێوان کاندیدەکانی خراپو خراپتردایە چونکە ئەمە سروشتی نیزامی چینایەتیە…بەداخەوەم ئەم بابەتە لێکۆلینەوەی زۆرتری دەوێت تەنها بە سەرنج نوسین کۆتایی نایەت….سەرکەوتوبیت …

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک ئه‌کره‌م، پێم وانییه‌ لێره‌ له‌ جیهانی ڕۆژئاوادا خه‌ڵک له‌سه‌ر پره‌نسیپی چینایه‌تی ده‌نگ بده‌ن، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی به‌رنامه خزمه‌تگوزاریه‌کانی وه‌ک کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و ئابووری و هتد بڕیار ده‌ر ده‌بن. سوپاسی به‌شداریه‌که‌ت ده‌که‌م ئه‌زیزم.

  12. بيستون مةحةمةد سالح/باريزةر says:

    هةلبزاردن واتة بونى بايةيةكى كرنكى ديموكراسى ئيدى لة هةر كومةلكةيةكداو لة هةر سات و كاتيكدا بيت…. نةتةوةى هوشيارو هؤشمةند هةردةم (ديدكاو بةرنامةو بةيام و ئامانج و ستراتيزى)تايبةت بة خوى هةية… ئينتيما بؤ نيشتمان خالىيكى كرنكى ترة… باراستنى بةرزةوةندى كشتى لة ديدى ستراتيزى نيشتمانيةوة لةو بؤدةقةيةدا دةبينيين كة كاكة بةلين كردويةتى لةوتارةكةيدا…. دةست خوش بة هيواى زياتر….

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      به‌بێگومان کاک بێستون لێره‌ هه‌ستێکی سه‌یر و گه‌وره‌ و گران هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئینتیما به‌ نیشتیمانه‌وه‌ و ئه‌و ئینتیمایه‌ش لای ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و ئه‌وه‌ش که‌ له‌ ئۆپزسیۆندایه‌ وه‌ک یه‌که‌. ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی لای خه‌ڵکی سه‌ربه‌خۆش چه‌ندێک گرنگی هه‌یه‌، زۆر جار ئه‌وه‌م به‌رگوێ که‌وتووه‌ که‌ ده‌ڵێن ئه‌م بڕیاره‌ یان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ چه‌ندێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاینده‌ی وڵاته‌که‌دایه‌.

  13. مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی says:

    ده‌ست خۆش كاك به‌ڵێن… ئه‌م به‌راوردكاریه‌ له‌قوڵایی گرفته‌كانی ئێمه‌وه‌ ئه‌دویت و په‌نجه‌ت به‌هێمنی و لۆژیكی خستۆته‌ سه‌ر یه‌كێك له‌و گرفته‌ سیاسیانه‌ی كه‌ له‌نه‌ریتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ی سیخناخ كردوه‌ به‌ناشرینیه‌كانی خۆی…نوسین به‌م لۆژیكه‌ هێور و عه‌قڵانیه‌، له‌ئێستادا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، ته‌نانه‌ت بۆ بژارده‌ی ڕۆشنبیری ئێمه‌ پێویستی ژیان و مردنه‌، پێویستی مان و نه‌مانه‌… گه‌ر به‌م عه‌قڵانیه‌ته‌ بدوێین، بواره‌كانی لێك گه‌یشتن و له‌ویتر حاڵی بونمان لێ ده‌كرێته‌وه‌… به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ به‌و سایكۆلۆژیا گه‌رم و توڕه‌یه‌ی له‌كوردستان هه‌یه‌، هیچی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت … به‌ڵكو ململانێی سه‌خت له‌نێوان ده‌سته‌ڵات و خه‌ڵك و بۆچونه‌ ناته‌باكاندا قوڵتر ده‌كاته‌وه‌…
    ده‌ستخۆش و قه‌ڵه‌مت به‌بڕشت بێت… به‌رده‌وام به‌ به‌و سایكۆلۆژیا هێمنه‌ له‌ڕه‌خنه‌كردنی نه‌ریته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریه‌ دواكه‌وتوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ كوردی.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک مه‌شخه‌ڵ زۆر سوپاسی به‌شداریت و تێبینیه‌ جوانه‌کانت ده‌که‌م.

  14. خالید تەوەکولی says:

    دەسخۆش کاک بەڵێن. کۆمەڵگاکەمان زۆر پێویستی بە دیدی رەخنەگرانەیە بە تایبەت لە بواری فەرهەنگی دیموکڕاسیدا. لە جێگایەک بە هەڵە “گفتوگۆ” نووسراوە “فگتوگۆ”.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک خالید ی به‌ڕیز سوپاست ده‌که‌م و هه‌ڵه‌که‌م ڕاست کرده‌وه‌.

  15. مراد ئه حمه دی says:

    ده ست خوش كاك به لین ، مه تله بیكی زور باشه ،چاك تیشكت خستوته سه ر ،دوو تیروانین و بیركردنه وه ی ته واو لیك جیاواز.
    یه كه م ، ئه قل و مه نتق و شارستانیه تی له پشته ،ئی ئه مریكایه كانه ، ئینسان له زه تی لی ده با له م شیوه هه لبژاردن و فه رهه نگه .
    دوو هه میشیان به داخه وه سیستمی دواكه وتویی و دور له مه نتق وخو به زل زانی ونه خویندنه وه ی به رانبه ر و هه رل دان بۆ له ناو بردن و شكاندنی به رانبه ریه تی ،كه لای خومانه !!!
    تا ئه و ئه قلیه ته ی لای خومان نه گوری ، قه ت ئاشتی سه قامگیر و ئازادی و كلتوری یه كتر قه بول كردن و پیكه وه حاوانه وه ، بونیات ناندری . هه ر ده به دبه ختی و ژیر چه پوكی دا ده مینینه وه .
    جیاوازیه كانت زور جوان خستوته به چاو ، هه ر بژی ، ده گه لت هاورام .
    برات : مراد ئه حمه دی

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک موراد، سوپاسی به‌شداریه‌که‌ت ده‌که‌م و هیوادارم بتوانین مشتێک بخه‌ینه‌ سه‌ر خه‌رمانی به‌ره‌وپێشچونی کۆمه‌ڵگاکه‌مان.

  16. hussain said says:

    ئه وه ى له ناخى تودايه هه ركيز له بيركردنه وه ى كانديده كان و حزبه كانيشياندا بوونى نيه بويه ئه م وولاته به ره وبيشجوون له بوارى روشنبيريدا به خويه وه نابينيت بشكيكيش له و نه هامه تيه تاوانى كومه لكاى تيدايه كه بى خه به رن له هه لبزاردن له دنياى ده ره وه . جارى ماومانه به ته رازووى ئه وان ئا زادى به رجه سته كه ين له هه لبزاردندا ده ست خوشيت لى ده كه م ته واو بيكاوته ج كانديدو حزب ج كومه لكا

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک حسێن گیان، هیوادارم وه‌ها نه‌بێت چونکه‌ تۆکمه‌کردنی ڕۆشنبیری دیموکراسی لای به‌رپرسه‌کان و پاشانیش لای خه‌ڵک زۆر گرنگن بۆ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌کانی به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵگا.

