ناونوسی کردنی پاڵێوراوان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران ده‌ستیپێکرد.

Posted December 25th, 2011 at 9:34 pm (UTC-5)
Leave a comment

له‌ ئێرانێ، ناو نوسی کردنی کاندیده‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی گه‌ڕی نۆهه‌می په‌رله‌مان ده‌ستیپێکرد ‌(بۆ ماوه‌ی 7 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت) که‌ له‌ مانگی 3ی ساڵی2012 به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.  کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵات ڕایگه‌یاند که‌ به‌ پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان،  کاندیده‌کان به‌ که‌می ده‌بێت ته‌مه‌نیان 30 ساڵ  بێت و له‌ 75 ساڵیش زیاتر نه‌بن.

به‌ پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران،  وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ سه‌ره‌تا له‌ ‘سه‌لاحییه‌تی’  گشتی پاڵێوراوه‌کان  ده‌کۆڵێته‌وه‌ و دواتر شوڕای نیگه‌هبان  بڕیاری یه‌کجاری ده‌دات. ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش‌ هه‌رده‌م له‌ ژێر ڕه‌خنه‌ی ناڕازیان بووه‌ چوونکه‌ ڕه‌تدانه‌وه‌ی سه‌لاحییه‌تی  زۆر له‌ پاڵێوراوه‌کان بۆته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی‌ که‌ ته‌نیا که‌سانی نزیک له‌ حکومه‌ت بتوانن له‌ ژێر تیغی ‘ته‌ئیدییه‌’ ی شوڕای ‌نیگه‌هبان تێپه‌ڕ ببن.

ڕژێم هه‌وڵی داوه‌ ئه‌م هه‌ڵبژارد‌نانه‌ به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م بدات.  وه‌زیری(ئیتلاعات) زانیاری ئێران حه‌یده‌ر مۆسله‌حی گوتوویه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی گه‌ڕی نۆهه‌می پارله‌مان’هه‌ستیارترین’ هه‌ ڵبژارد‌نن له‌ ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامیدا و لایه‌نه‌کانی’ فیتنه‌، له‌ ڕێگا ده‌رچوه‌کان و ڕیفۆرمخوازان’ ئامانجێکی هاوبه‌ش په‌یڕه‌و ده‌که‌ن بۆ به‌ربه‌ره‌کانی کردن له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی.

ناونوسی کردنی کاندیده‌کان له‌ کاتێکدا دێت که‌  ژماره‌یه‌ک له‌ ڕێکخراوی ڕیفۆرمخواز ڕایانگه‌یاندووه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ناکه‌ن.  سازمانی موجاهدینی شۆڕشی ئیسلامی وه‌ک به‌شێک له‌  بزوتنه‌وه‌ی ڕیفورمخواز و سه‌وزی ئێران ڕایگه‌یاند که‌ نه‌ کاندیدی بۆ ئه‌م ‘هه‌ڵبژاردنه‌ فه‌رمایشییه‌ ‘ ده‌بێت و نه‌ ده‌نگیش به‌ هیچ پاڵێوراوێک ده‌دات و داوا له‌ هه‌مو هێزه‌کانی ڕیفۆرمخواز ده‌کات خۆ نه‌ده‌نه‌ ده‌ست گوشاری  ده‌رونی، ده‌م چه‌و‌ر کردن و هه‌ڕه‌شه‌کانی  ده‌سه‌ڵاتداران که‌ له‌ ماوه‌ی 2 ساڵ و چه‌ند مانگی ڕابردوو ته‌نیا به‌ زمانی زۆر و فرتو فێڵ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک قسه‌یان کردووه. ‌ سازمانی موجاهدینی شۆڕشی ئیسلامی ده‌شڵێت به‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ له‌ سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نی به‌رده‌وام ده‌بێت و  له‌ سه‌ر وه‌فا و سۆزی بۆ ئامانجه‌کانی خه‌ڵک به‌رده‌وام ده‌بێت.

پێشتر سه‌رکۆماری  پێشوی  ئێران محه‌ممه‌د خاته‌می گوتبوی  به‌شداری کردن له‌م  هه‌ڵبژاردنه‌دا ‘بێ مانایه‌.’ به‌ره‌ی ‘موشاره‌که‌تی  ئێرانی  ئیسلامی و ژماره‌یه‌ک  له‌ گرتووانی سیاسی  ڕایانگه‌یاندووه‌  ڕیفۆرمخوازان به‌شداری له‌  هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ناکه‌ن.  کۆمه‌ڵێک له‌ پارله‌مانتارانی پێشو که‌ ئێستا  دانیشتوانی ده‌ره‌وی ئێرانن له‌ بڵاکراوه‌یه‌کدا داوایان له‌  خه‌ڵکی ئێران کردووه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ‘نومایشی و فه‌رمایشی ‘دا نه‌که‌ن.

باشه‌ گرنگی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ له‌ چ دایه‌؟ ئایا ئێوه‌ به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌که‌ن؟ ئایا ئاماده‌ن واز له‌ مافی ده‌نگدانتان بهێنن  ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری  له‌  هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نه‌که‌ن به‌ تایبه‌تیش پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ساڵی 2009دا ئۆپۆزسیۆن ڕایگه‌یاند که‌ کۆمه‌ڵێک فرتو فێڵ کراوه‌.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

موعته‌به‌ر شێروانی

من موعته‌به‌ر شێروانی له‌وه‌تای ساڵی1992 له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کارم کردووه‌ واته‌ نیزیکه‌ێ ‌پێنج مانگ پاش دامه‌زراندنی به‌شی کوردی. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا، ڕوماڵی ڕوداوه‌کانی هه‌رێمی و جیهانم بۆ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ ڕوداوه‌کان، گفت وگۆم له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و پسپۆران کردووه‌. بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵان، میوانداره‌تی و هاومیوانداره‌تی ژماره‌یه‌ک به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌م کردووه وه‌ک به‌رنامه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ ئه‌مه‌ریکا و به‌رنامه‌ ماڵبات و خێزان‌. ئێستا به‌ به‌رده‌وامی یه‌کێکه‌ له‌ میوانداره‌کانی به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌ی هه‌لۆ واشنتنم که‌ تێدا زۆربه‌ی سره‌نج ده‌درێته‌ سه‌ر ڕوداوه‌ سیاسیه‌کانی ڕۆژ. هاوکات له‌گه‌ڵ کارکردن له‌گه‌ڵ به‌ شی کو‌ردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام بوم و بڕوانه‌مه‌ی ماجسته‌رم له‌ ڕۆژنامه‌وانی و کاروباری گشتی وه‌رگرت. پێشتریش، بروانا‌مه‌ی به‌که‌لییوره‌سم له‌ توێژینه‌وه‌ ناونه‌ته‌وییه‌کان وه‌رگرت.

ده‌رباره‌ی ئه‌م بڵاگه‌

مه‌به‌ست له‌م بڵۆگه‌ ئاڵوگورکردنی بیروڕا له‌گه‌ڵ تۆ خوێنه‌ری به‌ڕێزه‌ له‌مه‌ڕ ڕوداوه‌کانی ناو ئێران، بزاڤی بزوتنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیون ناسراو به‌ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز به‌ ڕێبه‌رایه‌تی میر حسێن موسه‌وی و مێهدی که‌رروبی ، مه‌سه‌له‌ی ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا، وه‌ پێشێلکاریه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌م وولاته‌.