هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی: ئێران گۆڕه‌پانی مینه(لوغم)‌ بۆ نوسه‌ر

Posted May 23rd, 2011 at 1:03 pm (UTC-5)
Leave a comment

خه‌ڵاتی ڕێکخراوی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ بۆ ساڵی2011  درا به ‌ هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی ڕۆژنامه‌وانی ئێرانی له‌به‌ر نوسینی بیره‌وه‌ڕا‌کانی به‌ ناوی “نامه‌کان بۆ ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی دام: ئه‌ڤین، شۆڕش و زیندانیکرانم له‌ ئێران.”  ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌درێته‌ ئه‌و که‌سانه‌ی خزمه‌تی بێ وێنه‌یان کردووه‌ له‌ بواری مافه‌کانی مرۆڤ، ده‌سته‌ڵاتی یاسا و چه‌سپاندنی داد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ- لقی ئه‌ڵمانیا، وه‌ له‌ 19ی مانگی سێی ئه‌مساڵدا له‌ شاری بۆن، ئه‌سه‌دی گرتووی سیاسی پێشوو وتارێکی پێشکه‌ش کرد. ئه‌و گوتی،” سه‌خت نیـیه‌ ببیت به‌ نوسه‌ر له‌ کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هه‌روه‌ک ئه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر مه‌یدانی میندا بڕۆیت. به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ک ئاسانتره‌ به‌سه‌ر میندا بڕۆیت و بکوژرێت.

بۆ سه‌لماندنی قسه‌کانی باسی به‌سه‌رهاتی خۆی کرد و گوتی” من لاو بووم و عاشقی ئازادی بووم. من ئه‌ڤینداری وڵات و ئه‌ده‌بیات بووم.  من له‌ خه‌یاڵم دا وابوو که‌ ده‌کرێت جیهان بگۆڕیت. من له‌و باوه‌ڕه‌دابووم ‌ڕۆژێک دێت که‌ عه‌شق حوکم به‌سه‌ر ژیاندا ده‌دات.  به‌و ئاواته‌ به‌شداریم له‌ شۆڕ‌شی 1979 دا کرد، وام ده‌زانی ئازادی سه‌ر ده‌که‌وێت. هه‌موو که‌س نانی ده‌بێت بیخوات وه‌ زۆرداری ته‌نیا له‌ مۆزه‌خانه‌دا ده‌ستده‌که‌وێت.

به‌ڵام له‌ ناکاو خۆم له‌ دۆزه‌خ دیته‌وه‌.  بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، تاکه‌ که‌سی به‌ چاوی خۆم بینیم ئه‌و که‌سه‌ بوو پـرسیار و وه‌ڵامی له‌گه‌ڵدا ده‌کردم. ئه‌و نازناوی “براده‌ری هه‌بوو.  باوه‌ڕی پڕ له‌ قینه‌ی ئه‌و له باوه‌ڕی ئاینی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتبوو. ئامێره‌کانی پێی بوون قامچی و که‌له‌مچه‌ بوون. ژیانم له‌وێ له‌‌ ده‌ست براده‌ره‌کاندا بوون به‌ تایبه‌تی هی که‌سێک به‌ ناوی ‘براده‌ر حه‌مید’  هه‌رچیـیه‌کم کردبایه‌ ده‌بوایه‌ ئیزنم له‌و وه‌رگرتایه‌.  ئه‌و خۆی به‌ خاوه‌نی ته‌وای هه‌موو مافه‌کان ده‌زانی و‌ به‌رگری له‌ ڕژێمی ‘پیرۆز’ ده‌کرد. ئه‌و منی به‌ خایین، سیخوڕ و بێ ئه‌خلاق ده‌زانی. ئه‌و هێمای خودا و من هی شه‌یتان بووم. من ده‌بووایه‌ دانم به‌ هه‌ر شتێک هێنابایه‌ که‌ ئه‌و داوای ده‌کرد. منیش کردم.

له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا هۆشم له‌ خۆ ده‌چوو، له‌و شه‌و و ڕۆژانه‌ی له‌ سه‌قفی ژوره‌که‌دا هه‌ڵواسرابووم…  بۆم نه‌بوو بخه‌و‌م. ته‌نانه‌ت ناچارکرام پیسایی خۆم بخۆم.‌ سه‌ره‌نجام دانم پیانا.