  17. هونەر تۆفیق says:

    ئەزیزی من ئەوێ ئەمەریکایە و ئێرە کوردستانە .. لەوێ جەمکی هەڵبژاردن لە ماناکانی ئازادیەوە سەرچاوەی گرتووە ، ئازادی لەوێ کاتێک هەیە ئیرادە هەبێت ، ئازادی بێ ئیرادە بوونی نیە و مەسولیەتیشە .. ئاخر ئێمە کەی تەحەمولی ئەرکەکانی ئازادی دەکەین ، هیچ شتێک هێندەی تەسلیمبوون ڕاحەت و سەرسوک ناکات ، بەڵام ئازادی سەریەشەی زۆرە و ئەرکە نەک سیفەت .. لەوێ ئازادی فەردیە و لێرە جەماعیە ، لەوێ ئازادی مافە و لێرە مانای ڕزگاری یە ، تا ئێستەکە ئازادی و ڕزگاری هێندە تێکەڵاون جیامان نەکردونەتەوە ، لەوێ ئیرادە ئازادی دروست دەکات ، لێرە ئیرادە دڵشاد گەرمیانی و فەتوا بەرهەم دەهێنێت ، لەوێ ئازادی خەڵک فێری هەڵبژاردنی تەندروست دەکات ، لێرە ئازادی خەڵک فێری خواردنەوەی عارەق و مێ بازی دەکات ، لەوێ هەڵبژاردن ( ئیختار) لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا بە کۆمەڵێک ئاشنا دەبێت ، لێرە هەڵبژاردن تەنیا لە نێوان ( اما شکورا ، اما کفورا ) یە ، واتە لێرە چەمکی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە لە نێوان باش و خراپدا یەکێکیان یان کافر یان ئیماندار ، یان ڕەش یان سپی ، یان ڕاست یان درۆ ، وەک تۆمەت وەک ساغکردنەوە بەلایەکدا دێت نەک وەک سیاسەت و بەرنامە و پلانەکانی .. دەست و خامەت بەرەکەت .

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک هونه‌ری ئازیز، له‌ هه‌رچ شوێنێکی جیهاندا بێت دیموکراسی هه‌ر دیموکراسیه‌ و پره‌نسیپه‌کانی هه‌ر هه‌مان پره‌نسیپن، به‌ڵام کاتێک گۆڕانکاریه‌ک له‌و پره‌نسیپانه‌دا ده‌کرێن پێویسته‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت ، مه‌خابن ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌کرێت به‌کارهێنانێکه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت.

  18. دلشاد كاوانی . رۆژنامه نووس و چاڵاكوانی كۆمه ڵی مه ده نی says:

    ورده سه رنجێك له سه ر بابه تی “هه‌ڵبژاردن لێره‌ و له‌وێ “ی به ڵین سالح له ده نگی كوردی ئه مریكا

    دڵشاد كاوانی
    رۆژانامه نوو س و چالاوكوانی مه ده نی

    ئه وه ی راستی بێت من بابه ته كه ی كاك بڵێنم خوێنده وه؛ زۆر وردبینانه و راستگۆیانه به روردی باسی پرۆسه ی هه ڵبژاردنی كردوه له دوو وڵاتی جیادا كه ئاسمان ورێسمانی به ینه؛ هه رچه نده ئێمه له ولاتانی سێدا له سه راتایی ترین پرس داین كه ده سه ڵات له رێگای سندوقی دنگه وه بگوازرێته وه.
    من له گه ل سه رجه م بۆ چونه كانی كاك به ڵێن دام به ڵام من ده مه وێ هه ندێ شت بخه مه ژێر رۆشنای نوو سینه كه م دیاره كاك بڵێن به وردی به دوا داچونی بۆ چۆنیه تی به رێوه چونی هه ڵبژاردنه كانی هه ردوو وڵات كردوه بۆیه وستویه تی سه رجه م له مپره كان بخاته روو. ته نیا من سه رنجم له سه ر چه ند برگه یه ك هه یه به و پێیه ی كه چ وه ك رۆژانامانوسێك و یاخود وه ك تۆری چاودێری رێكخراوێكی نا حكومی من مه یدانی به شداری سه رجه م پرۆسه كانی هه ڵبژاردنه كانی كوردستانی عیراقم كردوه.
    كاك به لێن جیاوازیكانی هه ڵبژاردنه كانی عیراق و ئه مریكای به چه ند خالێك روون كردۆته وه و ئه و خالانه ی كه باسی كردوه ده لێ
    1- ” له‌وێ پێویست ناکات زانیاری کۆبکرێنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌رنامه‌ڕێژی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن. هه‌موو هونه‌ره‌که‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژوویه‌کدایه‌ که‌ مه‌رجیش نییه‌ هه‌مووی دروست بێت”بۆ كۆكردنه وه ی هه ڵبژاردن له دواین هه ڵبژاردن دا كاندیدانی عیراقی هه ڵمه تێكی له و جۆره یان هه بوو به تایبه ت پارتی سیاسی به لام زۆر لاواز بوو.
    2-له‌وێ پێویست به‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێی ناکات، هه‌ر له‌گه‌ڵ دیاریکردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، ڕێک ئه‌نجامه‌کانی زانراوه‌، ئه‌مه‌ یان له دواین هه ڵبژاردن وه ك فۆرمێكی دیاری كراو به هۆی بونی ۆپزسیۆنێكی كارامه و تازه ئه نجامه كانی هه ڵبژردن چاوه روان كراو نابوو بگره دله رواكێ به ئه ندزه یه ك تاكو تێكچونی ئستقراری سیاسیشی لێكه وته وه وه ك سوتاندنی باره گاو هێرشكردنه سه ر یه كتر.
    3-لێره‌ کاندیدی هه‌ڵبژێردراو سوپاسی هه‌موو ده‌نگده‌رانی وڵاته‌که‌ ده‌کات بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
    له‌وێ سوپاسکردن نییه‌ و چونکه‌ خه‌ڵک هه‌ن ده‌نگیان نه‌داوه‌ به‌ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو.
    له كاتی ده رچونی مسعود بارزانی وه ك سه رۆكی هه رێمی كوردستان سوپاسی هه مو ئه وانه شی كرد كه دنگیان پێنه داوه’ به ڵام جیاوازیه كه لێره دایه كه هیچ ده نگده رێك موتمانه ی به م سوپاس كردنه ی نه بوو كه ده نگیان پێنه داوه یاخود به فێلێكی سیاسیان ده زانی و هیچیتر.
    4-له‌وێ هه‌ر که‌ زانرا ده‌نگت به‌ لایه‌نی ڕکابه‌ر داوه‌ ، بۆ سبه‌ی که‌سێکی تر له‌ شوێنی کاره‌که‌ی دانراوه‌ و له‌وانه‌شه‌ پسوڵه‌ی خۆراکه‌که‌شی لێ ببڕدرێت. له برگه ی یه ك می خاڵه كه دا ئه مه یه كێك له به هێزیرین چه كی حزبه فه رمان ره واكان بوو بۆ وه ده ست هێنانی كورسی به كاریان هێناوه وبی ده یان نمونه ی زندوومان هه یه و خستومانه ته به ر ده ست رێكخراوه جیهانیاكان به لام له برگه ی دووه می خاڵه كه كاك به ڵێن پشتی به بیر كردنه وه ی ده نگده ر به ستووه واتا ده نگده ری عیراقی تا ئێستا وه ك پێوست هۆشیاری هه ڵبژاردنیا ن نیه بۆیه زۆر جار لیستی ده سه لات وه ك فشارێك بۆ سه ر دنگ ده ران بۆ به رژه واندی كاندیده كه یان ئه م شا ئعه یان بلاو ده كرده وه ؛ بۆیه پێوست بوو كاك به ڵێن ئاماژه ی به مه كردبایه چونكه له ئه سڵدا هیچ نمونه یه كی له م جۆره له عیراقدا تۆ مار نه كراوه تا ئێستا كه فۆرمی خۆراكی برابێت
    4- لێره‌ کاندیده‌کان ئاماده‌ن به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ک گفت و گۆ بکه‌ن.
    له‌وێ گفت وگۆی ته‌ن به‌ته‌ن له‌ فه‌رهه‌نگی کاندیده‌کاندا هه‌رگیز بوونی نییه‌.

