له نامه‌یه‌ک بۆ ڕاپۆرت نووسی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌مه‌ڕ مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران، بنه‌ماڵه‌ی ژماره‌یه‌ک له گرتووانی سیاسی نیگه‌رانیان ده‌ربڕیوه سه‌باره‌ت به ته‌ندروستی ئازیزانیان له گرتووخانه‌کاندا. نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌م مانگه وه‌زیری پێشوی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی مه‌ڵداوی ئه‌حمه‌د شه‌هیدی ده‌ستنیشان کرد ببێت به لێکۆڵه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ مافه‌کانی مرۆڤ له‌مه‌ر ئێران ، که یه‌که‌م جاره له ماوه‌ی نزیک به 10 ساڵ بڕیارێکی ئاوا سه‌باره‌ت به ئێران بدرێت. ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان پۆستی سه‌ربه‌خۆی ڕاپۆرت نووسی تایبه‌تی له‌مه‌ڕ مافه‌کانی مرۆڤ سه‌باره‌ت به ئێران له 24ی مانگی سێ پێکهینا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی باری مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران. به پێی ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی چینی شین هوا، جێگری کۆمیته‌ی مافه‌کانی مرۆڤ له په‌رله‌مانی ئێران محه‌مه‌د- که‌ریم عابدی به ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئێرانی ئیرنای گوتووه” ئه‌مه‌ریکا، به‌ریتانیا و ڕژێمی زایۆنیست(ئیسرائیل) گه‌وره‌ترین پێشێلکارانی مافه‌کانی مرۆڤن له جیهاندا، ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر پێشێلکاریه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له وڵاتانه بکات له بری ئێران.” ئه‌م کاردانه‌وه‌یه‌ی ئێران له کاتێکدا دێت که ڕێکخراوه‌کانی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤی وه‌ک ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ هۆشداریان داوه سه‌باره‌ت به به‌ره‌و خراپتر ڕۆیشتنی باری مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران که مایه‌ی نیگه‌رانیه.
پرسیار ئه‌وه‌یه باشه به ڕای ئێوه لێکۆڵه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌حمه‌د شه‌هید ده‌رفه‌تی پێویستی بۆ ده‌ڕه‌خسێت بتوانێت لێکۆڵینه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل سه‌باره‌ت به پێشێلکاریـیه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ بکات؟ ئایا ئێران رازی ده‌بێت ئه‌حمه‌د شه‌هید سه‌ردانی گرتووخانه‌کان بکات و له‌گه‌ڵ پارێزه‌ر و بنه‌ماڵه‌ی گرتووه‌کان گفت‌وگۆ بکات؟ ئه‌گه‌ر هاتوو شه‌هید ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ی بۆ نه‌ڕخسا، ئه‌و چ بژاری تری له‌به‌ره؟