کشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق

Posted May 10th, 2011 at 9:54 pm (UTC-5)
1 comment

به‌پێی ڕێکه‌وتنی ستراتیژی نێوان وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و عێراق پێویسته‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازیانه‌ی ئه‌مریکا که‌ له‌ عێراق ماونه‌ته‌وه‌ تا کۆتایی ئه‌مساڵی 2011 یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بکشێنه‌وه‌.

کشانه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریکا له‌ عێراقی به‌شه‌ڕ وێرانبوودا مه‌سه‌له‌یه‌کی هێنده‌ سانا نییه‌ بڕیاری لێبدرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت له‌سه‌ر زه‌مین چی ده‌گوزه‌رێت و ڕووداوه‌کانی پشت په‌رده‌ چین.

ئه‌وه‌ی تائێستا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت توانایی له‌شکر و هێزه‌ ئاسایشیه‌کانی عێراقه‌  که‌ تا چه‌ندێک ده‌توانن پارێزگاری له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری ئارامی ناو عێراق بکه‌ن و هه‌روه‌هاش چه‌ندێک ده‌توانێت پاراستنی
سنوره‌کانی عێراقیش له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.  زۆرێک له‌ شاره‌زایانی له‌شکری له‌و بڕوایه‌دان هێشتاش چه‌ندان ساڵ له‌به‌رده‌م له‌شکری عێراقدایه‌ تا بتوانێت پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت و ببێته‌ ئه‌و هێزه‌ کارایه‌ی ئه‌رکی پاراستنی ئاسایشی وڵاته‌که‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک له‌ گه‌وره‌ کاربه‌ده‌ستانی عێراقی له‌وانه‌ نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق له‌ لێدوانه‌کانیاندا جه‌خت له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ هێزه‌ ئاسایشیه‌کانی وڵاته‌که‌ له‌ توانایاندایه‌ به‌رپرسێتیه‌کان له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ له‌ کاروباری ناوخۆی عێراقدا، لایه‌کی تری کێشه‌که‌یه‌.  ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت له‌ پاش هه‌شت ساڵی ئازادکردنی وڵاته‌که‌ ، هه‌ریه‌ک له‌و شه‌ش وڵاته‌ دراوسێیه‌ی عێراق به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان و به‌ ئه‌ندازه‌ی جیاجیا خه‌ریکی جێبه‌جێکردنی ئه‌جه‌ندای خۆیانن.

کۆماری ئیسلامی ئێران، دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌که‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌ڕکردنی ئه‌مریکا له‌ده‌ره‌وه‌ی خاکی خۆی،  له‌ هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌ زیاتر ده‌ستێوه‌ردانی هه‌یه‌ له‌ عێراقدا ، گرفتێکی زۆری ئاسایشی بۆ عێراقی نوێ دروستکردووه‌ له‌ ڕێی ئه‌و لایه‌نانه‌ی بیروباوه‌ڕی شیعه‌گه‌رایی پێکیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه ، ئه‌مانه‌ بێ له‌و ڕۆڵه‌ی هێزی قودس که‌ سه‌ر به‌ پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیه‌ له‌ ناو عێراقدا ده‌یگێڕێت‌.

زۆرێک له‌ گه‌وره‌ کاربه‌ده‌ستانی شیعه‌ له‌ وڵاته‌که‌دا ئێران به‌ هاوکار و یارمه‌تیده‌ری بونیاتنانی عێراق داده‌نێن.

پێده‌چێت درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکا یان کشانه‌وه‌شی هه‌ر گرفت بێت بۆ عێراق.

ئه‌گه‌ر بمێنێته‌وه‌ ، موقته‌دا ئه‌لسه‌در هه‌ڕه‌شه‌ی به‌گژدا چونه‌وه‌ ده‌کات، هه‌ندێک لایه‌نی تری شیعه‌کان ئه‌و مانه‌وه‌یه‌ به‌ درێژه‌دانی سیاسه‌تی داگیرکردن داده‌نێن و هه‌ڕه‌شه‌کانیش وه‌ک ڕایانگه‌یاندووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ له‌شکری مه‌هدی به‌ ته‌نیا سه‌ودای له‌گه‌ڵدا بکات به‌ڵکو سود له‌ هێزی تریش وه‌رده‌گیرێت جا ئایا ناوخۆیی بێت یان ده‌ره‌کی.

ناکرێت ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی موقته‌دا ، مه‌لای ڕادیکاڵی شیعه‌کان به‌ هێند وه‌رنه‌گیرێت و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌کرێت.

چاودێرانی سیاسی له‌ ناو عێراقه‌وه‌ له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ شه‌ڕ ئامێزه‌ی مه‌لای ڕادیکاڵی شیعه‌ ئاینزاکان، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی په‌یامێکی ئێرانیه‌ ، هێنده‌ ده‌ربڕینێکی عێراقیانه‌ نییه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ی کورده‌کان یان به‌شێکی زۆری عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا.

زۆرێک له‌ ئه‌ندامه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌کانی لیستی ئه‌لعێراقیه‌ی دکتۆر ئه‌یاد عه‌لاوی ، ئه‌گه‌ر به‌ ناڕاسته‌وخۆش بێت مه‌ترسیه‌کانی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ زۆر بوونی ڕۆڵی ئێران له‌ پاش کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا و هه‌ندێکیان ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێن ئه‌و کشانه‌وه‌یه‌ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زێڕینه‌ بۆ ئێرانیه‌کان تا عێراق داگیر بکه‌ن ، چونکه‌ وه‌ک ده‌ڵێن له‌ پاش کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆشایی هێز له‌ وڵاته‌که‌یاندا دروست ده‌بێت.

کورده‌کان تا ئێستاش ژماره‌یه‌ک کێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراویان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی نێوه‌نددا هه‌یه‌ ، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ گرفته‌کانی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانه‌ ، واته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ندی 140 ی ده‌ستوری عێراق ده‌یانگرێته‌وه‌.  ترس له‌ هه‌ڵایسانی شه‌ڕی نه‌ژادی له‌و ناوچانه‌دا یه‌کێکه‌ له‌ نیگه‌رانیه‌کان، چونکه‌ زه‌مینه‌یه‌ک بۆ ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ پارێزگای که‌رکوکدا که‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت.

کورد له‌ عێراقدا دژی درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریکا نییه‌ و وه‌ک متمانه‌یه‌ک لێی ده‌ڕوانێت بۆ جێگیری بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ی‌ که‌ د‌ه‌که‌ونه‌ پارێزگاکانی که‌رکوک و دیاله‌ و موسڵ و چه‌ند شوێنێکی تریشه‌وه.‌ ناکۆکیه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌ب له‌و ناوچانه‌دا ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژوویی خۆی هه‌یه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌ب کردنه‌ی ڕژێمه‌ یه‌ک به‌ دوا یه‌که‌کانی عێراق له‌و ناوچانه‌دا کردویانه‌.

هێشتاش پێکهێنانی سیسته‌می دیموکراسی له‌ عێراقدا لاوازه‌ ، دامه‌زراوه‌کانی دیموکراسی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن و ئه‌و ڕۆڵه‌ی له‌سه‌ریانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بیگێڕن. هێزه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌کان ئه‌گه‌رچی به‌ زار پشتیوانی بۆ بۆ دیموکراتیزه‌ کردنی عێراق ڕاده‌گه‌یه‌نن به‌ڵام له‌ ڕاستیدا زۆر جاران هه‌ر خۆیان ته‌گه‌ره‌ی به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچونی دیموکراسین له‌ وڵاته‌که‌دا.

 

 

 

One response to “کشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق”

  1. راستى ئا زادى ريز كرتن…..به راستى من زور به شكم ئه م سى ووشه يه كوردى بيت جونكه هه موو ووشه كان هه ستيان بى ده كريت له زمانى كورديدا به لام من تا ئيستا راستى ههر بيستومه وئا زادى و ريز كرتنيش هه ربيستوهه هه ستم بى به كردوه وه كو بيويست
    كاتيك كه روزنا مه نو سيك با سى ئا زادى ئه كات وباسى راستى ئه كات ريزى لى ناكيريت به لكو بى ريزى به را مبه ر ئه كريت وه به لاى منه وه ئه م سى ووشه يه بو ميلله تيكى وه كو ئيمه زوور له ئالا و بون به ده وله ت كرنك تره ئيمه هه ر ئه وه فير كراوين ببين به ده وله ت وئالا مان هه بيت به لام لاى من ئه م سى ووشه يه زور كرنك تره له ئالاو له ده وله ت …..وابزانم ئه كهر ئيمه داواى ئالا بكه ين له ههرج كه سيك زوور نا راسته جونكه ئيمه ئالا لاى خو مانه لاى كه س نيه تا داواى لى بكه ين…..وه ئا لايه ك له سه ر راستى و ئا زادى و ريزكرتن دانه جه قيت وابزانم به فويه ئه كه ويت…. جا به ريزان هه رجيه ك روو بدات زوور ئا سا ييى يه جو نكه نه ئا زادى نه راستى نه ريزكرتن نيه له وولاتى ئيمه دا هه ر وا ئه بيت له ريز كرتن مه به ستم ريز كرتنى را ده ربر ينه وه هه موو تاكيكى كور ديكتا تو ريكه بو خوى جو نكه ئه كه ر هه له يه كى كرد حه زى له جه بله يه نه ك ره خنه ئه كه ر راستيش نه بيت جا به راى من ئه بيت بيش هه مو شتيك بزانين ريز كرتن كا ر يكى جوانه و ئا زادى بيويسته وراستيش ئه مان كه يه نيت به ئاسو……هيواى سه ركه وتنت بو ئه خوازم