    له سه ر ئه م خاڵه گرنگه ده مه وێ ئه وه بڵێم كه به داخه وه ئه هه سته نیشتمانییه نییه لای ئێمه یاخود به واتاییه كی تر دۆران لای ئێمه وه ك شه رمه زاریه كی گه وره سه یر ده كرێت بۆیه كاندیدان ناتوانن رو به روو له گه ل یاك بكه ونه موجاده له’
    “به ڵام وه ك مه هزه له یه كی سیاسی نمونه یه كی زۆر سه یرتان بۆ دێنمه وه كه خۆم ئاماده بووم له وێ له هه ڵبژاردنه كانی سه رۆكایه تی مسعود بارزانی یه كێك له به هێزترین كاندیدانی سه رۆكایه تیه كه بوو كه باشترین شانسی سه ركه وتنی هه بوو هه رواش ده رچوو كه سه ر كه وت به سه ر ركابه رانی له هه ڵبژاردنه كه دا.
    له یه كێك له ئاهه نگه كانی بانگهێشه ی هه ڵبژردندا له شه قلاوه كاندیدێكی تری سه رۆكایه تیكه هاتبوو بۆ ئه و ئاهه نگه ی كه لسته كه ی مسعود بارزانی ركابه ری سازی كردبوو ئه و كاندیده خۆی گۆرانی بێژبوو تاراده یه ك لایه نگرانی له سه ر جه م لیسته كانداهه بوو دوای ئه وه ی كه بارزانی وتاره كه ی خۆی پێشكه ش به ئاماده بوان كرد.
    ژماریه كی زۆر له گه نجه ئاماده بوه كان كه بینیان ئه و كاندیده گۆرانی بێژه له وێ ئاماده یه به وتاف كێشان و چه پڵه وه ده یان گوت بژی فاخیر هه ریری كه ناوی كاندیده كه بوو به زۆر خستیانه سه ر ملی خۆیان و هێنایانه سه ر مه سره ح ئه وش له وحاڵه تدا كه زانی رو به روی هه ڵویستێكی سه خت بۆ ته وه چونكه مسعود بارزانی كاندیدی به هێزترین حزبی ده سالاتی كوردستانه بۆیه ده ستی كرد به گۆرانی گوتن و پیا هه ڵدانی كاكندیده ركابه ره كه ی له كاتێكدا خۆشی كاندیدی هه مان پۆست بوو ئیتر بوو به فیكه و چه پله لێدان ره نگه كاندیده گۆرانی بێژه كه نا هه قی نه بوبێت چونكه له كوردستاندا ئه مه یاری كردنه به ئاگر”.
    له كۆتایدا ماوه بڵێم خۆزگه كاك بڵێن باسی دوو شتی تریشی ده كرد له ولاتانی دنیادا یاسا ورێكخستنی ده سته ی هه ڵبژاردنه كان هه ڵبژرادنكان بۆ به رژوه ندی هاموو لایه ك دابێت به لام تا ئێستا له ولاتی ئێمه بۆ به رژه واندی به شێك له كاندیدان و حزبی ده سه لات رێك ده خرێت.
    هه روه ها رێكخراوه نا حكومیاكان بۆ خزمه ت كردنی پرۆسه كه وه ك چاودێری به شداری هه ڵبژاردنه كان ده كه ن به لام لای ئێمه وه ك مه ترسیه ك یاخود رێگری له رۆلی رێكخراوه كان ده كرێت و به مه ترسیان ده زانن بۆسه ر خۆیان.

    ئه وه ی ماوه بڵێم تا ئێستا ئه نجامه كانی پرۆسه ی هه ڵبژردن له كوردستاندا له به رژه وه ندی حزبی ده سه ڵات دا ته واو بووه ؛ به پێی ئه و ئه زمونه ی كه هه مانه باورناكه م گه ر هاتوو ئه نجامی هه ڵبژاردنه كان پێچه وانه بوو نه وه ئه وه به ئاسانی ده سه ڵات له رێگای سندوقه كانی هه ڵبژردنه وه بگوازرێته وه.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک دڵشاد، سوپاسی بێپایانم بۆ تێبینی و سه‌رنجه‌کانت و هیوادارم به‌رده‌وام تێبینی و سه‌رنجه‌کانت له‌م بڵاگه‌دا ببینم.

  19. دڵشاد كاوانی says:

    دڵشاد كاوانی
    رۆژانامه نوو س و چالاوكوانی مه ده نی

  20. Kosar Chewar says:

    Dest xoş kak Belén. Be rasti berawrdéki rewa w druste le néwan helbıjardnekani ema w Emrika. Em nusine eweman bir dexatewe ka éma çend péwistman beweye ke be xomanda bçinewe bo ewey btwaniın be rasti le manay dimukrasiyet tébgeyn. Dubare dest xoş

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک کۆسار گیان، سوپاسی بێپایانم به‌ به‌شداریت له‌ بڵاگه‌که‌مدا. جێی پێزانینه‌.

  21. ئاخــر ئەوێ ئـامریـکــــــــایه و ئێـرەش قــوڕدستــــــان!

