عێراق له‌ قه‌یراندایه‌

Posted July 13th, 2011 at 10:29 pm (UTC-5)
10 comments

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراقدا ڕووده‌دات شتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بووه‌ به‌ تایبه‌تی پاش ئه‌و ده‌یان ساڵی سه‌رکوتکردن و جه‌ور و سته‌مه‌ی به‌ ده‌ستی ڕژێمه‌ تاک ده‌سه‌ڵاتیه‌که‌ی پارتی به‌عسی سه‌دام حسێن به‌رامبه‌ر گه‌لی عێراق ده‌کران.

به‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگارکردنی عێراق له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌رکردایه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا‌، ڕێبه‌رانی ئۆپزسیۆنی دوێنێ و فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌مڕۆی عێراق باسیان له‌ هاتنه‌ ئارای وڵاتێک ده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی نمونه‌یه‌کی بێ وێنه‌ بێت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و بتوانێت له‌ ماوه‌یه‌کی پێوانه‌ییدا له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و  کاروباره‌کانی به‌ڕیوه‌بردنی وڵاته‌که‌ له‌ ده‌ستی عێراقیه‌کان خۆیاندا بێت و وڵاتێک به‌ڕێوه‌ به‌رن ته‌واو جودا بێت له‌و مێژووه‌ پڕ نه‌هامه‌تیه‌ی عێراقی پیادا ڕۆیشتبوو.

مژده‌ له‌ دوای مژده‌ ، په‌یمان له‌ دوای په‌یمان، به‌ گه‌لی عێراق ده‌درا بۆ سه‌رهه‌ڵدانی عێراقێکی نوێ له‌سه‌ر بنچینه‌ی وڵاتێکی فره‌یی و دیموکراسی و ڕێز گرتن له‌ مافه‌کانی مرۆڤ و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌کان بۆ بوونی ئه‌م وڵاته‌ فره‌ نه‌ژاد و فره‌ ئایین و ئاینزایه‌ به‌ وڵاتێکی سیڤیڵی که‌ مافه‌کانی تاکه‌ که‌سی تیادا پارێزراو بێت و یاسا سه‌روه‌ر بێت.

ئه‌ی چی ڕویدا و له‌ پاش ساڵی 2003 وه‌ چیمان بینی؟

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراقدا ڕووده‌دات شتێکه‌ له‌ قه‌یران زیاتر ، ئاڵۆزتره‌ له‌وه‌ی پێی بگوترێت کێشه‌ وه‌ قوڵتره‌ له‌وه‌ی به‌ ته‌نگژه‌یه‌کی کاتی ناودێر بکرێت‌ ، ڕه‌هه‌ندێکی به‌رین تری هه‌یه‌ له‌وه‌ی له‌ ڕکابه‌ری دوو که‌س یان دوو لایه‌ندا سنوردار بکرێت.  

له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ی ڕابردوودا ، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق خاوه‌نی بڕیار بووه‌ ، به‌ نیو هێنده‌ سه‌رکرده‌کانی عێراق خۆیان بڕیاریان نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی وڵاته‌که‌یان ، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ زۆربه‌ی بڕیاره‌ سیاسیه‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا وڵاتانی دراوسێی عێراق به‌ هێند وه‌رگیراون ، هێنده‌ وڵاته‌که‌ خۆی به‌ هێند وه‌رنه‌گیراوه.

هیچ گومانێکی تیادا نییه‌ شیعه‌کان به‌لای ئێراندا دایانشکاندوه‌ و هه‌رچی سوننه‌کانیشن نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان له‌ کاریگه‌ریه‌کانی شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی  ده‌رباز بکه‌ن.

له‌ هه‌ردوو باره‌که‌دا ته‌نها خاڵێکی هاوبه‌ش سه‌رکرده‌ باڵاکانی شیعه‌کان و سوننه‌کان کۆبکاته‌وه‌ کارکردنه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و پلانی خه‌ڵکی تر له‌ ناوچه‌که‌دا نه‌ک ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت به‌رنامه‌ڕێژیه‌کی عێراقیانه‌.

