تورکیای پاش هه‌ڵبژاردن

Posted June 27th, 2011 at 2:45 pm (UTC-5)
3 comments

هه‌ر پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی تورکیا ژماره‌یه‌ک پرسیار‌ هاتنه‌ ئاراوه‌، له‌وانه‌‌ ئایا په‌رله‌مانی نوێ به‌و ژماره‌ نوێیانه‌ی کورسیه‌کانی لایه‌نه‌ سه‌رکه‌وتوه‌کانه‌وه‌ ده‌توانێت چی بکات به‌تایبه‌تی له‌ سیاسه‌تی ناوخۆی تورکیادا. ئه‌م پرسیاره‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌کانی ده‌سته‌ی باڵای کارگێڕانی هه‌ڵبژاردن له‌ تورکیادا بۆ ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی (خه‌تیب دیجله) ببێته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، ‌ که‌ کاندیدێکی سه‌ربه‌خۆی کورد بووه‌ و ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ست هێنابوو ، هه‌روه‌هاش ڕه‌تکردنه‌وه‌کانی دادگاش بۆ‌ ئازادکردنی ئه‌و کاندیدانه‌ی له‌ کاتی ده‌نگداندا له‌ زینداندا بوون و سه‌رکه‌وتنیشیان به‌ده‌ست هێنا.

گه‌وره‌ترین سه‌ختی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی نوێ و حکومه‌ته‌که‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌ چوار ساڵی ئاینده‌دا هه‌نگاوه‌کانه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌ وڵاته‌که‌دا، ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی گرفتی تریش هه‌ن وه‌ک باری ئابوری وڵاته‌که‌ هه‌ربۆیه‌شه‌ هه‌ندێک له‌ پسپۆڕانی دارایی تورکیا داوای که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌ گشتیه‌کان ده‌که‌ن وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ زیادبوونی ڕێژه‌ی کورتهێنانی بودجه‌.

په‌رله‌مانی نوێی تورکیا ژماره‌یه‌ک ده‌نگ و ڕه‌نگی جودای کۆکردۆته‌وه‌ ، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاکه‌په‌) به‌ کۆمه‌ڵێک ڕوانینی ئیسلامیه‌وه‌ ، پارتی گه‌لی کۆماری (جه‌هه‌په‌) به‌ بۆچونی که‌مالیستیه‌وه‌ ، پارتی بزوتنه‌وه‌ی گه‌لی نیشتیمانی(مه‌هه‌په‌) به‌ ڕوانینی ناسیۆنالیستیه‌وه‌ و  لیستی که‌د و ئازادی و دیموکراسی کورده‌کان به‌دیدێکی کوردانه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی کورد له‌ تورکیادا.

دان نان به‌ مافه‌ سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌کانی کورد دا له‌ تورکیا له‌ یه‌ک کاتدا  جێی سه‌ره‌کی ترین بایه‌خ و نیگه‌رانیشه‌.

سێهه‌م جاری سه‌رکه‌وتنی ئاکه‌په‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ، به‌ڵگه‌یه‌کی تره‌ بۆ خواستی گه‌لی تورکیا بۆ گۆڕانکاری ڕیشه‌یی له‌ ده‌ستوری وڵاته‌که‌دا ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بشگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ده‌ستورێکی نوێ بۆ کۆماری تورکیا بنوسرێته‌وه‌. ده‌ستوری نوێی تورکیا پێویسته‌ له‌سه‌ر بنچینه‌کانی دیموکراسی ئه‌وروپا بێت به‌شێوه‌یه‌ک هه‌موو مافه‌کانی گه‌لی کوردی تیا فه‌راهه‌م بکرێت.

له‌ ساڵی 2009 دا (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان) سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا، کرانه‌وه‌ی دیموکراسی له‌ وڵاته‌که‌یدا ڕاگه‌یاند، کرانه‌وه‌یه‌ک که‌ ده‌کرێت بگوترێت ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌کی نوێ بوو له‌ تورکیایه‌کدا که‌ پێشتر به‌ تورکیای یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ناودێر ده‌کرا و خاوه‌نی ده‌ستورێکی له‌شکریی بوو  ، بۆیه‌شه‌ له‌ ده‌می هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا له‌ ڕوانگه‌ی گۆڕانکاری له‌ ده‌ستوردا جه‌خت له‌ ده‌رکه‌وتنی تورکیایه‌کی نوێ ده‌کرایه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌و کرانه‌وه‌یه‌دا هێشتاش کاری زیاتر ماوه‌ بکرێت به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌ بۆ  ناوچه‌ کوردنشینه‌کان. ڕێژه‌ی بێکاری له‌باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیادا که‌ زۆربه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی کورد‌ن زۆر به‌رزتره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی تری تورکیادا.