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک عه‌دنان، بمبه‌خشه‌ نازانم که‌ نوسیوته‌ قوردستان ، ئایا هه‌ڵه‌ی چاپه‌ یان به‌ مه‌به‌ست وه‌ها ده‌ڵێیت، ئه‌گه‌ر به‌ مه‌به‌سته‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌ی به‌ڕێزتاندا نیم، کوردستان نابێت به‌ قوڕستان ناوی به‌رین، ئه‌گه‌ر واش بێت ده‌با پێکه‌وه‌ بیکه‌ینه‌وه‌ به‌ کوردستان. ئه‌زیزم هه‌موومان پێکه‌وه‌ به‌هێزین.

  22. ئەنوەر قادر رەشید says:

    دەست خۆش بەراوردێکی جوانە، هەرچەندە من ناتوانم بڵێم لێرەو لەوێ، چونکە ئێستا لە هیچ لایەکیان نیم بۆیە هەر لەسەر ئاماژەکانی خۆت ئەڵێم ، لەوێ هەڵبژاردن بۆ خۆ نواندنە و هیچ بایەخێکی نیە، چونکە نەک هەر (سی ڤی) ان نیە بەڵکو لە هەندێ جاردا شەرم ئامێزە و ئەوەندەی باس لە خەبات و تفەگچێتی و کوشتن ئەکرێ لە سەدا یەکی ئەوە باس لە توانای ئەکادیمی و توانای بەڕێوەبردنی وڵات ناکرێ، وڵاتیش نەک ئاشی نەزانە و خوا ئەیگێڕێ بەڵکو ئاشی خوایەو نەزان ئەیگێڕێ

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک ئه‌نوه‌ر گیان، به‌شداریه‌که‌ت جێی پێزانینه‌ و سوپاست ده‌که‌م.

  23. كارزان محمود says:

    ده‌ست خۆش كاك به‌ڵێن به داخه وه بۆ ئه‌ وێ
    له‌وێ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو به‌ ئاره‌زووی خۆی پۆست‌ و دروستده‌کات و هه‌ر به‌ ئاره‌زوی خۆشی دابه‌شی ده‌کات

  24. Kaziwa says:

    Kaka Giyan Babateki Sarnj Rakesho Pr Manaya Lawey To Estash Danalenin Ba Dangi Tazwirawa Ba Baxshini Paraw Ba Nardni Sayarawa Agar Sarish Nakawtin Abin Ba Opozision

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کازیوه‌ خان سوپاست ده‌که‌م و هیوادارم به‌رده‌وام به‌شداربیت به‌ ڕاو سه‌رنجه‌کانت له‌م بڵاگه‌مدا.

  25. Awat says:

    Barasti babateki zor bashtan nusiwa dastan xosh bet

  26. Abbas says:

    ئه‌زیزم پێم وایه‌ ناكرێت به‌راوردی‌ زلهێزترین وڵاتی‌ دونیا به‌ نیمچه‌ ولاتێكی‌ ژێر ده‌سته‌ به‌ چوار دراوسێی‌ دوژمنه‌وه‌ به‌راورد بكرێت پێم وایه‌ ئه‌م كێشه‌كه‌یه‌ ئه‌كینا ئێمه‌ش حه‌زمان ده‌كرد دیموكراسیترین وڵات بوینایه‌ خۆش گوزانترین وڵات بوینایه‌ به‌ڵام چیبكه‌ین قه‌در وای‌ ویستوه‌

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک عه‌باس، نازانم چۆن ئه‌و ڕه‌وایی به‌و جیاوازیکردنه‌ بده‌م له‌ ده‌مێکدا دیموکراسی لێره‌ بێت یان له‌وێ هه‌ر دیموکراسیه‌ته‌.

  27. soran75 says:

    بةراورديكى جوان و ئةكاديميانةىة بةراستى من زؤر سةرسامم بة وةى كة ركةبةريك ئةدؤريت يةكسةر دانى بيائةنيت و بيرؤزبايى لةوى تر ئةكات

  28. دەستخۆش کاک بەڵێن بەراوردێکى جوانە

  29. Salam Rasheed Sadq says:

    kak Balen sllaw
    anjami hallbzjardnakan lay xoman tanha xatai aw kasu sarkrdanana nia ka xoyan kandid dakan yan rastr ka hizb kandidyan daka , ballku asti barprsyarati dangdarakanish la asti birkrdnawai sarokakana. chunka awan ba aqlleki pashkoyana u badayati dachna naw prosai hallbzjardnawa, nawaku ba hoshyariaki ha ba barprsyariyati, boya anjamakanish bamshewaya bardawam dabe. harwaha wllati la marr xoman ba ramaki u alla xwai prosaka barewa daban kachi lalai ewa dazgakani dawllat karakan dakan u barnamai bo dadanen .xalleki dikash lay xoman booni haya sarkrdakan am jora bazarrayan pe xosha nayanawe bazaraka aram bet u beta sar xat. chunka am rawsha la barzjawani manawayan daya. boya zor zahmata tawaku chndin sallidikash ema bgaina aw astai %50 i awan jebaje bkain . jarekidikash dastakant xosh bo am nusina waqiebinanayat.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک سه‌لام سوپاست ده‌که‌م بۆ تێبینیه‌که‌ت، ته‌واو هاوڕای به‌ڕێزتم له‌وه‌ی که‌ ده‌نگده‌رانیش پێویسته‌ ڕۆشنبیری گونجاویان هه‌بێت به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن. ئه‌مه‌ش به‌ ڕێژه‌ی زۆرتر که‌وتۆته‌ سه‌ر ڕێکخراوه‌کانی تایبه‌تن به‌ مافه‌ سیڤیڵیه‌کان و هه‌روه‌هاش میدیا. ده‌ستخۆشیت لێده‌که‌م بۆ به‌شداری کردنت.

  30. به‌ڕاستی زۆر بوێرانه‌و ڕاستگۆیانه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ت نوسیوه‌، جێگای ده‌ست خۆشیه‌و گرنگی پێدانه‌، چونکه‌ هه‌موو ڕاستیه‌کانت وتوه‌ که‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت، هیوادارم به‌رده‌وام بیت له‌ نوسینی ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌و هه‌وڵ بده‌ی بۆ میدا کوردیه‌کانیشی بنێری بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بتوانن ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌ ببینن. دوباره‌ سه‌رکه‌وتو بیت

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      زۆر سوپاس کاک توانا ، هیوادارم هه‌میشه‌ بتوانم جێی متمانه‌ی به‌ڕێزت و خه‌ڵکی خۆت ئاسا بم.