من له‌ نوسه‌رێکه‌وه‌ کرام به‌ که‌سێکی جێگای زۆر ڕق و کینه‌. من ناچار کرام له‌ شێوه‌ی سه‌گ بڕۆم و بوه‌ڕێم. ئه‌سه‌دی گوتی ئه‌وه‌ به‌شێکه‌ له‌و‌ بیره‌وه‌ریانه‌ی نووسیومه‌ به‌ ناوی،”نامه‌کان بۆ ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی دام.”

هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی که‌ شه‌ش ساڵ زیندانی کێشا له‌ گرتووخانه‌کانی کۆماری ئیسلامیدا ، باسی یه‌که‌م دادگایی کرانی خۆی له‌ ماوه‌ی 6 خوله‌کدا ده‌کات که‌ له‌ کۆتاییدا 15 ساڵ زیندانی بۆ بڕاوه‌ به‌ڵام دواتر له‌ هاوینی 1988، بۆ دووهه‌م جار دادگایی کراوه‌، ئه‌م جاره‌یان یه‌ک خوله‌کی خایاند.

ئه‌و ده‌ڵێت دادوه‌ره‌کان 3 پرسیاریان له‌ تاوانبارکراوه‌کان ده‌کرد.

– ئایا هێشتا باوه‌ڕت به‌و شته‌‌ ماوه‌ که‌ له‌ ڕابردوو پێت هه‌بوو؟

– ئایا کۆماری ئیسلامیت قبوڵه‌؟

– ئایا نوێژ ده‌که‌یت و ئایا په‌ێڕه‌وی له‌ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ده‌که‌یت؟

هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی ده‌ڵێت منیش درۆم کرد. بۆیه‌ درۆم کرد تا زیندو بمێنمه‌وه‌.

ئه‌وه‌ بو که‌ له‌ پاش شه‌ش ساڵ ئازادکرا. دواتر بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ ژیر چاودێری بوو. ئه‌وه‌ بوو حه‌وت ساڵ له‌وه‌پێش له‌ ئێران ده‌رچوو،‌ ئێستا دانیشتوی فه‌ڕه‌نسایه‌. ئه‌و  گوتیشی” به‌داخه‌وه‌ باره‌که‌ له‌ ئێران ئه‌مڕۆ زۆر زۆر خراپتره‌ له‌وێ منی تێدابووم. ئه‌مڕۆکه‌، ئه‌شکه‌نجه‌ زیندان و‌ مه‌رگ، زمانی سه‌ره‌کی ئه‌و که‌سانه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆماری جه‌رده‌کارانیان له‌ده‌ستدایه‌.

خوێنه‌ری به‌ڕێز،

به‌سه‌رهاتی ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ر هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی ده‌ڵته‌زێن به‌ڵام که‌م وێنه‌ نیـیه‌.  ڕای ئێوه‌ چیـیه‌؟ ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ چ ‌کاردانه‌وه‌ی لای ئێوه‌ سازدا؟ به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خۆشت گرتووی پێشو بیت له‌ گرتووخانه‌کانی ڕژێمدا؟

