که‌س نکوڵی له‌وه ناکات له ئێستادا هه‌رێمی کوردستانی عێراق به قه‌یرانێکی سیاسی‌دا ڕه‌ت ده‌بێت. له‌وانه‌شه ده‌رکه‌وته‌کانی ئه‌م ئه‌زموونه نوێیه‌ی هه‌رێمه‌که‌ی گرتۆته‌وه وه‌ک به‌ره‌نجامه‌کانی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی لێبێت بۆ کارکردنی تاکه‌کان له بواری سیاسی ناوخۆیی هه‌رێمه‌که‌دا.
له‌وه‌تای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری ساڵی 1991 ه‌وه کورده‌کان له عێراق له هه‌رێمه خودموختاره‌که‌یاندا خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. له ساڵی 1992 دا له پاش یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی گشتی له هه‌رێمه‌که‌دا په‌رله‌مانێک پێکهێنرا له‌سه‌ر بنچینه‌ی په‌نجا به په‌نجاو چه‌ند کورسیه‌کی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ش بۆ لایه‌نه‌کانی تری هه‌رێمه‌که بوون.
هاوشێوه‌ی په‌رله‌مان ، حکومه‌تیش که هه‌ر له‌و ساڵه‌دا دامه‌زرا نیوه به نیوه له نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا دابه‌شکرا.
هه‌ر له‌و ڕۆژانه‌وه باڵاده‌ستی حیزب له ناو حکومه‌تدا سه‌ریهه‌ڵدا ، له دامه‌زراوه حکومیه‌کاندا هێنده‌ی کار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی ده‌کرا ، هێنده کار کردن نه‌بوو له‌سه‌ر هێنانه ئارای گوتارێکی هاوبه‌شی نیشتیمانیانه که تیایدا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پارێزراو بێت. به‌و پێیه‌ی پارتی و یه‌کێتی ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌م بوون ، زۆربه‌ی گله و گازه‌نده‌کان ڕووی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی ده‌گرته‌وه. ئه‌وانیش له سۆنگه‌ی پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییانه‌وه گازه‌نده‌کانیان فه‌رامۆش ده‌کردو به درێژایی مێژووی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان وه‌ک زۆرێک له چاودێران جه‌ختی لێده‌که‌نه‌وه نه‌یانتوانی ئه‌و پردی متمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا هه‌یانبوو بپارێزن .
له ساڵی 1994دا ده‌سه‌ڵات و داهات دوو فاکته‌ری سه‌ره‌کی بوون له شه‌ڕی ناوخۆی هه‌رێمه‌که‌دا. لایه‌نه سه‌ره‌کیه‌کانی شه‌ڕه‌که هاوبه‌شه‌کانی پێشوی ده‌سه‌ڵات بوون.
دواتر له ساڵی 1998 و له وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا یه‌کێتی و پارتی ڕێکه‌وتنێکیان مۆرکرد بۆ کۆتایی هێنان به‌و شه‌ڕه.
له ماوه‌ی چوار ساڵی ئه‌و شه‌ڕه‌دا سه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتی له ژماره‌یه‌ک پایته‌ختی وڵاتانی ناوچه‌که‌دا وه‌ک تاران و ئانکه‌ره کۆده‌بونه‌وه به‌ڵام هیچ یه‌کێک له‌و کۆبونه‌وانه ئه‌نجامی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی به دوای خۆیدا نه‌ده‌هێنا.
ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی تری نه‌بوونی متمانه و تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بوو له نێوان یه‌کێتی و پارتیدا سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌که.
دابه‌شکردنی هه‌رێمه‌که بۆ ناوچه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌ره‌نجامێکی کاره‌ساتاوی ئه‌و شه‌ڕه خوێناویه بوو که به هه‌زاران خه‌ڵکی تیادا کوژراو و هه‌زارانیش تیایدا ئاواره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی بوون.
پاش چه‌ند ساڵێک له ڕێکه‌وتنه‌که‌ی واشنتۆن ، ئه‌م دوو زلهێزه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕێکه‌وتنێکی ستراتیژیان مۆر کرد و ڕووخاندنه‌که‌ی سه‌دام حسێنیش له ساڵی 2003 دا هۆکار بوون بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو حکومه‌ته‌ی که یه‌کێکیان له هه‌ولێر و ئه‌وی تریشیان له سلێمانی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتیان ده‌کرد.
تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت سیماکانی دوو به‌ڕێوبه‌رایه‌تی له‌و هه‌رێمه‌دا بوونی هه‌ر هه‌یه ، هه‌رچه‌نده کابینه‌ی پێنجه‌می حکومه‌تی هه‌رێم به کابینه‌ی یه‌کگرتنه‌وه دانرا. ئه‌م دیارده‌یه هێشتاش له کابینه‌ی شه‌شدا دیارده‌یه‌کی به‌رچاوه.
خۆپیشاندان بۆ چاکسازیه‌کی بنه‌ڕه‌تی له سیسته‌می سیاسی هه‌رێم و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی به هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه له مانگی دووی ڕابردوودا ده‌ستیپێکرد.
چاکسازیه سیاسیه‌کان، گه‌لێ بوار ده‌گرێته‌وه یه‌کێک له‌وانه کرانه‌وه‌ی سیاسیه له هه‌رێمه‌که‌دا.
له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا ڕێکه‌وتنه ستراتیژیه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی که‌وتۆته به‌ر باس و تاووتوێکردن.
پارتی و یه‌کێتی پێکڕا ده‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌وه و به یه‌ک لیست داده‌به‌زن.
به‌پێی ئه‌م ڕێکه‌وتنه ستراتیژیه ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته پله یه‌که‌کان و پۆسته سه‌ره‌کیه‌کان له نێوان پارتی و یه‌کێتیدا دابه‌ش ده‌کرێن.
زۆرێک کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێکه‌وتنه ستراتیژیه ، زه‌مینه‌یه‌کی بۆ ڕوونی و ئاشکرایی نه‌هێشتۆته‌وه چونکه وه‌ک ده‌گوترێت ئه‌م دوو لایه‌نه سه‌ره‌کیه‌ی هه‌رێمه‌که له یه‌کتر بێده‌نگ ده‌بن و ئه‌وه‌ی له ناوچه‌ی لایه‌کیاندا ڕووده‌دات ، لایه‌که‌ی تر بێده‌نگی لێده‌کات یان چاوی لێده‌پۆشێت.
له به‌رامبه‌ردا هه‌ردوو لایه‌نی یه‌کێتی و پارتی داکۆکیه‌کی زۆری لێده‌که‌ن و به هه‌نگاوێکی گرنگی سه‌قامگیریی دایده‌نێن له هه‌رێمه‌که‌دا و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ی هه‌ن به ده‌رفه‌تێکی به‌ره‌وپێشچونی سیاسی باسی ده‌که‌ن.
ئایا له هه‌ل و مه‌رجی سیاسی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا پێویست به بوونی ڕێکه‌وتنێکی ستراتیژی له‌و شێوه‌یه هه‌یه؟
ئه‌م قۆناغه‌ی هه‌رێمه‌که‌ی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت پێویستی به کرانه‌وه‌ی سیاسی هه‌یه ، ئه‌و کرانه‌وه‌یه‌ی هاوسه‌نگیه‌کی نوێی سیاسی به دوادا بێت له ڕووی هێز و سه‌نگی ته‌واوی لایه‌نه سیاسیه‌کانه‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م جۆره هاوسه‌نگیه سیاسیه‌ش به‌بێ هه‌ڵبژاردن کردنێکی ئازادانه و ڕه‌وا نایه‌ته ئاراوه.
هه‌ر له‌و هه‌ڵبژاردنه ئازاد و ڕه‌وایه‌وه ده‌کرێت قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌ک به یه‌کی لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌کانی ئۆپزسیۆنیش بزانرێت.
ئه‌گه‌ر له ئێستادا پێویستیه‌کی هه‌نووکه‌یی نه‌بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێکه‌وتنه ستراتیژیه‌ی یه‌کێتی و پارتی ، ئه‌وا بێ هیچ دوودڵیه‌ک پێداچونه‌وه‌ی ئه‌و ڕێکه‌وتنه گرنگی سیاسی خۆی هه‌یه، تا به شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی نوێی سیاسی‌دا بگونجێت و هه‌ر یه‌ک له‌و دوو لایه‌نه‌ی ڕێکه‌وتنه‌که خاوه‌نی بڕیاری خۆیان بن به‌بێ کاریگه‌ریه‌کانی لایه‌نه‌که‌ی تر ، هه‌روه‌هاش وه‌ک زۆر له شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی ده‌ڵێن تا لایه‌نه‌کانی تریش له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا هه‌ناسه‌یه‌ک بده‌ن.