  31. سەرکەوت مەجید تارۆ says:

    کاکە بەڵێن گیان،
    هەر لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکەیانەوە زۆر بە ووردی لە هەموو هەنگاوێکیان وورد دەبوومەوە، هەموو ووتەیەکیانم شرۆڤە دەکرد، ئەوەی بینیم، بیستم بۆ هەوڵی بەرەو پێشبردنی ووڵات بوو، ئەو ووڵاتەی بە مێژوویەکی کەمەوە لە سەرەتاوە سوودیان لە چاکەکاریان وەرگرت و کەم وکوڕیەکانیان کرد بە دەرسێ تا بتوانن دووبارەی نەکەنەوە.
    بۆ من لە هەمان کاتدا خۆشی و ناخۆشی بوو، خۆشی بوو چوونکە ئێستا لێرە دەژیم کەواتە لە خزمەتی منیشدایە، هەروەها ناخۆشیەکی یەجگار گەورەش بوو، چوونکە هەموو ( ئەوێ )کانی بەرێزتان کە لەم ووتارە بە پێزەدا بە دیارتان خستووە؛ وایە، مۆتەکەیەکی ڕەشی زەبەلاحە، وا زوو ناڕەوێتەوە.
    دەست خۆش

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاکه‌ سه‌رکه‌وت گیان سوپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌م بۆ به‌شداریت و تێبینی دانت له‌م بڵاگه‌دا.

  32. محەمەد ڕەحیم کەریم says:

    دەست خۆش کاک بەڵین .
    بەراوردێکی جوانت کردووە ! بەلام ئەگەر دەسەڵات و پلەو پایەی ئەومانەی لای خۆمان لە کوردستان وەک ئەوانەی ئەوێ بوبایە و سیاسەتی دنیایان ئاراستە بکردایە ئەو کات جی دەبوو !؟؟؟!!

  33. محەمەد ڕەحیم کەریم says:

    دەست خۆش کاک بەڵین .
    بەراوردێکی جوانت کردووە ! بەلام ئەگەر دەسەڵات و پلەو پایەی ئەمانەی لای خۆمان لە کوردستان وەک ئەوانەی ئەوێ بوبایە و سیاسەتی دنیایان ئاراستە بکردایە ئەو کات جی دەبوو !؟؟؟!!

  34. سەرکەوت مەجید تارۆ says:

    کاکە بەڵێن گیان،
    هەر لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکەیانەوە زۆر بە ووردی لە هەموو هەنگاوێکیان وورد دەبوومەوە، هەموو ووتەیەکیانم شرۆڤە دەکرد، ئەوەی بینیم، بیستم بۆ هەوڵی بەرەو پێشبردنی ووڵات بوو، ئەو ووڵاتەی بە مێژوویەکی کەمەوە لە سەرەتاوە سوودیان لە چاکەکاریان وەرگرت و کەم وکوڕیەکانیان کرد بە دەرسێ تا بتوانن دووبارەی نەکەنەوە.
    بۆ من لە هەمان کاتدا خۆشی و ناخۆشی بوو، خۆشی بوو چوونکە ئێستا لێرە دەژیم کەواتە لە خزمەتی منیشدایە، هەروەها ناخۆشیەکی یەجگار گەورەش بوو، چوونکە هەموو ( ئەوێ )کانی بەرێزتان کە لەم ووتارە بە پێزەدا بە دیارتان خستووە؛ وایە، مۆتەکەیەکی ڕەشی زەبەلاحە، وا زوو ناڕەوێتەوە.
    دەست خۆش.

    • بلند مستةفا says:

      كاك بەڵێن خوێندنەوەیەكی باشی واقیعی سیاسی كوردستان كردووە، بەڵام لای ئێمەش لە 1992 تا 2012 واقیعی سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر گۆڕاوە..

      • به‌ڵێن ساڵح says:

        کاک بڵند هیوادارم وه‌ها بێت و ئه‌و گۆڕانانه‌ی که‌ به‌ڕێزتان باسی ده‌که‌یت به‌ ئاڕاسته‌ی تۆکمه‌ کردنی پرۆسه‌ی دیموکراسیدا بێت. سوپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌م.

  35. بةختيار شارةزورى says:

    دةستة كانت خۆشبێت كاك بةلين هيوادارين ئاكادارمان بكةيتةوة لة نوسينةكانت

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاکه‌ به‌ختیار گیان، به‌چاوان و چاوه‌ڕوانم له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێکی نوێدا ڕا و سه‌رنجی خۆشت به‌ خوێنه‌رانی ئه‌م بڵاگه‌ و به‌ خۆشم ڕابگه‌یه‌نیت.

  36. دەستەکانت خۆش بێت.
    دەبێ بێت رۆژێک بێت هەست بە بوونی خۆمان بکەین. ئەمانە تا هەتایە بەم شێوەیە بۆیان ناچێتە سەر!

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      دڵنیابه‌ کاک هه‌ڤاڵ ، ئه‌و کاته‌ی هه‌ست به‌ بوونی خۆمان ده‌که‌ین ئه‌وه‌ یانی دیموکراسی به‌رقه‌راره‌.

  37. وێڕای ده‌ستخۆشی بۆ ئه‌و وتاره‌ جوان و به‌پێزه‌، تاكه‌ شتێك كه‌ به‌رده‌وام بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌كه‌ كه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسی حیزبه‌كانی (ئێره‌) كوردستان، له‌ (ئه‌وێ) ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ژیاون و بۆ چه‌ندین ساڵ ئه‌زمونی ئه‌و وڵاتانه‌یان بینینوه‌، كه‌چی (لێره‌) به‌ عه‌قڵیه‌تی شاخ و كلتوره‌ خێڵه‌كیه‌كه‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، به‌ ده‌گمه‌ن نمونه‌یه‌كی جوانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكامان بۆ ده‌هێننه‌وه‌..

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      ئه‌زیزم ئه‌وه‌ پرسیارێکی زۆر ڕه‌وایه‌ ، هه‌موو له‌ ده‌ره‌وه‌ وابه‌سته‌ی ته‌واوی یاسا و ڕێساکانن به‌ڵام له‌وێ مه‌خابن وه‌ک بڵێی مه‌به‌ستیان بێت یاسا پێشێلبکه‌ن.

  38. سوران كةزنةيى says:

    ده‌ست خۆش كاك به‌لين ئه‌وه‌ى لاى ئيمه‌ روو ده‌دات گالته‌ كردنه‌ به‌ هه‌ست و نه‌ستى خه‌لك و داهاتووى ميلله‌تيك جونكه‌ مه‌به‌ست ليى كه‌ورة كردنى كه‌سيك و به‌ پيرۆز كردنيه‌تى وه‌ هيج كاتيك بنه‌ماكانى ديموكراسى له‌ هه‌لبژاردن لاى ئيمه‌ به‌دى ناكريت وه‌ هه‌موو كاتيك له‌ رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست هه‌لبژادن به‌ ماناى به‌هيزكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى پايه‌ى سه‌رۆك وبياوانى ناو ده‌سه‌لات ديت بۆيه‌ هه‌ر كه‌سيك بيه‌ويت بيته‌ ناو ئه‌م بروسه‌يه‌وه‌ ئه‌وا وه‌ك تومه‌تباريك سه‌ير ئه‌كريت و نيشانى خةلك ده‌دريت.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      جا کاک سۆران گیان، پێویسته‌ کار بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ڕوانیناه‌ بکرێت له‌ڕێی ڕێکخراوه‌کانی داکۆکی له‌ مافه‌ سیڤیڵیه‌کان ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵگا له‌ گرنگی و به‌های ئه‌م ڕێخراوانه‌ ئاگادار بکرێته‌وه‌. سوپاسی سه‌رنجه‌که‌ت ده‌که‌م.