سکاڵای گرتووانی سیاسی ژن له‌ ئێران له‌ خه‌راپی باری گرتووخانه‌ی قرچک وه‌رامین

Posted May 10th, 2011 at 5:22 pm (UTC-5)
Leave a comment

به‌ پێی ماڵپه‌ڕی ‘ کلمه‌’ گرتووانی سیاسی ژ‌ن که‌ له‌ ڕۆژانی ڕابردوو بۆ گرتووخانه‌ی قرچک‌ وه‌رامین گواستراونه‌ته‌وه‌ نامه‌یه‌کیان بۆ ڕای گشتی ئێران و ناوه‌نده‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ سه‌رتانسه‌ری جیهان بڵاوکردۆته‌وه. ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌رچه‌نده‌ پێشتر له‌ گرتووخانه‌ی ‘ ڕه‌جایی شهر’ له‌ بارێکی یه‌کجار زۆر ناخۆشدا بوون به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ گرتووخانه‌ی قرچک وه‌رامین ده‌بینن ناچێته‌ خه‌یاڵ و هزری مرۆڤ و ئه‌م باره‌ “به‌دووره‌ له‌ که‌رامه‌تی مرۆڤ‌” وه‌ ده‌ڵێن له‌ خۆمان پرسیار ده‌که‌ین باشه‌ له‌ چ ‌شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا‌ هێندێک پیاوی باتوم به‌ده‌ست ده‌کرێن به‌ پاسه‌وانانی ژنانی به‌ندکراو به‌ ئامانجی لێدان.
ئاسۆ ساڵح ڕۆژنامه‌وان و بزاڤکاری مافه‌کانی مرۆڤ ئێستا له‌ سوید ده‌ژیت باسی باری خه‌راپی گرتووخانه‌کانی ئێران ده‌کات.  ئه‌و ده‌ڵێت هێشتا دیار نیـیه‌ چه‌ند که‌س بۆ ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ژماره‌که‌ له‌ 150 که‌سه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ 600 که‌س که‌ گوایه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م ژنانه زۆربه‌ی‌ له‌ گرتووخانه‌ی ڕه‌جایی شار بوون که‌ پاش داخرانی بۆ  قرچک-ی‌ وه‌رامین گوازرانه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت به‌ پێی بنه‌ماڵه‌ی گرتووه‌کان، ئه‌وه‌ی که‌ بچوکترین په‌یوه‌ندی به‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ هه‌بێت له‌و‌ێ وه‌به‌رچاو ناگیرێت.

به‌ بۆچونی ئێوه‌ ئایا کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ‌ده‌توانێت کارێک بکات بۆ باشترکردنی باری گرتووخانه‌کانی ئێران؟ یا خود به‌ هاواری گرتووانه‌وه‌ بچێت و له‌م باره‌ ناخۆشه‌ رزگاریان بکات؟

ئاسۆ به‌م شێوه‌یه‌ وڵامی پرسیاره‌که‌ ده‌داته‌وه‌.

سکاڵای گرتووانی سیاسی ژن له‌ ئێران له‌ خه‌راپی باری گرتووخانه‌ی قرچک وه‌رامین

Posted May 10th, 2011 at 1:57 pm (UTC-5)
Leave a comment

به‌ پێ ماڵپه‌ری ‘کلمه‌’ گرتووانی سیاسی ژ‌ن که‌ له‌ ڕۆژانی ڕابوردو بۆ گرتووخانه‌ی قرچک‌ وه‌رامین گواستراونه‌ته‌وه‌ نامه‌یه‌کیان بۆ ڕای گشتی ئێران و ناوه‌نده‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ سه‌رتانسه‌ری جیهان بڵاوکردۆته‌وه. ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌رچه‌نده‌ پێشتر له‌ گرتووخانه‌ی ‘ ڕه‌جایی شهر’ له‌ بارێکی یه‌کجار زۆر ناخۆشدا بوون به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ گرتووخانه‌ی قرچک وه‌رامین ده‌بینن ناچێته‌ خه‌یاڵ و هزری مرۆڤ وئه‌م باره‌ “به‌دووره‌ له‌ که‌ڕامه‌تی مرۆڤ‌” وه‌ ده‌ڵێن له‌ خۆمان پرسیار ده‌که‌ین باشه‌ له‌ چ ‌شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا‌ هێندێک پیاوی باتوم به‌ده‌ست ده‌کرێن به‌ پاسه‌وانانی ژنانی به‌ندکراو به‌ ئامانجی لێدان.

ئاسۆ ساڵح ڕۆژنامه‌وان و بزاڤکاری مافه‌کانی مرۆڤ ئێستا له‌ سوید ده‌ژیت باسی باری خه‌راپی گرتووخانه‌کانی ئێران ده‌کات.  ئه‌و ده‌ڵێت هێشتا دیار نیه‌ چه‌ند که‌س بۆ ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ژماره‌که‌ له‌ 150 که‌سه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ 600 که‌س که‌ گوایا گوازراونه‌ته‌وه‌. به‌لام ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م ژنانه زۆربه‌ی‌ له‌ گرتووخانه‌ی ڕه‌جایی شار بوون که‌ پاش داخرانی بۆ  قرچک-ی‌ وه‌رامین گوازرانه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت به‌ پێ بنه‌ماڵه‌ی گرتووه‌کان، ئه‌وه‌ی که‌ چکۆله‌ترین پێوه‌ندی به‌ مڕۆڤایه‌تی وه‌ هه‌بێت له‌و‌ێ وه‌به‌رچاو ناگیرێت.