ده‌شێت تورکیای نوێ خواستی هه‌رهیچ نه‌بێت نه‌ته‌وه‌ په‌رستانی تورک و کوردیش نه‌بێت ، به‌ڵام پێده‌چێت زۆرینه‌ له‌ تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بن تورکیای نوێ ، وڵاتێک بێت پێوانه‌ دیموکراسیه‌کانی ئه‌ورپا به‌ڕێوه‌ی به‌رێت و له‌ژێر سایه‌ی ئازادیه‌کاندا پێکه‌وه‌ ژیانێکی ئاشتیانه‌ هه‌بێت.

ئا له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا گۆڕانکاریه‌کان بۆ (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان) به‌بێ سه‌رئێشه‌ نابێت و ئه‌م چوار ساڵه‌ی ئاینده‌ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ ده‌بێت بۆ په‌یمانه‌کانی ئاکه‌په‌ و نیشانی ده‌دات چه‌ندێک وابه‌سته‌یه‌ به‌و په‌یمانانه‌ی پێشتر داونی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌ وڵاته‌که‌دا.

کورده‌کان خواستی خۆیان ڕاشکاوانه‌ ده‌ربڕیوه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ئاشتی. کورده‌کان له‌ دانوستاندنه‌کانی گۆڕانکاری له‌ ده‌ستوردا و له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌ تورکیادا  سه‌نگییه‌کی قورسیان ده‌بێت.

حکومه‌تی تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتڕاستی نه‌کردۆته‌وه‌ به‌ڵام نکوڵیشی لێنه‌کردووه‌، گفت و گۆی له‌گه‌ڵ (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) ڕێبه‌ری زیندانی کراوی په‌که‌که‌دا ده‌ستپێکردووه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌ زیاتر له‌ 25 ساڵی شه‌ڕی خوێناوی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و له‌شکری تورکیا.

بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد هه‌نگاوێکی گرنگه‌( په‌که‌که‌) وه‌ک چۆن به‌ به‌شێک له‌ کێشه‌که‌ دانراوه‌، ئاوه‌هاش ببێته‌ به‌شێک له‌ پرۆسه‌ی چاره‌سه‌رکردن و گفت وگۆی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵدا ده‌ستپێبکرێت.

ئانکه‌ره‌ بۆ به‌ره‌وپێشچونی پرسی کورد له‌ وڵاته‌که‌دا چه‌کداماڵین له‌ په‌که‌که‌ وه‌ک مه‌رجێک باسده‌کات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ داوایه‌کی قورسه‌ و شیانیشی به‌دوور ده‌زانرێت ، به‌ڵام هێنانه‌ ئارای ژینگه‌یه‌ک و ڕه‌خساندنی متمانه‌ هه‌نگاوێکه‌ زۆر ئه‌گه‌ری تریش به‌دوای خۆیدا دێنێت.

به‌دووری نازانم ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بکه‌وێته‌ ڕه‌وشیکه‌وه‌ وه‌ک ده‌ڵێن ئیره‌یی پێ نه‌برێت ، کاتێک ده‌که‌وێته‌ نێوان به‌رداشه‌کانی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌وه‌ و ته‌نها شتێکیش له‌و سه‌رئێشانه‌ ڕزگاری بکات هه‌نگاونانی بوێرانه‌یه‌ بۆ خێراترکردنی جێبه‌جێکردنی ئه‌و میکانیزمانه‌ی داده‌نرێن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد و تۆکمه‌کردنی دامه‌زراوه‌ دیموکراسیه‌کانی تورکیا.

کورده‌کانیش به‌رپرسێتیان له‌ ئه‌ستۆیه‌ ، که‌ بتوانن یه‌ک ده‌نگانه‌ به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان بن له‌ڕێی بیرۆکه‌ی نوێ و هه‌ڵسوکه‌وتی ناو په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانیان کارادنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤانه‌ به‌دوای خۆیدا نه‌هێنێت و بتوانن ڕای گشتی کۆمه‌ڵگای تورکیا به‌لای خۆیاندا ڕاکێشن نه‌ک دووری بخه‌نه‌وه‌ و هۆڵی په‌رله‌مانیش ببێته‌ شوێنی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کان.

