ئایا درووسته‌ کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ببرێنه‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه؟

Posted March 18th, 2011 at 6:56 pm (UTC-5)
2 comments

هاوکاتی به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌کان و ئه‌وه‌ی به‌ پشێوی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا ناودێر ده‌کرێت ، پێده‌چێت هه‌نگاوی خۆی نابێت بۆ ناو په‌رله‌مانی عێراقیشدا.

ئه‌م جۆره‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ی کێشه‌کان نیگه‌رانیه‌کی زۆری دروستکردوه‌ ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی ناکۆکیه‌ سیاسیه‌کان ببنه‌ ته‌گه‌ره‌ و گرفت له‌به‌رده‌م ئه‌و داوایانه‌ی کورده‌کانی عێراقدا که‌ هه‌یانه‌ بۆ ئاینده‌ی هه‌رێمه‌که‌یان.

په‌رله‌مانتارانی کورد له‌ به‌غدا وه‌ها باسی ده‌که‌ن هه‌ریه‌ک له‌و داوایانه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژوویی خۆیان هه‌یه‌ و جێبه‌جێکردنی هه‌ر یه‌ک له‌و داوایانه‌ ده‌بێته‌ کۆڵه‌که‌ بۆ ئاینده‌ی هه‌رێمه‌که‌.

پێشتر ئه‌و کاته‌ی فراکسیۆنی گۆڕان کشانه‌وه‌ی خۆی له‌ هاوبه‌ندی فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کان ڕاگه‌یاند ، ده‌سبه‌جێ ئه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا ، ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ هیچ گرفتێک بۆ گوتاری کوردی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا دروست ناکات ، به‌ڵام ئێستا وه‌ک ده‌گوترێت باره‌که‌ به‌ ئاقارێکی تردا ده‌ڕوات و پێده‌چێت کاریگه‌ریش بکاته‌ سه‌ر ئه‌و به‌رنوسی یاسایانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ مافه‌کانی کورد له‌ په‌رله‌ماندا ده‌خرێنه‌ ڕوو.  ئه‌م جۆره لێکدانه‌وه‌یه‌ش پاش قووڵ بوونه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کانی نێوان فراکسیۆنی گۆڕان و هاوپه‌یمانی کوردستان دێت له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا.

هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی فراکسیۆنی کوردستانی ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی له‌ ناو په‌رله‌مانی عێراقدا ڕووده‌دات ، بێ له‌ کێشه‌ی لابه‌لا هیچ شتێکی تر نین و له‌ هه‌ندێک ووتار و ووتاردان زیاتر تێپه‌ڕ ناکات ، به‌ڵام هه‌نێکی تریش ده‌ڵێن ئه‌و جۆره‌ ناکۆکیانه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هاوبه‌ندی فراکسیۆنه‌ کوردیه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و له‌وێشه‌وه‌ گۆڕان ده‌ستی کردووه‌ به‌ هه‌وڵدان بۆ ناشرینکردنی ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌رله‌ماندا.

له‌ هه‌مان ده‌مدا  نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێن ، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گۆڕان داوایکردووه‌ به‌غدا شوێنی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بێت ، به‌ڵام به‌ده‌نگه‌وه‌ نه‌چونی ئه‌و کێشانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌که‌وه‌ و نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێک له‌گه‌ڵیاندا وایکردووه‌ ، له‌ به‌غداش بێنه‌ ده‌نگ و به‌شوێن چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێن.

تۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چۆن ده‌بینیت؟ بۆ زانیاری زیاتر ده‌توانیت سه‌ردانی ئه‌م لینکه‌ بکه‌یت که‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما و هه‌ر یه‌کێ له‌ به‌شدار بووان ڕوانینی خۆیان له‌سه‌ر هه‌مان مه‌سه‌له‌ ده‌ده‌ن. نوێنه‌رانی پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان و یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌م به‌رنامه‌یه‌دا ڕایان وه‌رگیراوه‌.

http://www.voanews.com/kurdish/news/panorama_march18-118245819.html

ڕاو بۆچونی خۆت یاداشت بکه‌.

