کۆماری ئیسلامی ئێران و شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

Posted March 18th, 2011 at 6:52 pm (UTC-5)
Leave a comment

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌کانی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌ ژماره‌یه‌ک وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕستدا ، گه‌وره‌ کاربه‌ده‌ستانی ئێران نه‌ک هه‌ر ده‌یانگووت به‌ڵکو جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ڕووداوه‌کان درێژه‌ی شۆڕشه‌ ئیسلامیه‌که‌‌ی ساڵی 1979 ی ئێرانه.

هاوکات ده‌شگوترێت ئه‌وه‌ی له‌ خاوه‌رمیانه‌دا ڕووده‌دات به‌شێکه‌ له‌ به‌رنامه‌و پلانی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له‌و ستراتیژیه‌ته‌ی هه‌یه‌تی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره .

هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ مێزگردێکدا ، جه‌لیل ئازادیخا ، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان و هه‌روه‌هاش سه‌فه‌ر ئه‌زیزی ، مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌کان له‌ زانکۆی هارنینگ له‌ دانیمارک وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ک پرسیار له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.

بۆ گوێبیستی مێزگرده‌که‌ تکایه‌ کلیکی ئه‌م لینکه‌ی لای خواره‌وه‌ بکه‌.

http://www.voanews.com/kurdish/news/roundtable_feb19-118294024.html

ئایا ئێران ده‌توانێت له‌ڕێی هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا ئه‌و ڕۆڵه‌ کاریگه‌ره‌ بگێڕێت که‌ ده‌یخوازێت وگۆڕانکاریه‌کان به‌ که‌رخه‌ی خۆیدا به‌رێت؟

ئه‌گه‌ر ئێران شۆڕشه‌که‌ی خۆی به‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ دیموکراسی داده‌نێت ، ئه‌و هه‌موو ناڕه‌زایی و گازه‌ندانه‌ی گه‌لانی ئێران چین؟

ئایا له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ نوێیه‌ی له‌  ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هاتۆته‌ ئاراوه‌،‌ ئایین ده‌توانێت ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بێت له‌ ئاڕاسته‌ کردنی داواکانی خه‌ڵکدا؟

ئازیزانم با دوا پرسیاریشم ئه‌وه‌ بێت ئایا له‌ناو کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌و جۆره‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌ دیموکراسی هه‌یه‌ که‌ بتوانێت زه‌مینه‌یه‌ک بۆ دامه‌زراوه‌ دیموکراسیه‌کان بڕه‌خسێنێت و له‌وێشه‌وه‌ سیسته‌می دیموکراسی له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا سه‌ر هه‌ڵبدات؟

چاوه‌ڕوانی تێبینی و سه‌رنجه‌کانتانم.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

بۆ یه‌کتر ناسین:

ساڵی 1961 له‌ شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستانی عێراق له‌دایک بووم ، ئه‌و کاته‌ باوکم له‌و شاره‌دا فه‌رمانبه‌ر بوو.
هه‌ر به‌هۆی کارکردنی باوکمه‌وه‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییم له‌ شاری شه‌قڵاوه‌ ی پارێزگای هه‌ولێر ته‌واو کردووه‌ ، پۆلی دووش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و دواتر له‌ خوێندنگاکانی بێکه‌س و گۆران له‌ شاری سلێمانی قۆناغی سه‌ره‌تاییم ته‌واو کرد.
قۆناغی ئاماده‌ییم له‌ هه‌ردوو ئامادیی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری سلێمانی و دواناوه‌ندی ڕانیه له‌ شاهری ڕانیه‌ی بناری کێوه‌ڕه‌ش‌ خوێندووه.

دوا قۆنا‌غی خوێندنیشم له‌ به‌غدا ، له‌ په‌یمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕه‌سافه‌ ته‌واو کرد.
له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ، سه‌ر و سه‌ودام له‌گه‌ڵ نوسیندا په‌یداکرد و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شیعر به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ لێم.
خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی مه‌حوی لای من تام چێژێکی سۆفیانه‌م ده‌داتێ ، که‌ ڕێک و ڕه‌وان ده‌مکاته‌ ده‌روێشێکی حاڵ گرتوی ناو ئه‌م خانه‌قا پاکیزه‌ییه‌ی شیعر.
له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ستم کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژنامه‌ گه‌ری و له‌ ژماره‌یه‌ک گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کارم کردووه‌.
له‌ ساڵی 1996 دا هه‌وارم گواسته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و لێره‌ش له‌ مانگی 12ی ساڵی 1999 وه‌ کارمه‌ندم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا.

مه‌به‌ست له‌م بلۆگه:

ڕووداوه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا زۆرن ، هه‌ریه‌که‌شیان به‌ جیا هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیانن‌ و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن ، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕووداوانه‌ ده‌بنه‌ بابه‌تێک بۆ گفت و گۆکردن و دیالۆگێکی هاوبه‌شی نێوانمان. له‌م بلۆگه‌مدا ، هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌موو جارێک بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌رم و گوڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش بخه‌مه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ ، پێکڕا بیانکه‌ینه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گفت و گۆیه‌کی سیڤیلیانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌ بیر و بۆچوونی یه‌کتر و دوور له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر یه‌کدی. هه‌ر ڕاو بۆچونێکت هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێ له‌و بابه‌تانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌مدا ده‌خرێنه‌ ڕوو ، یان هه‌ر پێشنیازێکیشت هه‌بێت ، به‌وپه‌ڕی سنگ فراوانیه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرم و به‌ به‌شێک له‌ گه‌شه‌کردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ی داده‌نێم بۆ پێکهێنانی زمانی لێکتێگه‌یشتن. له‌گه‌ڵ هه‌ر بابه‌تێکیشدا هێنده‌ی بکرێت به‌ گفت و گۆ و دانانی ڕاو بۆچونه‌کان و ته‌نانه‌ت گرته‌ی ڤیدیۆییش بلۆگه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. تێبینی و بۆچونه‌کانی ئێوه‌ش ده‌شێت ببنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ بکرێت و ئه‌و تێبینیه‌ی هه‌ته‌ ببێته‌ هه‌وێنی گفت و گۆیه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆتدا له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ و ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌ بلۆگه‌که‌دا دایده‌نێێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕوانینه‌کانت کراوه‌ ده‌بن بۆ قسه‌ له‌سه‌ر کردن له‌لایه‌ن میوانه‌کانی بلۆگه‌که‌وه‌. چاوه‌ڕوانی هیممه‌تتانم.

Categories