ئاینده‌ی تورکیا که‌وتۆته‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌کان بۆ دیموکراتیزه‌ کردنی وڵاته‌که‌ و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و په‌یمانانه‌ی دراون ، ده‌نا تورکیا نه‌ک هه‌ر به‌ره‌وپێشچونی تیا نابینرێت به‌ڵکو ده‌شێت ئه‌و ڕێسایه‌شی به‌سه‌ردا بسه‌پێت که‌ ده‌ڵێت هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌وه‌ و دووان بۆ دواوه‌ و ئه‌و جۆره‌ ڕوانینه‌ش ده‌سه‌لمێنێت  تورکیای ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئاکه‌په‌ که‌ ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی ئیسلامیانه‌ی هه‌یه‌ پشت ده‌کاته‌ به‌ها دیموکراسیه‌کانی خۆرئاوا.

 

3 responses to “تورکیای پاش هه‌ڵبژاردن”

  1. بيرمند محمد على says:

    يةكةم بيردؤزيكى فيزيايى هةية دةليت: هةمو كاردانةوةيةك كاردانةوة توندترى بيوةدةبيت وةكو بريارى داكرتنى ئالاى كوردستان لة خةناقةين كةجى كورد زوو ولامى دايةو بة توندترين شيوة ئالاى كوردستانى دانةكرد ، دووةم. بيويست ناكات كيشةى كورد بجيتة بةرلةمان جونكة لةو بةرلةمانة زؤرترين بةعيشى و شؤفينيزمى عةرةبى عةمامة لةسةرو كةشيدة لةسةرى تياية بؤية ئةستةمة كورد لةوى دةربازى بيت بيوية بيويستى بةحملةى دبلؤ ماسى كةورةتر هةية. سةيةم.يةكخستنى مالى كورد و هةولدان بؤ يةك كوتارى تاكو بؤ روبةرونةوةى داكيركةران ئامادة بيتتةنانةت بؤ سةربةخؤيى كوردستانش ،جوارةم. حملةيةكى دبلؤماسى كةورة دةست بي بكةن تاكو كورد هةولى سةربةخؤيى بدات وةبيويستة رؤشنبيران رؤليكى كةورةيان هةبيت مةبةستم رؤشنبيرى نةتةوةبةرستة ، بينجةم : دروست كردنى ريكخراوى مةدةنى تاكو هةول بدات جةمكى فيداليزم بة عةرةب بكةيةنى واتة هةول دان بؤ بة هةريمايةتى ناوةراست و باشورى عيراق ، شةشةم. كورد دةست لة كيشةى نيوان شيعة و سونة وةرنةدات واتة هةولى ئاشتى نةدات نيوانيان بؤ ئةوةى كورد بةلكةى سةربةخؤيى بى بيت بيرمند محمد على_ رؤزنامةنوس -كةركوك

  2. Nia says:

    أستاد به لين المحترم
    اولأ ا نا متفق مع رئي دكتور كرمانج كوندي 100% و الدي يقول:
    ان اعتذار المالكي شبيه الى حد كبير بإعتذار صدام حسين عام 1970 وبعد ان اصبح قويا في العام 1974 شن حربا جديدة وهذا ما سيفعله المالكي بالضبط لأن الكورد ليس لديهم برنامج واستراتيجية لتحرير كوردستان من هؤلاء المنافقين.وا ضيف هنا أ يضا أ ن اصدار اندال العلم الكردستاني من سفوح الأ بنيه الحكوميه ف ي خا نقين الكرديه تم بتوجيه حكومه ايران الحاقد علي اشعب الكردي الضعيف عسكريا ؟ و نوري المالكي ليس الأ لعابه بيد ايران و ايران حا قد علي شعب العراقي أ يضا و أ ن الفرس لن ينسون أ بدا 8 سنوات حرب قادسيه صدام ضدهم و ا ن اسلوب انتقام الأ يراني معرو ف من أدل الزمان.