هیچ یه‌کێک له‌و سه‌رکردانه‌ی ئه‌مڕۆی عێراق له‌ ته‌واوی ڕاگه‌یاندنه‌کانیاندا یان له‌ لێدوانه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌کانیاندا نه‌یانتوانیوه‌ هه‌ستی په‌یوه‌ست بوونیان به‌ خاکێکه‌وه‌ ، به‌ نیشتیمانێکه‌وه‌ که‌ پێی ده‌ڵێن عێراق بخه‌نه‌ ڕوو. ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت جه‌ختیان له‌ بوونی کۆمه‌ڵێک ناکۆکی سیاسی کردۆته‌وه‌ یان گازه‌نده‌کردن له‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر و یه‌ک ئه‌وی تری به‌ سه‌ر به‌م وڵات یان ئه‌و وڵات گوناهبارکردووه‌ و ته‌واوی که‌م و کوڕیه‌کانیان له‌ ئه‌ستۆی یه‌ک ناوه‌ و هه‌میشه‌ش هه‌وڵیان داوه ڕه‌وایی  بده‌ن به‌ ‌ ته‌واوی کاره‌کانی خۆیان له‌ژێر وابه‌سته‌یی به‌ عێراقی بوونیانه‌وه‌.

ده‌شێت لای ئه‌و سه‌رکردانه‌ی عێراق شوێن بۆ هه‌موو شتێک هه‌بێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌دا ڕووده‌دات ڕێک پێمان ده‌ڵێت ته‌نها عێراقی بوون جێی نییه‌. باشترین به‌ڵگه‌ش ئاله‌م کاته‌دا نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێکه‌وتنی نێوان هه‌ردوو لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و ئه‌لعێراقیه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت بگوترێت یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ململانێکانی ئێران و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌یه‌ له‌ ناو خاکی عێراقدا ، یان بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراقدا له‌ پاش مانگی 12 ی ئه‌مساڵه‌وه‌ که‌ به‌پێی ڕێکه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌که‌ی نێوان واشنتۆن و به‌غدا ده‌بێت ته‌واوی ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریکیانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ بکشێنه‌وه‌.

بێجگه‌ له‌ کورده‌کان و سه‌دریه‌کان هیچ لایه‌نێکی تر تا کاتی ئه‌م نوسینه‌ خۆیان یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه‌  به‌ پارتی ده‌عوه‌ی نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیریشه‌وه‌. بۆ بڕیاردانیش له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ ته‌م و مژێکی زۆره‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن ، یان هه‌ر نایکه‌ن ، ته‌نانه‌ت خودی سه‌ره‌ک وه‌زیریش خۆی لێ لاده‌دات و له‌ هه‌وڵدایه‌ تۆپه‌که‌ بخاته‌ هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌ و له‌وێ بۆی یه‌کلا بکرێته‌وه‌ و ئه‌وجا بڕیاری خۆی بدات.

ئه‌مه‌ش به‌ مانایه‌کی تر خۆ دوورخستنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی.

به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی عێراق نا ، چونکه‌ له‌و جۆره‌ بڕیارانه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆلای گه‌لی عێراق یان بیرکردنه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ی وڵاته‌که‌ ببێته‌ پێوانه‌ بۆ هه‌ر بڕیارێک بێت ، به‌ڵکو جارێکی تریش به‌ هێند وه‌رگرتنه‌وه‌ی وڵاتانی تره‌.

که‌واته‌ عێراقی بوون و وابه‌سته‌یی بوون به‌ عێراقه‌وه‌ له‌ کوێدایه‌؟

نامه‌وێت له‌م نوسینه‌دا باس له ئاستی‌ عێراقی بوونی کورده‌کانی وڵاته‌که‌ بکه‌م چونکه‌ ئه‌نجامه‌کانی ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی هاوکاتی هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌که‌ی ساڵی 2005 کرا پێمان ده‌ڵێت خه‌ڵکی کورد چیی ده‌وێت.

زیاتر له‌ سه‌دا نه‌وه‌ت و حه‌وتی ده‌نگه‌کان له‌و ڕیفراندۆمه‌دا باوه‌ڕیان به‌ جیابوونه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌ عێراق.

ئه‌گه‌ر چی سه‌رکرده‌ کورده‌کان مانه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا هه‌ڵبژاردووه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ زۆرینه‌ی ڕای گشتی کورده‌کانی له‌گه‌ڵدا بێت. له‌ هه‌ر تاکێکی کورد بپرسیت ده‌شێت زۆر به‌ ساده‌یی و سانایی پێت بڵێت ، بۆ عێراقی بم؟ چ شتێک بۆ کورد هه‌بووه‌ له‌وه‌تای مێژووی حکومه‌ته‌ یه‌ک به‌ دوا یه‌که‌کانی عێراقدا، بێجگه‌ له‌ قڕ کردن و گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵ و بۆردومانکردن و وێران کردنی گوند و شارۆچکه‌کان و زه‌وتکردنی زه‌وی و زار و پێشێلکردنی مافه‌کان و زیندانی کردن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پاکتاوکردنی ڕه‌گه‌زی ،ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌موو بوژاندنه‌وه‌یه‌ک و گه‌شه‌کردنێک و کۆچی زۆره‌ملێیی و هتد.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئێستا سه‌رکرده‌ کورده‌کان له‌ شیعه‌ و سوننه‌کانی عێراق زیاتر سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریه‌کن بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی عێراقی تێکه‌وتووه‌.

بۆ سه‌رکرده‌ باڵاکانی شیعه‌کان و سوننه‌کانیش ئه‌وه‌ی بوونی نه‌بێت په‌یوه‌ست بوونه‌ به‌ عێڕاقه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌وه‌ که‌ ئه‌و عێراقه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی پیکه‌وه‌ ژیانێکی زۆره‌ ملێیی بووه‌ نه‌ک به‌ خواستی پێکهاته‌کانی، له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگکردنی هێز بووه‌ نه‌ک بۆ ئاسوده‌یی دانیشتوانه‌که‌ی.

ئێستا ئه‌گه‌ر دابه‌شکردنی عێراق بۆ سێ هه‌رێم وه‌ک پێشتر جۆ بایدن جێگری سه‌رۆکی ئه‌مریکا که‌ سیناتۆر بوو پێشنیازی کرد به‌ یه‌کێک له‌ ڕێگه‌ چاره‌کان دابنرێت بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی عێراقی تێکه‌وتووه‌ بۆچی کاری پێناکرێت؟

وه‌ڵامه‌که‌ی زۆر ئاسانه‌ چونکه‌ شیعه‌کان دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش یانی ئێران ئه‌و جۆره‌ چاره‌سه‌رکردنه‌ی ناوێت ، وه‌ک چۆن پێشتر شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ دژی بوو.

پێشتر سه‌رکرده‌ سوننه‌کان بوونی هه‌رێمه‌کانیان له‌ عێراقدا به‌ دابه‌شکردنی عێراق داده‌نا ، به‌ڵام ئێستا پێکهێنانی هه‌رێمێکی سوننه‌ نشین به‌ پێویست ده‌زانن بۆ خۆیان ، ئه‌ڵبه‌ته‌ پاش ئه‌و په‌یمانانه‌ی له‌ شانشینی سعودیه‌وه‌ وه‌رگیراون بۆ کۆمه‌ک کردنیان له‌ هه‌ردوو ڕووی ئابوری و سیاسیشه‌وه‌.

10 responses to “عێراق له‌ قه‌یراندایه‌”

  1. سامان سالح says:

    دةستتخؤش كا بةليَن بابةتيَكى بةبايةخة
    ئةوةى كرنكة ئةوةية كةوةكو خؤت دةيلَيَى عيراق لةسةرتاوة دروستكراوة نةك دروستبووبيَت بؤية دوا ريَكا جارةش بارجة بارجة بونيةتى
    جونكة نة كورد متمانةى بةعةرةب هةيةو نةعةرةب بةكوردو عةرةبيش لةناوخؤياندا خؤشبةختانة متمانةيان بةيةك نيية، لانيكةمى بنةمااى دروستبوونى دةولَةت بوونى متمانةية لنيَوان هاونيشتمانى ئةو دةولَةتةدا بةلام لةعيراق ئةو متمانةية نيية جونكة عيراق ئةو ولاتةية كة زياتر لةهةشتا سالة بةدرؤوة ولاتة … سةكةوتوبيت