به‌ بۆچونی ئێوه‌ ئایا کۆمه‌ڵگای ناونه‌ته‌وه‌یی ‌ده‌توانێت کارێک بکات بۆ باشتر کردنی باری گرتووخانه‌کانی ئێران؟ یا خود به‌ هاواری گرتووانه‌وه‌ بچێت و له‌م باره‌ ناخۆشه‌ رزگاریان بکات؟

ئاسۆ به‌م شێوه‌یه‌ وڵامی پرسیاره‌که‌ ده‌داته‌وه‌.

باڵوێز ڕایس: ئه‌مریکا به‌ڵگه‌ی له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی ئێران له‌ سه‌رکوتکردنه‌کان له‌ سوریا داهه‌یه‌.

Posted April 27th, 2011 at 1:15 pm (UTC-5)
1 comment

باڵوێزی ئه‌مه‌ریکا سوزن ڕایس له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ده‌رنگانی سێ شه‌ممه‌ گوتی ئه‌مه‌ریکا به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانی چالاکی ئێران بۆ حکومه‌تی سوریا له‌ سه‌رکوتکردنی زۆر خه‌راپ و قێزه‌وه‌نی خۆنیشانده‌رانی ئاشتیخواز.  ڕایس گوتی ” له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی گوێ له‌ خه‌ڵکی خۆی ڕابگریت، سه‌رۆک ئه‌سه‌د بێ بنه‌ما و ناڕه‌وا‌ لۆمه‌ی بێگانه‌کان ده‌کات و له‌هامانکاتدا داوای یارمه‌تی ئێران ده‌کات بۆ سه‌رکوتکردنی وڵاتیانی سوریا به‌همان شێوازی دڵره‌قانه‌ی له‌ لایه‌ن ڕژێمی ئێران به‌کار هاتووه‌.”

ده‌مڕاستی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌وی ئێران ڕامین مهمانپه‌ره‌ست ڕه‌تی ئه‌وه‌ی داوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌مانه‌ شه‌ڕی ڕه‌وانی و پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌مه‌ریکان.”

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ چوارشه‌ممه‌ و ه‌ به‌ پێ ئاژانسی ده‌نگو باسی فڕانس پرێس، وه‌زیری ده‌روه‌وی میسر ڕای گه‌یاند مانگی داهاتوو چاوی به‌ هاوتای ئێرانی ده‌که‌وێت تا باس بکه‌ن چۆن لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوی له‌ پێوه‌ندیه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات که‌ زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ ئاڵۆز بووه‌‌ هه‌ڵبده‌نه‌ه‌وه‌.

شایانی باسه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ وڵاتانی ژێر ده‌ستهه‌ڵاتی سوننه‌ له‌ هه‌رێمی که‌نداو—عه‌ره‌بستانی سعودی، به‌حرێن،ئیماراتی یه‌کگرتوی عه‌ره‌ب، کوێت، قه‌ته‌ر و عمان له‌ چه‌ندین هه‌فته‌ی ڕابوردو نیگه‌رانیان سه‌باره‌ت به‌ ئێران ده‌ربریوه‌ وه‌ تاوانباریان کردووه‌ به‌ ده‌ست تێوه‌ردان ده‌ کاروباری ناوخۆیان.

پرسیار بۆ تۆی به‌ڕێز، باشه‌ چۆن ڕۆڵی ئێران هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت له‌ هه‌كسوکه‌وت کرد‌ن له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌کانی ناوچه‌که‌؟ ئایا ئێران به‌م سیاسه‌ته‌ی ده‌خوازێت سه‌رنج له‌ کێشه‌کانی ناوخۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ بگوازێته‌وه‌؟

گوشاری زیاتر ده‌خرێته‌ سه‌ر مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ دووباره‌ دانانه‌وه‌ی وه‌زیری ئیتلاعات بۆ پۆسته‌که‌ی

Posted April 20th, 2011 at 2:17 pm (UTC-5)
Leave a comment

وه‌زیری زانیاری(ئیتلاعات) ئێران حه‌یده‌ر موسڵحی که‌ پێشتر ده‌ستی له‌ کار کێشابووه‌وه‌، له‌ له‌یه‌ن ڕێبه‌ری باڵایی دینی ئێران ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی دووباره‌ داندراوه‌ته‌ سه‌رکار، سه‌ره‌ڕای  ئه‌وه‌ی سه‌رکۆمار مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌که‌ی په‌سند کردبوو.