    ثانيا: ارسال اقوات العراقيه الي أ عالي قه نديل لأ يتم الأ بمافقه الحزبين الرثيسين في كردستان و بالأ خص بارتي و لأ تنسي نائب مالكي من الحزب الديمقراطي و من امقربين الي رئيس الأ قليم كردسان و له صلأ ت قويه بحكو مه مالكي؟ و تركيا تضغط علي
    أ كراد عراق لأ ن كردستان غرقت بمصالح و بشركات تركيه و رجال أ عمال من الترك مع متنفدين و المقربين من رئيس أ قليم و
    عا ئلته؟ و أ ن حزب العمال الكردستاني سيكون في المستقبل عائيقاا كبيرا و سيشكل خطرا جسيما علي تجاره أ وردوكان و أ كراد المتحلفين معه في التجاره و الكسب الملأ ين لطرفين؟ و التأ ريخ يعيد نفسها مره أ خري و لكن بطرق مختلفه و لكن ااهدف واحد كما هي هي؟

    نيا
    أ دفيسورالحكومه للشئون أ لأقليات في بنلوكس| ا وروبا

  3. Nia says:

    هدا كومينتي علي موضوع اندال العلم الكردستان في خا نقين الكورديه. نيا

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

بۆ یه‌کتر ناسین:

ساڵی 1961 له‌ شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستانی عێراق له‌دایک بووم ، ئه‌و کاته‌ باوکم له‌و شاره‌دا فه‌رمانبه‌ر بوو.
هه‌ر به‌هۆی کارکردنی باوکمه‌وه‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییم له‌ شاری شه‌قڵاوه‌ ی پارێزگای هه‌ولێر ته‌واو کردووه‌ ، پۆلی دووش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و دواتر له‌ خوێندنگاکانی بێکه‌س و گۆران له‌ شاری سلێمانی قۆناغی سه‌ره‌تاییم ته‌واو کرد.
قۆناغی ئاماده‌ییم له‌ هه‌ردوو ئامادیی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری سلێمانی و دواناوه‌ندی ڕانیه له‌ شاهری ڕانیه‌ی بناری کێوه‌ڕه‌ش‌ خوێندووه.

دوا قۆنا‌غی خوێندنیشم له‌ به‌غدا ، له‌ په‌یمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕه‌سافه‌ ته‌واو کرد.
له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ، سه‌ر و سه‌ودام له‌گه‌ڵ نوسیندا په‌یداکرد و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شیعر به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ لێم.
خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی مه‌حوی لای من تام چێژێکی سۆفیانه‌م ده‌داتێ ، که‌ ڕێک و ڕه‌وان ده‌مکاته‌ ده‌روێشێکی حاڵ گرتوی ناو ئه‌م خانه‌قا پاکیزه‌ییه‌ی شیعر.
له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ستم کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژنامه‌ گه‌ری و له‌ ژماره‌یه‌ک گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کارم کردووه‌.
له‌ ساڵی 1996 دا هه‌وارم گواسته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و لێره‌ش له‌ مانگی 12ی ساڵی 1999 وه‌ کارمه‌ندم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا.

مه‌به‌ست له‌م بلۆگه:

ڕووداوه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا زۆرن ، هه‌ریه‌که‌شیان به‌ جیا هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیانن‌ و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن ، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕووداوانه‌ ده‌بنه‌ بابه‌تێک بۆ گفت و گۆکردن و دیالۆگێکی هاوبه‌شی نێوانمان. له‌م بلۆگه‌مدا ، هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌موو جارێک بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌رم و گوڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش بخه‌مه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ ، پێکڕا بیانکه‌ینه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گفت و گۆیه‌کی سیڤیلیانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌ بیر و بۆچوونی یه‌کتر و دوور له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر یه‌کدی. هه‌ر ڕاو بۆچونێکت هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێ له‌و بابه‌تانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌مدا ده‌خرێنه‌ ڕوو ، یان هه‌ر پێشنیازێکیشت هه‌بێت ، به‌وپه‌ڕی سنگ فراوانیه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرم و به‌ به‌شێک له‌ گه‌شه‌کردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ی داده‌نێم بۆ پێکهێنانی زمانی لێکتێگه‌یشتن. له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێکیشدا هێنده‌ی بکرێت به‌ گفت و گۆ و دانانی ڕاو بۆچونه‌کان و ته‌نانه‌ت گرته‌ی ڤیدیۆییش بلۆگه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. تێبینی و بۆچونه‌کانی ئێوه‌ش ده‌شێت ببنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ بکرێت و ئه‌و تێبینیه‌ی هه‌ته‌ ببێته‌ هه‌وێنی گفت و گۆیه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆتدا له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ و ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌دا دایده‌نێێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕوانینه‌کانت کراوه‌ ده‌بن بۆ قسه‌ له‌سه‌ر کردن له‌لایه‌ن میوانه‌کانی بلۆگه‌که‌وه‌. چاوه‌ڕوانی هیممه‌تتانم.

Categories