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک سامان سوپاس بۆ تێبینیه‌که‌ت، بۆچونه‌که‌ت زۆر به‌ دروست ده‌زانم. نه‌بوونی متمانه‌ کێشه‌که‌ی ئاڵۆز کردووه‌ و وه‌نه‌بێت متمانه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ نێو لایه‌نه‌کاندا نه‌بێت، به‌ڵکو وا په‌ره‌ی سه‌ندوه‌ ناو لایه‌نه‌کانیشی گرتووه‌، ته‌ماشا له‌ ناو هه‌ر لایه‌نێکیشدا گرفت ئه‌وه‌نده‌ زۆرن که‌س نازانێت له‌ کوێوه‌ سه‌ره‌تای بۆ دابنێت.

  2. شيروان says:

    بيش كةميك برسيارم كرد تكاية

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک شیروان ، به‌ داخه‌وه‌ پرسیاره‌که‌تم به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌ ، نازانم گه‌ر مه‌به‌ستت له‌و پرسیاره‌ بێت که‌ له‌ فه‌یس بووکدا کردبوت.

  3. niazi salih says:

    ده سته كانت خوش بيت،،به لام به بوجوني من بابه ته كه هينده كرنكه،ئه بوايه باسي ده وري سلبي ئه مريكات بكردايه له ماوه ي 8سالي رابوردوو له ناوجه كه دا،،وه هه روه ها بي ئاكاي وه نووستني كورد له زور شتي كرنك وه سه ركه ييدا،،،زور سوباس

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک نیازی سوپاست ده‌که‌م، هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆڵی ئه‌مریکا له‌ هه‌شت ساڵی ڕابردوودا و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌دا بابه‌تێکی زۆر گرنگن ، و به‌ ژماره‌یه‌ک ووتاریش کۆتاییان نایه‌ت، نامه‌ێت لێره‌دا باس له‌ بۆچونی خۆم بکه‌م، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌سه‌ری بنوسم.

  4. شيروان ئةحمةد says:

    قسةى من لةسةر ئةمريكا نيية و بيم واية بةرزةوةندييةكانى خوى كرنك ترة بيدةجيت ئيلتزامى ئةخلاقى بةرامبةرمان هةبيت بةلام هةميشة بةرزةوةندييةكان لة بيش ترن ئةكةر وانةبيت ماناى ريكخراويكى ئينسانين نةك دةولةت , قسةى من لةسةر عيراق و لايةنة سياسيةكانى ناو عيراقة سةرةتا لة قةيران داين جونكة زياتر لة كيشةيةك و زياتر لة خةميك كيرودةى كردووين ئيمة نوخبةيةك حوكممان دةكات كة لة ئوبوزسيونةوة هاتووة و بو دةركردنى ماندويتى خوى كار دةكات نةك سياسةت و ئيدارة ئيمة دوو نمونةمان هةية كة كونترينيان كوردستان من تةحةدا دةكةم ئةكةر لةماوةى بيست سالى رابردوودا تةنها يةك دةستكةوتى سياسى بو كورد بة كشتى بةدةست هاتبيت ئةوةى بيى دةلين كارو دةستكةوت لة كارى شارةوانى -بلدية- زياتر هيجى تر نيية خانووبةرةو شةقام دروست كردن كارى بلديةية نةك سياسةت كردن ئةمانة بو رازى كردنى كروب و لايةنة نةك ئيدارةى وولات , ئةكةر دةستكةوت جوونيانة بو بةغدا ئةوا جوونيكى بوش و خالية ديارة بةشةكانى ترى عيراق نمونةيةكى تازة ترة بةلام هةمان موديل و هةمان ئةقلييةت كار دةكات , خوت لةسةرةوة ئامازةت بو ناكوكيةكانى ناو نةك تةنها كروبةكان بةلكو لةناو هةمان كروبيشدا كيشة زورن كة جيى داخة ناكوكيةكان فيكرى و تيارى نين بةلكو بةيوةندى بة بةرزةوةندى شةخسىوة هةية , من بيم باشة لةخرابترين باريشدا خاوةن كيشةكان خويان رووبةرووى كيشةكان ببنةوة و هةندى جار نةخوشيةك بة هةمان ميكروبى نةخوشييةكة جارةسةر دةكريت بةماناى بو نمونة كورد دةليت با كيشةكانمان دوابخةين جارى كيشةكانمان لةكةل دةرةوة جاك بكةين عةرةبيش هةمان بوجوونى هةية بةلام دواجار كيشةكان هةر دةتةقنةوة ياخود باجارى ئةمريكا نةروات و بارودوخةكة نةشيويت كة ديارة مةبةست ئةوةية دةستكةوتة شةخسييةكان لةدةست نةجن من بيم واية دةبيت لايةنة عيراقييةكان خويان راستةوخو بكةونة بةردةمى كيشةكان و خويان جارةسةرى بكةن دةبيت رووبةرووبوونةوةيةكى راستةقينة لةكةل يةكدا بكةن دوور لةو موجامةلةيةى ئةمرو هةية دةبيت هةريةكة بكةويتة بةر حجم وتواناى خوى جونكة دواجار كيشةكان لة خويانةوة جارةسةر نابن بو نمونة ناكريت هةتا بيست سالى تريش مفهومى ئازادى ببةستينةوة بة بوونى بيكانةوة-اجنبي- كاتيك ئةوان نةمان خومان حكومةت بووين ئيتر ماناى واية ئازادين , ئازادى لة دونياى جيهانكيرىدا مفهوميكى ليبرال و تاك رةهةندى هةية .. بة كورتى ئةكةر كةشبينيش نةبين و روزانى سةختيش بةرىوة بيت من بيم واية دواجار كيشةو قةيرانةكانى عيراق بة لايةنة عيراقييةكان جارةسةر دةكريت ئةكةر دووبارة لةريى توندوتيزى و بيكدادانى قورسيشةوة بيت

    • به‌ڵێن ساڵح says:

      کاک شیروان، سوپاست ده‌که‌م و زۆر له‌گه‌ڵ تێبینی و بۆچونه‌کانتم. پێده‌چێت ئه‌مڕۆ که‌س خۆی به‌ خاوه‌نی عێراق نه‌زانێت، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ خاوه‌ن و پارێزه‌ری ژووره‌ نسرم و شێداره‌کانی لایه‌نه‌کانی خۆیان ده‌زانن. ده‌بێت هه‌میشه‌ شه‌ڕ دوا چاره‌سه‌ر بێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌وشه‌که‌ له‌ عێراقدا به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای بڕوات ، مه‌خابن ده‌بێته‌ بژاره‌یه‌ک به‌رۆکی هه‌موو ده‌گرێت. بۆیه‌ چاره‌سه‌ر کردن ده‌بێت ببێته‌ ئه‌رکی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی له‌ په‌رله‌ماندا و په‌رله‌مانتاران ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری جێبه‌جێکردنی فه‌رمایشته‌کانی لایه‌نه‌کانیان بن و وه‌ک نوێنه‌ر ڕه‌فتار بکه‌ن و کارکردنیان له‌ پێناو ئاینده‌ی وڵاته‌که‌یاندا بێت نه‌ک ده‌سته‌ و تاقمه‌ باڵاکان.

  5. awat mustafa says:

    legel bochoony noosinekey serewedam , hiwadarm iraq dabeshkret bo ( 3 ) herem choonke dwakewtny komelany iraq u zalboony beery regezpersty neteweyee u aiynee u destwerdany wlatany drawse hokarn bo awey pekewe zhiany ashtiane le iraqda astembet .