چوارشه‌ممه‌، گوشاری سیاسی زیاتر  خرایه‌ سه‌ر ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد پاش ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 200 یاسادانه‌ر هوشداریان پێی دا که‌ ئه‌و ده‌بێت فه‌رمانی ڕێبه‌ری باڵا بۆ دانانه‌وه‌ی موسڵحی به‌ وه‌زیری زانیاری جێبه‌جێ بکات.

به‌ پێی نامه‌یه‌کی که‌ 216 ئه‌ندامی په‌رله‌مان واژوویان کردووه‌، هوشداری دراوه‌ته‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد که‌ ناتوانێت فه‌رمانی خامنه‌یی پشتگوێ بخات، که‌ دوا قسه‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی ڕووداوه‌کانی وڵات.

موسڵحی یه‌کشه‌ممه‌ ده‌ستی له‌ کارکێشاوه‌، دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتان له‌سه‌ر کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، وه‌ سه‌رکۆمار به‌ ئاشکرایی ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌که‌ی په‌سه‌ندکرد.

باشه‌ به‌ ڕای ئێوه‌‌ په‌سه‌ندکردنی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی موسڵحی له‌ لایه‌ن سه‌رکۆمار مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی هه‌تا چ ڕاده‌یه‌ک شیانی هه‌بوونی کێشه‌یه‌کی قوڵ نێوان هه‌ردوو که‌سایه‌تیه‌ ده‌کات.  ئایا له‌ کۆتاییدا، پێت وایه‌ سه‌ر کۆمار ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد مل بۆ فه‌رمانی ڕێبه‌ری باڵا بدات.‌

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

Posted April 13th, 2011 at 1:10 pm (UTC-5)
Leave a comment

سه‌رکۆماری ئێران مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌ڵێت ئه‌و‌ وه‌های ده‌بینێت که‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی ‘نوێ’  بێ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مه‌ریکا، ئیسرائیل و هاوپه‌یمانانی تری دێته‌ کایه‌وه‌.

به‌ پێی ئاژانسی ڕه‌سمی ده‌نگ و باسی ئێرانی- ئیرنا- سه‌رکۆمار ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد چوارشه‌ممه‌ له‌ سه‌ردانێکی بۆ ئوستانی سیستان و بلوچستان گوتی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری هه‌رێمه‌که‌  ناڕازین له‌وه‌ی ئه‌و به‌ نه‌خشه‌کانی ” کۆلۆنیالیستی و سته‌مکارانه‌”ی ئه‌مه‌ریکا و هاو‌په‌یمانانی ناوی برد.

ئه‌و هه‌روه‌ها به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ ‌ئیسرائیل گرت و گوتی تاران  هیچ کاتێک حکومه‌تی ئیسرائیل  له‌سه‌ر “خاکی فه‌ڵه‌ستین” به‌ ڕه‌سمی ناناسێت.

پر‌سیار: باشه‌ به‌ ڕای ئێوه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد مه‌به‌ستی له‌م ڕۆژهه‌لاته‌ی ناوه‌ڕاستی نوێـیه‌ چیـیه‌؟  سیاسه‌تی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ خۆنیشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ری بۆ ئازادی له‌ هه‌رێمه‌که‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟  ئایا ئێران سیاسه‌تی هاوشێوه‌ی هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ داواکاریـیه‌کانی خه‌ڵکی له‌ حکومه‌تانیان؟

یه‌کیتی ئه‌وروپا سه‌زا ده‌سه‌پێنێته‌ سه‌ر پێشێلکارانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ئێران

Posted April 12th, 2011 at 1:36 pm (UTC-5)
Leave a comment

حکومه‌تانی ئه‌ندام له‌ یه‌کیتی ئه‌وروپا ڕێککه‌وتون سه‌زا به‌سه‌پێنه سه‌ر زیاتر له‌ 30 کاربه‌دستانی ئێرانی که‌ به‌ پێشێلکاریه‌کانی ما‌فه‌کانی مرۆڤ له‌ ئێران تاوانباری کردون، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رنامه‌ی سه‌زا دانان به‌ دژی تاران فه‌راوانتر ده‌کرێن.