2 responses to “ئایا درووسته‌ کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ببرێنه‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه؟”

  1. kashma says:

    sarata pirozbay w dast xoshit le akan bo am bloga jwana mn wak xom ka lasilmani w chawdery tawawy barw dozhaka dakam pem basha zyatr lanawxoy harema charasar bkret nacheta darawa .ema wak haremek lahawly baraw pesh chwn aroshtyn zorek lanawchakany lraq w daraway lraq awatyan peaxwastin boya ba am shkomandya la dast nadayn.hagal rezma bo hamw byrw bochwnakan

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاشما ، زۆر سوپاس بۆ تێبینیه‌که‌ت.
      ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن، یه‌کێک له‌وانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا لایه‌نی ئۆپزسیۆن له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا ، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی هه‌یه‌ بتوانێت به‌شدار بێت له‌ پرۆسه‌ی چاکسازی هه‌رێمه‌که‌دا، ئایا لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات چه‌ندێک پێسنیازه‌کانی ئۆپزسیۆن به‌ هێند وه‌رده‌گرن و وه‌ک زه‌مینه‌ی لێکتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش، کاری پێکه‌وه‌یی له‌سه‌ر ده‌که‌ن؟ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌شدا ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌ لایه‌نه‌کانی ئۆپزسیۆن بکرێت، ئایا هه‌وڵه‌کانیان بۆ به‌ره‌وپێشچونی زیاتری هه‌رێمه‌که‌ و سه‌رله‌نوێ ڕێکخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی کورده‌ یان هه‌وڵه‌کان به‌ ئاقارێکی تری سیاسیدا ئاڕاسته‌ ده‌کرێت؟

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

بۆ یه‌کتر ناسین:

ساڵی 1961 له‌ شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستانی عێراق له‌دایک بووم ، ئه‌و کاته‌ باوکم له‌و شاره‌دا فه‌رمانبه‌ر بوو.
هه‌ر به‌هۆی کارکردنی باوکمه‌وه‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییم له‌ شاری شه‌قڵاوه‌ ی پارێزگای هه‌ولێر ته‌واو کردووه‌ ، پۆلی دووش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و دواتر له‌ خوێندنگاکانی بێکه‌س و گۆران له‌ شاری سلێمانی قۆناغی سه‌ره‌تاییم ته‌واو کرد.
قۆناغی ئاماده‌ییم له‌ هه‌ردوو ئامادیی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری سلێمانی و دواناوه‌ندی ڕانیه له‌ شاهری ڕانیه‌ی بناری کێوه‌ڕه‌ش‌ خوێندووه.

دوا قۆنا‌غی خوێندنیشم له‌ به‌غدا ، له‌ په‌یمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕه‌سافه‌ ته‌واو کرد.
له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ، سه‌ر و سه‌ودام له‌گه‌ڵ نوسیندا په‌یداکرد و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شیعر به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ لێم.
خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی مه‌حوی لای من تام چێژێکی سۆفیانه‌م ده‌داتێ ، که‌ ڕێک و ڕه‌وان ده‌مکاته‌ ده‌روێشێکی حاڵ گرتوی ناو ئه‌م خانه‌قا پاکیزه‌ییه‌ی شیعر.
له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ستم کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژنامه‌ گه‌ری و له‌ ژماره‌یه‌ک گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کارم کردووه‌.
له‌ ساڵی 1996 دا هه‌وارم گواسته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و لێره‌ش له‌ مانگی 12ی ساڵی 1999 وه‌ کارمه‌ندم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا.

مه‌به‌ست له‌م بلۆگه:

ڕووداوه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا زۆرن ، هه‌ریه‌که‌شیان به‌ جیا هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیانن‌ و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن ، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕووداوانه‌ ده‌بنه‌ بابه‌تێک بۆ گفت و گۆکردن و دیالۆگێکی هاوبه‌شی نێوانمان. له‌م بلۆگه‌مدا ، هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌موو جارێک بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌رم و گوڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش بخه‌مه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ ، پێکڕا بیانکه‌ینه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گفت و گۆیه‌کی سیڤیلیانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌ بیر و بۆچوونی یه‌کتر و دوور له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر یه‌کدی. هه‌ر ڕاو بۆچونێکت هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێ له‌و بابه‌تانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌مدا ده‌خرێنه‌ ڕوو ، یان هه‌ر پێشنیازێکیشت هه‌بێت ، به‌وپه‌ڕی سنگ فراوانیه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرم و به‌ به‌شێک له‌ گه‌شه‌کردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ی داده‌نێم بۆ پێکهێنانی زمانی لێکتێگه‌یشتن. له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێکیشدا هێنده‌ی بکرێت به‌ گفت و گۆ و دانانی ڕاو بۆچونه‌کان و ته‌نانه‌ت گرته‌ی ڤیدیۆییش بلۆگه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. تێبینی و بۆچونه‌کانی ئێوه‌ش ده‌شێت ببنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ بکرێت و ئه‌و تێبینیه‌ی هه‌ته‌ ببێته‌ هه‌وێنی گفت و گۆیه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆتدا له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ و ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌دا دایده‌نێێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕوانینه‌کانت کراوه‌ ده‌بن بۆ قسه‌ له‌سه‌ر کردن له‌لایه‌ن میوانه‌کانی بلۆگه‌که‌وه‌. چاوه‌ڕوانی هیممه‌تتانم.

Categories