  39. کاکه‌ به‌ڵێن دوای ده‌ستخۆشی ،منیش بابه‌تێکت بۆ ده‌گێرمه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی له‌ رۆژنامه‌کاندا بڵاوم کردۆته‌وه‌
    19-5-1992 یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن له‌کوردستان کرا ، کۆمه‌ڵێ رۆژنامه‌نوسی بیانی هاتبوونه‌ کوردستان بۆ تێگه‌یشتن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ، ئێمه‌ش چوین تا نه‌ڵێن ئه‌م گه‌له‌ بێرۆژنامه‌ نوسه‌ ،چاوپێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ هه‌ندێکیان کرد که‌ رۆژنامه‌نوسێکی فه‌ره‌نسی بوو، پێم ووت ووتم من تۆ هاوپیشه‌ین ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ هه‌ڵسه‌نگاندت چیه‌ بۆ ئه‌م سه‌ره‌تا دیموکراسیه‌ی ئێمه‌ هه‌نگاوی بۆ ده‌نێین ، هه‌روه‌ها پێم ووت ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یبینی من ناتوانم بیبینم ، چونکه‌ منیش خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته‌م وپه‌روه‌رده‌ی ئه‌م نه‌رێت و کلتوره‌م ،جگه‌ له‌وه‌ منیش ئه‌گه‌ر بێمه‌ فه‌ره‌نسا ئه‌وه‌ی من ئه‌توانم بیبینم تۆ ناتوانی بیبینی ، له‌وه‌ڵامدا باوه‌شی لێدام وزۆر خۆشحاڵ بوو به‌ قسه‌که‌م ، به‌لام دوای زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کردو ووتی به‌راستی ئه‌وه‌ی له‌ گه‌له‌که‌ی تۆدا ده‌یبینم پێچه‌وانه‌ی هه‌موو جیهانه‌ ، منیش وه‌ڵامه‌که‌یم زۆر لاسه‌یربوو ،ووتم ئه‌و پێچه‌وانه‌یه‌ چیه‌ ، ووتی له‌ هه‌موو جیهان له‌کاتی هه‌ڵبژاردندا حزب و کاندیده‌کان ڕاده‌کات به‌دوای خه‌ڵکدا ، به‌لام لێره‌ خه‌ڵك راده‌کات به‌دوای حزب وکاندیده‌کاندا ،مه‌به‌ستی له‌شه‌ره‌ په‌رۆو هاتو هاوری خه‌ڵك بوو ، جا براکه‌م ئێمه‌ چه‌نده‌ها ساڵه‌ ده‌مانه‌وێ لتوری شه‌ڕه‌ په‌رۆ که‌م که‌ینه‌وه‌ که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گوازرایاوه‌ بۆ مناڵه‌کانیش ،

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      برای ئه‌زیزم کاک بێبه‌ش گیان، ئه‌و نوسینه‌ی به‌ڕێزتان بابه‌تێکی زۆر به‌سووده‌ و وه‌ک پێشنیازێک بۆ به‌ڕێزتان تکایه‌ له‌ ده‌می هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکدا ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوبکه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ پێی گوتوویت یانی ده‌بێت خه‌ڵک بزانێت که‌ هه‌ر خۆی خاوه‌ن بڕیاره‌ نه‌ک کاندیده‌کان. ده‌ستخۆش و زۆر سوپاس.

  40. hiwa arif aziz says:

    به‌راستی ئه‌وه‌ی که‌توده‌یلێیت وایه‌ ئه‌مانه‌ی ئیمه‌ قه‌ت وایان لێ نایه‌ت له‌ جیاتی به‌شێوه‌یه‌کی جوان بان گێشتی هه‌لبزاردنت که‌ن ده‌چن ده‌ مانجه‌ت پێشکه‌ش ده‌که‌ن له‌زۆرشوێندا باسی دیموکراسیم بۆده‌که‌ن یاخوود ماڵه‌وماڵ ده‌ گه‌رێن له‌ زه‌رفێکدا 100هه‌زاریان تێ کردوه‌ ده‌ڵێن به‌سه‌رمان کردنه‌وه‌ تووخوا ئه‌مه‌ جێگای پێکه‌نین نیه‌ …… سوپاس بۆ به‌رێزت بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ جوان و پووخته‌ ته‌مه‌ن درێز بیت هیوای له‌ش ساخیت بۆ ده‌خوازم هه‌ر سه‌رکه‌وتوبیت

  41. saman R says:

    dast xosh kaka balen gyan ,, barastiyy babatikiyy zor grngu ,, zor bajiya ,, bahiwam btwaniyyt bardawam ,, baw shiywa jwana bo ziyyter wshyar krdnawyy komallga ,,, ,,,dubara dast xosh kak balen gyan ,,,

  42. kashma ghafwr says:

    dastt xosh.zor bawrdy lekt dawatawa dast xosh .

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاشما خان سوپاست ده‌که‌م و به‌شداریه‌کانت هه‌میشه‌ جێی پێزانینن.

  43. nooradeen says:

    ده ست و جاوت خؤش كاكه به لين بؤ ئه و به راورده ى له نيوان ئيره و ئه وى دا ئه نجامت داوه ، به راستى وورده كارانه بؤجون و جياوازيه كانت خستؤته روو به هيواين ئيمه ش له كوردستان بكه ينه ئه و ئاسته ى نه ك ته نها له هه لبزاردنه كان روويه كى جوان و شارستانيانه نيشانى دونيا بده ين بة لكو ئوميد ده كه ين له سه ر سه رجه م ئاسته زيارييه كاندا بكه ينه ئه وه ى كه ئه كه ر ململانيش هاته بيش بزانين جون و بؤ ج ئه نجاميك ململانى ده كه ين جؤن و به ج ريكه و بؤجوونيك جوانترين ئاكار ده به خشينه وه و جؤن له كؤتايى ئه نجامه كاندا خزمه ت به كه ل و نيشتمان و دوا رؤزى نه ته وه كه مان ده كه ين .. خؤزكه ئه و رؤزانه زووتر دينه بيش و ئاوه زو هزرى كورديش كاملآنه تر به ى به و ري و ريجكانه ى كه يشتن به سه ركه وتن به رى … ئيوه ش هه ر سه ركه وتوو سه رفراز بن ..