  6. kashma ghafoor says:

    dast xosh kak balen bo am babata .
    barai mn la lraq keshai ema fra kwe xaiw fra laian w fra part w fra ragazwi ragas parstia lahamw shian xrap tr har laianek xoi ba baheztr azane lalaianakai tr hich kamian tanazwl bo laianakai tr nakan chawnka la ragaz w ain w zman w birw rai chiawaza har kasian bo xoian hawlaia .balam barai mn beta 3 harem chwnka awkat bo kurd bashtra atwane wak azad trin hrem bbeta sar baxo.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

بۆ یه‌کتر ناسین:

ساڵی 1961 له‌ شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستانی عێراق له‌دایک بووم ، ئه‌و کاته‌ باوکم له‌و شاره‌دا فه‌رمانبه‌ر بوو.
هه‌ر به‌هۆی کارکردنی باوکمه‌وه‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییم له‌ شاری شه‌قڵاوه‌ ی پارێزگای هه‌ولێر ته‌واو کردووه‌ ، پۆلی دووش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و دواتر له‌ خوێندنگاکانی بێکه‌س و گۆران له‌ شاری سلێمانی قۆناغی سه‌ره‌تاییم ته‌واو کرد.
قۆناغی ئاماده‌ییم له‌ هه‌ردوو ئامادیی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری سلێمانی و دواناوه‌ندی ڕانیه له‌ شاهری ڕانیه‌ی بناری کێوه‌ڕه‌ش‌ خوێندووه.

دوا قۆنا‌غی خوێندنیشم له‌ به‌غدا ، له‌ په‌یمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕه‌سافه‌ ته‌واو کرد.
له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ، سه‌ر و سه‌ودام له‌گه‌ڵ نوسیندا په‌یداکرد و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شیعر به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ لێم.
خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی مه‌حوی لای من تام چێژێکی سۆفیانه‌م ده‌داتێ ، که‌ ڕێک و ڕه‌وان ده‌مکاته‌ ده‌روێشێکی حاڵ گرتوی ناو ئه‌م خانه‌قا پاکیزه‌ییه‌ی شیعر.
له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ستم کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژنامه‌ گه‌ری و له‌ ژماره‌یه‌ک گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کارم کردووه‌.
له‌ ساڵی 1996 دا هه‌وارم گواسته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و لێره‌ش له‌ مانگی 12ی ساڵی 1999 وه‌ کارمه‌ندم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا.

مه‌به‌ست له‌م بلۆگه:

ڕووداوه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا زۆرن ، هه‌ریه‌که‌شیان به‌ جیا هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیانن‌ و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن ، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕووداوانه‌ ده‌بنه‌ بابه‌تێک بۆ گفت و گۆکردن و دیالۆگێکی هاوبه‌شی نێوانمان. له‌م بلۆگه‌مدا ، هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌موو جارێک بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌رم و گوڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش بخه‌مه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ ، پێکڕا بیانکه‌ینه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گفت و گۆیه‌کی سیڤیلیانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌ بیر و بۆچوونی یه‌کتر و دوور له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر یه‌کدی. هه‌ر ڕاو بۆچونێکت هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێ له‌و بابه‌تانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌مدا ده‌خرێنه‌ ڕوو ، یان هه‌ر پێشنیازێکیشت هه‌بێت ، به‌وپه‌ڕی سنگ فراوانیه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرم و به‌ به‌شێک له‌ گه‌شه‌کردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ی داده‌نێم بۆ پێکهێنانی زمانی لێکتێگه‌یشتن. له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێکیشدا هێنده‌ی بکرێت به‌ گفت و گۆ و دانانی ڕاو بۆچونه‌کان و ته‌نانه‌ت گرته‌ی ڤیدیۆییش بلۆگه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. تێبینی و بۆچونه‌کانی ئێوه‌ش ده‌شێت ببنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ بکرێت و ئه‌و تێبینیه‌ی هه‌ته‌ ببێته‌ هه‌وێنی گفت و گۆیه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆتدا له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ و ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌دا دایده‌نێێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕوانینه‌کانت کراوه‌ ده‌بن بۆ قسه‌ له‌سه‌ر کردن له‌لایه‌ن میوانه‌کانی بلۆگه‌که‌وه‌. چاوه‌ڕوانی هیممه‌تتانم.

Categories