هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی: ئێران گۆڕه‌پانی مینه(لوغم)‌ بۆ نوسه‌ر

Posted May 23rd, 2011 at 1:03 pm (UTC-5)
Leave a comment

خه‌ڵاتی ڕێکخراوی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ بۆ ساڵی2011  درا به ‌ هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی ڕۆژنامه‌وانی ئێرانی له‌به‌ر نوسینی بیره‌وه‌ڕا‌کانی به‌ ناوی “نامه‌کان بۆ ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی دام: ئه‌ڤین، شۆڕش و زیندانیکرانم له‌ ئێران.”  ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌درێته‌ ئه‌و که‌سانه‌ی خزمه‌تی بێ وێنه‌یان کردووه‌ له‌ بواری مافه‌کانی مرۆڤ، ده‌سته‌ڵاتی یاسا و چه‌سپاندنی داد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ- لقی ئه‌ڵمانیا، وه‌ له‌ 19ی مانگی سێی ئه‌مساڵدا له‌ شاری بۆن، ئه‌سه‌دی گرتووی سیاسی پێشوو وتارێکی پێشکه‌ش کرد. ئه‌و گوتی،” سه‌خت نیـیه‌ ببیت به‌ نوسه‌ر له‌ کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هه‌روه‌ک ئه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر مه‌یدانی میندا بڕۆیت. به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ک ئاسانتره‌ به‌سه‌ر میندا بڕۆیت و بکوژرێت.

بۆ سه‌لماندنی قسه‌کانی باسی به‌سه‌رهاتی خۆی کرد و گوتی” من لاو بووم و عاشقی ئازادی بووم. من ئه‌ڤینداری وڵات و ئه‌ده‌بیات بووم.  من له‌ خه‌یاڵم دا وابوو که‌ ده‌کرێت جیهان بگۆڕیت. من له‌و باوه‌ڕه‌دابووم ‌ڕۆژێک دێت که‌ عه‌شق حوکم به‌سه‌ر ژیاندا ده‌دات.  به‌و ئاواته‌ به‌شداریم له‌ شۆڕ‌شی 1979 دا کرد، وام ده‌زانی ئازادی سه‌ر ده‌که‌وێت. هه‌موو که‌س نانی ده‌بێت بیخوات وه‌ زۆرداری ته‌نیا له‌ مۆزه‌خانه‌دا ده‌ستده‌که‌وێت.

به‌ڵام له‌ ناکاو خۆم له‌ دۆزه‌خ دیته‌وه‌.  بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، تاکه‌ که‌سی به‌ چاوی خۆم بینیم ئه‌و که‌سه‌ بوو پـرسیار و وه‌ڵامی له‌گه‌ڵدا ده‌کردم. ئه‌و نازناوی “براده‌ری هه‌بوو.  باوه‌ڕی پڕ له‌ قینه‌ی ئه‌و له باوه‌ڕی ئاینی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتبوو. ئامێره‌کانی پێی بوون قامچی و که‌له‌مچه‌ بوون. ژیانم له‌وێ له‌‌ ده‌ست براده‌ره‌کاندا بوون به‌ تایبه‌تی هی که‌سێک به‌ ناوی ‘براده‌ر حه‌مید’  هه‌رچیـیه‌کم کردبایه‌ ده‌بوایه‌ ئیزنم له‌و وه‌رگرتایه‌.  ئه‌و خۆی به‌ خاوه‌نی ته‌وای هه‌موو مافه‌کان ده‌زانی و‌ به‌رگری له‌ ڕژێمی ‘پیرۆز’ ده‌کرد. ئه‌و منی به‌ خایین، سیخوڕ و بێ ئه‌خلاق ده‌زانی. ئه‌و هێمای خودا و من هی شه‌یتان بووم. من ده‌بووایه‌ دانم به‌ هه‌ر شتێک هێنابایه‌ که‌ ئه‌و داوای ده‌کرد. منیش کردم.

له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا هۆشم له‌ خۆ ده‌چوو، له‌و شه‌و و ڕۆژانه‌ی له‌ سه‌قفی ژوره‌که‌دا هه‌ڵواسرابووم…  بۆم نه‌بوو بخه‌و‌م. ته‌نانه‌ت ناچارکرام پیسایی خۆم بخۆم.‌ سه‌ره‌نجام دانم پیانا.

من له‌ نوسه‌رێکه‌وه‌ کرام به‌ که‌سێکی جێگای زۆر ڕق و کینه‌. من ناچار کرام له‌ شێوه‌ی سه‌گ بڕۆم و بوه‌ڕێم. ئه‌سه‌دی گوتی ئه‌وه‌ به‌شێکه‌ له‌و‌ بیره‌وه‌ریانه‌ی نووسیومه‌ به‌ ناوی،”نامه‌کان بۆ ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی دام.”

هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی که‌ شه‌ش ساڵ زیندانی کێشا له‌ گرتووخانه‌کانی کۆماری ئیسلامیدا ، باسی یه‌که‌م دادگایی کرانی خۆی له‌ ماوه‌ی 6 خوله‌کدا ده‌کات که‌ له‌ کۆتاییدا 15 ساڵ زیندانی بۆ بڕاوه‌ به‌ڵام دواتر له‌ هاوینی 1988، بۆ دووهه‌م جار دادگایی کراوه‌، ئه‌م جاره‌یان یه‌ک خوله‌کی خایاند.

ئه‌و ده‌ڵێت دادوه‌ره‌کان 3 پرسیاریان له‌ تاوانبارکراوه‌کان ده‌کرد.

– ئایا هێشتا باوه‌ڕت به‌و شته‌‌ ماوه‌ که‌ له‌ ڕابردوو پێت هه‌بوو؟

– ئایا کۆماری ئیسلامیت قبوڵه‌؟

– ئایا نوێژ ده‌که‌یت و ئایا په‌ێڕه‌وی له‌ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ده‌که‌یت؟

هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی ده‌ڵێت منیش درۆم کرد. بۆیه‌ درۆم کرد تا زیندو بمێنمه‌وه‌.

ئه‌وه‌ بو که‌ له‌ پاش شه‌ش ساڵ ئازادکرا. دواتر بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ ژیر چاودێری بوو. ئه‌وه‌ بوو حه‌وت ساڵ له‌وه‌پێش له‌ ئێران ده‌رچوو،‌ ئێستا دانیشتوی فه‌ڕه‌نسایه‌. ئه‌و  گوتیشی” به‌داخه‌وه‌ باره‌که‌ له‌ ئێران ئه‌مڕۆ زۆر زۆر خراپتره‌ له‌وێ منی تێدابووم. ئه‌مڕۆکه‌، ئه‌شکه‌نجه‌ زیندان و‌ مه‌رگ، زمانی سه‌ره‌کی ئه‌و که‌سانه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆماری جه‌رده‌کارانیان له‌ده‌ستدایه‌.

خوێنه‌ری به‌ڕێز،

به‌سه‌رهاتی ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ر هۆشه‌نگ ئه‌سه‌دی ده‌ڵته‌زێن به‌ڵام که‌م وێنه‌ نیـیه‌.  ڕای ئێوه‌ چیـیه‌؟ ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ چ ‌کاردانه‌وه‌ی لای ئێوه‌ سازدا؟ به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خۆشت گرتووی پێشو بیت له‌ گرتووخانه‌کانی ڕژێمدا؟

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

موعته‌به‌ر شێروانی

من موعته‌به‌ر شێروانی له‌وه‌تای ساڵی1992 له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کارم کردووه‌ واته‌ نیزیکه‌ێ ‌پێنج مانگ پاش دامه‌زراندنی به‌شی کوردی. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا، ڕوماڵی ڕوداوه‌کانی هه‌رێمی و جیهانم بۆ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ ڕوداوه‌کان، گفت وگۆم له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و پسپۆران کردووه‌. بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵان، میوانداره‌تی و هاومیوانداره‌تی ژماره‌یه‌ک به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌م کردووه وه‌ک به‌رنامه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ ئه‌مه‌ریکا و به‌رنامه‌ ماڵبات و خێزان‌. ئێستا به‌ به‌رده‌وامی یه‌کێکه‌ له‌ میوانداره‌کانی به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌ی هه‌لۆ واشنتنم که‌ تێدا زۆربه‌ی سره‌نج ده‌درێته‌ سه‌ر ڕوداوه‌ سیاسیه‌کانی ڕۆژ. هاوکات له‌گه‌ڵ کارکردن له‌گه‌ڵ به‌ شی کو‌ردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام بوم و بڕوانه‌مه‌ی ماجسته‌رم له‌ ڕۆژنامه‌وانی و کاروباری گشتی وه‌رگرت. پێشتریش، بروانا‌مه‌ی به‌که‌لییوره‌سم له‌ توێژینه‌وه‌ ناونه‌ته‌وییه‌کان وه‌رگرت.

ده‌رباره‌ی ئه‌م بڵاگه‌

مه‌به‌ست له‌م بڵۆگه‌ ئاڵوگورکردنی بیروڕا له‌گه‌ڵ تۆ خوێنه‌ری به‌ڕێزه‌ له‌مه‌ڕ ڕوداوه‌کانی ناو ئێران، بزاڤی بزوتنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیون ناسراو به‌ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز به‌ ڕێبه‌رایه‌تی میر حسێن موسه‌وی و مێهدی که‌رروبی ، مه‌سه‌له‌ی ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا، وه‌ پێشێلکاریه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌م وولاته‌.