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک نوره‌دین هه‌ڵبه‌ت سوپاسم بۆ به‌ڕێزته‌ بۆ به‌شداریت و ئه‌وه‌ هیوای هه‌مووانه‌ که‌ له‌و هه‌رێمه‌ سێ پاریزگاییه‌دا بتوانرێت نمونه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ بێته‌ ئاراوه‌ نه‌ک ئه‌و گاڵته‌قینه‌یه‌ی باسی لێوه‌ ده‌کرێت.

  44. خه بات جه زا says:

    ئه مانه ى توى ئازيز نوسيوتن زوربه ى خوينه وارى كورد ئه ى زانى له كه ل سوباسا بو ئه وانه ى ناى زانين به لام ئه وه ي كرنكه و له ئيوه ي نوسه رو روشه نبير داوايه جونيتى جاره سه ر كردنى ئه م كيشانه يه جونكه ئيوه ى ئازيز ئه توانن بكولنه وه له جونيه تى كه يشتنى ئه وان به و بله يه وه نزيكن له و دوكيومينتانه ى ميزوى ئه وان له كه ل ريزما بوتان

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک خه‌باتی ئازیز، چاره‌سه‌ر زۆرن، له‌ سه‌روو هه‌مووانه‌وه‌ وازهێنانه‌ له‌ ڕوانینی سه‌رکه‌وتوو و ژێرکه‌وتوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ئاشنا بوونه‌ به‌وه‌ی براوه‌ی یه‌که‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ خۆیه‌تی ، ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندنه‌ بۆ ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای سیڤیڵی تا بتوانن ڕۆشنبیری هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان بڵاو بکه‌نه‌وه‌ ، هوشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ بایه‌خی ده‌نگدان و هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌و ژینگه‌یه‌ی که‌ ده‌بێت حیزبه‌ باڵا ده‌سته‌کان له‌ بری خه‌ڵک بڕیار بدات. زۆر سوپاسی به‌ڕێزت ده‌که‌م بۆ به‌شداریت له‌م بڵاگه‌دا و جێی پێزانینه‌.

  45. Niyaz Abdulla says:

    Aziz Kake Belen, dest xoshit le dekem bo nusini ew berawrd karye wrde le newan prosey helbjardnekani Kurdistan u wilayete yekgrtuwekani Emrika.
    Eger chi mn serncm leser helbjardni Komaryekan u Dimukratekan heye le chwarchewey ew prose dimukrasyey Emrika, ke tenya du Hizbi siyasi bala le milmlanedan. Hkumranekani Heremi Kurdistan xewn be dimukrasyetewe debinn be be ewey amade bn destberdari stemkari bn le Wlat. Stemkari hkumrani Heremi Kurdistan rengdanewey zor ashkray beser prosey helbjardnekani Kurdistan heye.
    Bo ewey eme le Kurdistan bibine xawen proseyeki helbjardni shefaf, debet Hizbe siaysyekani Kurd be deng u helbjardey rasteqiney Gel razi bn nek le bri ewan deng be xoyan bden wata saxtekari le dengi dengderanda bken. Hkumranani Heremi Kurdistan boewey pshtiwani newdewleti bedest bhenn layani kem debet be pechewaney reftarekani Hkumranani pesh xoy le Iraq mamele legel Hawlatyanida bkat.

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      نیاز خان زۆر سوپاست ده‌که‌م بۆ سه‌رنجه‌کانت ، هیوادارم به‌رده‌وام به‌ تێبینیه‌کانت ئه‌ن بڵاگه‌م ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌یت.

  46. shko says:

    وێراى سڵاو رێزو خۆشه‌ويستى بێ كۆتايم بۆ هه‌موو هاوڕێيان:
    ئاماژه‌كردن به‌جياوازييه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌لبژاردن له‌نێوان ئيمه‌و ئه‌مريكاو هه‌رشوێنيكى ئه‌م جيهانه‌دا، درك كردنه‌ به‌و پيويستييه‌ حه‌تمييانه‌ى كه‌ئێمه‌ لێره‌ پيويستمان پيێانه‌، سه‌ربارى مه‌وداى به‌رينى ئه‌و هه‌موو جياوازييانه‌ى له‌نيوانماندا هه‌يه‌، ئاسووده‌م به‌وه‌ى زۆر له‌خه‌ڵكى كوردستان ئه‌زانن كه‌وا ماويانه‌ بگه‌نه‌ سه‌رترۆپك و لوتكه‌ى ديموكراسي، ماده‌م نمونه‌ جوانه‌كانى پياده‌كردنى ده‌سه‌ڵات و مافه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانى خۆمان له‌به‌رچاوه‌ دڵنيام له‌داهاتوودا ئامانجه‌ مه‌زنه‌كانمان دێنه‌دى به‌مه‌رجێك كه‌ سه‌ربارى كۆسپ و ئاسته‌نگه‌كان كۆلنه‌ده‌ين و نه‌سره‌وين و به‌رده‌وامبين بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ژيانيكى مۆديرن و هاوچه‌رخ كه‌ببێته‌ وه‌رچه‌رخانيكى زۆر زۆر باشترو جوانتر له‌هى ئيستا ، سه‌ر بارى روونى ئامانجه‌كانيش كاتيش رۆڵى به‌رچاوده‌بينێت له‌هاتنه‌دى هه‌موو خه‌ون و ئوميدو خواسته‌كانمان……

  47. زانا گه‌ڵاڵی says:

    ده‌ست خۆش بابه‌تێکی زۆر گرنگه‌، ئاماژه‌ت داوه‌ به‌ به‌شی زۆی جیاوازییه‌کانی ئێره‌و ئه‌وێ، دیاره‌ ئه‌و جیاوازییانه‌ش هه‌ر به‌ته‌نیا به‌ هۆی جیاوازی له‌ سیسته‌می ده‌سه‌لاتی سیاسییدا نییه‌، به‌ڵکو ئاستی ڕۆشنبیری تاکیش ڕۆڵ ده‌بینێت، بۆنموونه‌ وه‌ک به‌رێزت ئاماژه‌ت پێداوه‌ له‌ ولاتێکی وه‌ک ئه‌مه‌ریکا ڕه‌نگه‌ لێدوانێکی کاندێدێک وا بکات کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌بێت، به‌لام له‌ کوردستان ئه‌گه‌رلێدوانێکی له‌مشیوه‌یه‌ هه‌بێت باش بێت یان نا ؟ جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆی به‌رگری لێده‌کات و جه‌ماوه‌ری ڕکابه‌ره‌که‌شی به‌پێجه‌وانه‌وه‌ . دووباره‌ ده‌ست خۆش و هه‌ربژی

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک زانا گیان، هاوڕای به‌ڕێزتانم و سوپاس و پێزانینم بۆ به‌شداریه‌که‌ت.