هه‌نگاوه‌کان بریتین له‌ به‌ربه‌ندی هاتو چوێ و ده‌ست به‌ سه‌رداگرتنی دارایی ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌.  هه‌رچه‌نده‌ جارێ ناوی کاربه‌ده‌سته‌کان ئاشکرا نه‌کراو‌ن‌. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ویلیام هێگ که‌ سێشه‌ممه‌ به‌شداری له‌ کۆبونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی  یه‌کیتی ئه‌وروپا له‌ برۆکسێل ده‌کرد گوتی سه‌رجه‌لی مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران “ترسناکه‌” واته‌ مه‌ترسیداره‌.

ئه‌و  به‌ پیامنێرانی گوت وا دیاره‌ ئێران له‌و باوه‌ره‌ دایه‌ به‌و‌ گۆڕانکاریانه‌ی له‌ هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوده‌ده‌ن،  ده‌توانێت خۆیان ده‌رباز بکه‌ن که‌س هیچیان پێ نه‌ ڵێت و سه‌رزه‌نشتیان نه‌کات ته‌نانه‌ت له‌ کاتێکداکه‌ مافی مرۆڤ ده‌ خرابترین باری دایه له‌م وڵاته‌دا‌‌. ئه‌و گوتی ئێران  ڕێبه‌رانی ئۆپۆزسیۆنی گرتون، له‌ هه‌ر‌ وڵاتێکی تر، رۆژنامه‌وانی تێدا گیراوه‌، له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر سه‌زای مه‌رگی به‌کار هێناوه‌.  ‌

هه‌فته‌‌ی ڕابوردو، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی له‌مه‌ر  باری مافه‌کانی مرۆڤ له‌ جیهان سه‌باره‌ت به‌ ئێران گوتی ، تاران  312 که‌سی له‌ ساڵی 2010 له‌ سێداره‌دا، زۆریان  پاش ئه‌وه‌ی  به‌ نه‌هێنی دادگایی کرابون.‌

باشه‌ به‌ ڕای ئێوه‌  ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ فشاری پێویست  بۆ تاران ده‌هێنن تا ناچار بکرێت ڕیزی مافه‌کان وڵاتییانی بنێت؟

ناسه‌قامگیرکردنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌

Posted April 11th, 2011 at 12:32 pm (UTC-5)
Leave a comment

وه‌زیری به‌رگری  ئه‌مه‌ریکا ڕابرت گێتس له‌ سه‌ردانی ئه‌م دواییانه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گوتی ئه‌مریکا به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئێران سه‌باره‌ت به‌ باری به‌حرێن و وڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که‌ که‌وتونه‌ته‌ بارێکی ئاڵۆزی سیاسی، ئه‌مه‌ش به‌ پێ ڕۆژنامه‌ی واڵستریت جورناڵه‌.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، سه‌ره‌ک وه‌زیرانی کاتی لوبنان سه‌عد حریری ئێرانی تاوانبار کردووه‌ به‌ ده‌ست تێوه‌ردان ده‌کاروباری ناوخۆی لوبنان وهه‌وڵ ده‌دات لوبنان و هێندێک له‌ وڵاتانی که‌نداو بخاته‌ ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. حه‌ریری گوتیشی وڵاته‌که‌ی له‌ گه‌ڵ به‌حرێن و چه‌ند وڵاتێکی تر له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئاشکرای ئێران زیان ده‌بینن.‌

باشه‌ به‌ ڕای ئێوه‌ ئێران چه‌ ڕۆڵێک له‌ ناسه‌قامگیرکردنی ناوچه‌که‌ ده‌گێڕێت؟

ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا له‌ ناو‌ قه‌ێراندا

Posted March 30th, 2011 at 10:18 am (UTC-5)
Leave a comment

ژماره‌یه‌ک له‌ وڵاتانی هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا به‌ بارێکی تایبه‌تی و قۆناغێکی مێژوییدا تێپه‌ڕده‌بن.  خۆنیشاندانی جه‌ماوه‌ری و ناڕه‌زایی گشتی سه‌رۆکانی دوو وڵاتانی تونس و میسری ناچار کرد له‌ پاش ده‌یان ساڵ ده‌سـه‌ڵاتدارێتی سته‌مکاری واز له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات بهێنن. له‌ وڵاتانی وه‌ک لیبیا، سوریا، به‌حره‌ین، یه‌مه‌ن و ئوردن، عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌،  خۆنیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رده‌وام بووه‌ و زۆر جاران توندوتیژی لێکه‌وتۆته‌وه‌.   زۆربه‌ی داواکاریه‌کان لێک ده‌چن، گۆڕانی ده‌سه‌ڵات، ئازادی سیاسی و مه‌ده‌نی، نه‌مانی گه‌نده‌ڵی، باشترکرانی خزمه‌تگوزاری ‌گشتی. ‌‌

پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا چاوه‌ڕێ ده‌که‌یت ئه‌م خۆنیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ ئێرانیش بگڕێته‌وه‌ که‌ تێدا خۆنیشانداران  داوای گۆڕانی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن؟

ئه‌‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و پێشێلکارییه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ئێران

Posted March 30th, 2011 at 10:05 am (UTC-5)
Leave a comment

به‌م دواییانه‌ ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بڕیارێکی په‌سندکرد بۆ دانانی لێکۆڵه‌رێکی تایبه‌تی تا له‌ پێشێلکارییه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ئێران بکۆڵێته‌وه‌.  وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی بڕیاره‌که ‌’سیاسیه.‌’

له‌ ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بنکه‌ له‌ ژنێڤ 22 وڵات ده‌نگی بۆ بڕیاره‌که‌ دا،7 وڵات ده‌نگیان به‌ دژ دا و 14 وڵات بۆ‌ هیچ لایه‌ک ده‌نگیان نه‌دا. چوار له‌ 47 وڵاتی ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌ن به‌شداریان له‌ ده‌نگدانه‌که‌دا نه‌کرد.

به‌ ڕای ئێوه‌ ئایا ئێران هاوکاری پێویست له‌گه‌ڵ ڕاپۆرت نووسی تایبه‌تی ده‌کات تا له‌ پێشێلکاریـیه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ بکۆڵێته‌وه‌؟ باشه‌ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی چی له‌ ده‌ست دێت بیکات تا تاران ناچار به‌ هاوکاریکردن بکات؟

وه‌ ئایا به‌ ڕای ئێوه‌، ئه‌م بڕیاره‌ تا چ‌ ڕاده‌یه‌ک یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت تا فشاری زیاتر بخرێته‌ سه‌ر ئێران که‌ هیچ بژاری نه‌بێت‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ڕێزی مافه‌کانی مرۆڤی هاووڵاتیان بگڕێت؟

موعته‌به‌ر شێروانی

من موعته‌به‌ر شێروانی له‌وه‌تای ساڵی1992 له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کارم کردووه‌ واته‌ نیزیکه‌ێ ‌پێنج مانگ پاش دامه‌زراندنی به‌شی کوردی. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا، ڕوماڵی ڕوداوه‌کانی هه‌رێمی و جیهانم بۆ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ ڕوداوه‌کان، گفت وگۆم له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و پسپۆران کردووه‌. بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵان، میوانداره‌تی و هاومیوانداره‌تی ژماره‌یه‌ک به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌م کردووه وه‌ک به‌رنامه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ ئه‌مه‌ریکا و به‌رنامه‌ ماڵبات و خێزان‌. ئێستا به‌ به‌رده‌وامی یه‌کێکه‌ له‌ میوانداره‌کانی به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌ی هه‌لۆ واشنتنم که‌ تێدا زۆربه‌ی سره‌نج ده‌درێته‌ سه‌ر ڕوداوه‌ سیاسیه‌کانی ڕۆژ. هاوکات له‌گه‌ڵ کارکردن له‌گه‌ڵ به‌ شی کو‌ردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام بوم و بڕوانه‌مه‌ی ماجسته‌رم له‌ ڕۆژنامه‌وانی و کاروباری گشتی وه‌رگرت. پێشتریش، بروانا‌مه‌ی به‌که‌لییوره‌سم له‌ توێژینه‌وه‌ ناونه‌ته‌وییه‌کان وه‌رگرت.

ده‌رباره‌ی ئه‌م بڵاگه‌

مه‌به‌ست له‌م بڵۆگه‌ ئاڵوگورکردنی بیروڕا له‌گه‌ڵ تۆ خوێنه‌ری به‌ڕێزه‌ له‌مه‌ڕ ڕوداوه‌کانی ناو ئێران، بزاڤی بزوتنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیون ناسراو به‌ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز به‌ ڕێبه‌رایه‌تی میر حسێن موسه‌وی و مێهدی که‌رروبی ، مه‌سه‌له‌ی ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا، وه‌ پێشێلکاریه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌م وولاته‌.