Leave a Reply to zardashtj@gmail.com Cancel reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

بۆ یه‌کتر ناسین:

ساڵی 1961 له‌ شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستانی عێراق له‌دایک بووم ، ئه‌و کاته‌ باوکم له‌و شاره‌دا فه‌رمانبه‌ر بوو.
هه‌ر به‌هۆی کارکردنی باوکمه‌وه‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییم له‌ شاری شه‌قڵاوه‌ ی پارێزگای هه‌ولێر ته‌واو کردووه‌ ، پۆلی دووش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و دواتر له‌ خوێندنگاکانی بێکه‌س و گۆران له‌ شاری سلێمانی قۆناغی سه‌ره‌تاییم ته‌واو کرد.
قۆناغی ئاماده‌ییم له‌ هه‌ردوو ئامادیی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری سلێمانی و دواناوه‌ندی ڕانیه له‌ شاهری ڕانیه‌ی بناری کێوه‌ڕه‌ش‌ خوێندووه.

دوا قۆنا‌غی خوێندنیشم له‌ به‌غدا ، له‌ په‌یمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕه‌سافه‌ ته‌واو کرد.
له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ، سه‌ر و سه‌ودام له‌گه‌ڵ نوسیندا په‌یداکرد و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شیعر به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ لێم.
خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی مه‌حوی لای من تام چێژێکی سۆفیانه‌م ده‌داتێ ، که‌ ڕێک و ڕه‌وان ده‌مکاته‌ ده‌روێشێکی حاڵ گرتوی ناو ئه‌م خانه‌قا پاکیزه‌ییه‌ی شیعر.
له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ستم کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژنامه‌ گه‌ری و له‌ ژماره‌یه‌ک گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کارم کردووه‌.
له‌ ساڵی 1996 دا هه‌وارم گواسته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و لێره‌ش له‌ مانگی 12ی ساڵی 1999 وه‌ کارمه‌ندم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا.

مه‌به‌ست له‌م بلۆگه:

ڕووداوه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا زۆرن ، هه‌ریه‌که‌شیان به‌ جیا هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیانن‌ و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن ، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕووداوانه‌ ده‌بنه‌ بابه‌تێک بۆ گفت و گۆکردن و دیالۆگێکی هاوبه‌شی نێوانمان. له‌م بلۆگه‌مدا ، هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌موو جارێک بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌رم و گوڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش بخه‌مه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ ، پێکڕا بیانکه‌ینه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گفت و گۆیه‌کی سیڤیلیانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌ بیر و بۆچوونی یه‌کتر و دوور له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر یه‌کدی. هه‌ر ڕاو بۆچونێکت هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێ له‌و بابه‌تانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌مدا ده‌خرێنه‌ ڕوو ، یان هه‌ر پێشنیازێکیشت هه‌بێت ، به‌وپه‌ڕی سنگ فراوانیه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرم و به‌ به‌شێک له‌ گه‌شه‌کردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ی داده‌نێم بۆ پێکهێنانی زمانی لێکتێگه‌یشتن. له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێکیشدا هێنده‌ی بکرێت به‌ گفت و گۆ و دانانی ڕاو بۆچونه‌کان و ته‌نانه‌ت گرته‌ی ڤیدیۆییش بلۆگه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. تێبینی و بۆچونه‌کانی ئێوه‌ش ده‌شێت ببنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ بکرێت و ئه‌و تێبینیه‌ی هه‌ته‌ ببێته‌ هه‌وێنی گفت و گۆیه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆتدا له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ و ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌دا دایده‌نێێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕوانینه‌کانت کراوه‌ ده‌بن بۆ قسه‌ له‌سه‌ر کردن له‌لایه‌ن میوانه‌کانی بلۆگه‌که‌وه‌. چاوه‌ڕوانی هیممه‌تتانم.

Categories