  48. خةلةف غةفور says:

    هةلبزاردن بيش ئةوةى ئةنجامدانى بيويست و كرنك بيت و هييزة سياسييةكان جةخت لةسةر ئةنجامدانى بكةنةوة، بيويستى بةزةمينةسازى و هوشيارى هةية، هؤشيارى تاك بناغةى سةرةكى بنيادنانى سيستميَكى سياسى ديموكراسيية كة لةريكاى هةلبزاردنةوة وةكو ميكانيزميكى سةردةميانةى كونجاو براكتيك ئةكريت.
    بةداخةوة لة كوردستان هةلبزاردن ئةكريت لةكةل ئةوةى تيكةيشتنيكى تةندروست نيية بؤ ثرؤسة و سيستمةكة، بنةماى دةنكدان برؤزة نيية بةلكو ئينتيمايةكى ميزووكردة كة زؤرجار تاكةكانى كؤمةلكا كيرؤدةين. كولتوورى سياسى ئيمة كولتووريكى شؤرشكيرانةية، تاوةكو ئيستايش بيركردنةوةى سياسييانة مالة باب و باوان بريار ئةدات دةنك بةكى بدرى.
    جياوازييةكان كة باستكردووت هةمويان وان، بةلآم ئةبيت تاكةى ئاوابين؟ كيَ بةربرسة لة تيبةراندنى ئةو واقيعة تالة؟ دةورى راكةياندن و ريكخراوةكانى كؤمةلكاى مةدةنى جيية؟
    باوةرناكةم حزبى كوردى بيةويَت كؤمةلَكا ئةو بيركردنةوةية تيبةرينيت، جونكة بةشيكى هيزى ئةو حزبانة لةو بيركردنةوة دؤكمايانةوةية، هيزى ئةوان لة ميزووداية نةك ئيَستا، بيركردنةوةى كؤن زياتر خزمةت بةوان ئةكات.
    ئةكةر جاوةريى ئةوان بين ئةوا هةر لةو بازنة زيانبةخشةدا ئةخوليينةوة، بيويستة هةوليكى جددي بدريت بؤ تيبةراندنى ئةم قؤناغة ئةكينا ئايندةيةكى برشنكدار جاوةروانمان ناكات.
    دةستةكانت خؤش كاك بةلين

  49. تارا توانا says:

    دەستت خۆش بۆ شیکاریەکی وورد لەسەر بابەتێکی گرنگ لە جیاوزی لئرەو لەوێ! بەداخەوە کە هەرێمی کوردوستان تا ئێستا سیستەمی ووڵاتانی نادیموکراتی عەرەب وەک مودێلێک بەکاردەهێنێت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. من زۆر تینوی هەڵبژاردنێکم لای ئێمە کە گفتوگۆبکرێت لە جیاوازی سیاسەتی ڕاست و چەپ، بۆ نمونە کام حزب یان کاندید نوێنەرایەتی چینی کرێکاران و هەژاران دەکات وە بەرنامەو ستراتیژی داهاتووی چیە بۆ کۆمەڵگا. بەداخەوە زۆرمان ماوە…

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      تارا خان سوپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌م بۆ به‌شداریت و هیوادارم شته‌کان له‌وێ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو و بنه‌ڕه‌تی گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت.

  50. amin says:

    kak baleni aziz spas zor poxt o gonjao bo balam pem waye kurd dabe bo ba jihani krdni halabjao anfal dabe projai kaltori habet wako roman, teater, honar ka ala asti jihanye darbkawet

Leave a Reply

بۆ یه‌کتر ناسین:

ساڵی 1961 له‌ شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستانی عێراق له‌دایک بووم ، ئه‌و کاته‌ باوکم له‌و شاره‌دا فه‌رمانبه‌ر بوو.
هه‌ر به‌هۆی کارکردنی باوکمه‌وه‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییم له‌ شاری شه‌قڵاوه‌ ی پارێزگای هه‌ولێر ته‌واو کردووه‌ ، پۆلی دووش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و دواتر له‌ خوێندنگاکانی بێکه‌س و گۆران له‌ شاری سلێمانی قۆناغی سه‌ره‌تاییم ته‌واو کرد.
قۆناغی ئاماده‌ییم له‌ هه‌ردوو ئامادیی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری سلێمانی و دواناوه‌ندی ڕانیه له‌ شاهری ڕانیه‌ی بناری کێوه‌ڕه‌ش‌ خوێندووه.

دوا قۆنا‌غی خوێندنیشم له‌ به‌غدا ، له‌ په‌یمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕه‌سافه‌ ته‌واو کرد.
له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ، سه‌ر و سه‌ودام له‌گه‌ڵ نوسیندا په‌یداکرد و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شیعر به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ لێم.
خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی مه‌حوی لای من تام چێژێکی سۆفیانه‌م ده‌داتێ ، که‌ ڕێک و ڕه‌وان ده‌مکاته‌ ده‌روێشێکی حاڵ گرتوی ناو ئه‌م خانه‌قا پاکیزه‌ییه‌ی شیعر.
له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ستم کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژنامه‌ گه‌ری و له‌ ژماره‌یه‌ک گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کارم کردووه‌.
له‌ ساڵی 1996 دا هه‌وارم گواسته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و لێره‌ش له‌ مانگی 12ی ساڵی 1999 وه‌ کارمه‌ندم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا.

مه‌به‌ست له‌م بلۆگه:

ڕووداوه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا زۆرن ، هه‌ریه‌که‌شیان به‌ جیا هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیانن‌ و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن ، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕووداوانه‌ ده‌بنه‌ بابه‌تێک بۆ گفت و گۆکردن و دیالۆگێکی هاوبه‌شی نێوانمان. له‌م بلۆگه‌مدا ، هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌موو جارێک بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌رم و گوڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش بخه‌مه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ ، پێکڕا بیانکه‌ینه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گفت و گۆیه‌کی سیڤیلیانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌ بیر و بۆچوونی یه‌کتر و دوور له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر یه‌کدی. هه‌ر ڕاو بۆچونێکت هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێ له‌و بابه‌تانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌مدا ده‌خرێنه‌ ڕوو ، یان هه‌ر پێشنیازێکیشت هه‌بێت ، به‌وپه‌ڕی سنگ فراوانیه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرم و به‌ به‌شێک له‌ گه‌شه‌کردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ی داده‌نێم بۆ پێکهێنانی زمانی لێکتێگه‌یشتن. له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێکیشدا هێنده‌ی بکرێت به‌ گفت و گۆ و دانانی ڕاو بۆچونه‌کان و ته‌نانه‌ت گرته‌ی ڤیدیۆییش بلۆگه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. تێبینی و بۆچونه‌کانی ئێوه‌ش ده‌شێت ببنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ بکرێت و ئه‌و تێبینیه‌ی هه‌ته‌ ببێته‌ هه‌وێنی گفت و گۆیه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆتدا له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ و ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌دا دایده‌نێێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕوانینه‌کانت کراوه‌ ده‌بن بۆ قسه‌ له‌سه‌ر کردن له‌لایه‌ن میوانه‌کانی بلۆگه‌که‌وه‌. چاوه‌ڕوانی هیممه‌تتانم.

Categories