هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی پێهات. جیاوازی زۆرهه‌بوون له نێوان هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێره و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌وێ.
لێره هه‌ر یه‌که له کاندیده‌کانی سه‌رۆکایه‌تی به ژماره‌یه‌ک پرۆسه‌ی کاندیدکردندا ڕه‌ت ده‌بن تا دوا هه‌نگاو له کۆنگره‌ی لایه‌نه‌که‌یدا ده‌نگی متمانه‌ی ده‌درێتێ و هه‌ر کاندیدێک ئه‌و ده‌نگی متمانه‌یه به‌ده‌ست نه‌هێنێت ناتوانێت ببێته کاندیدی لایه‌نه‌که‌ی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا.
له‌وێ نه پێویست به پرۆسه و نه پێویست به خۆ ماندووکردن ده‌کات، که‌سی یه‌که‌می لایه‌نه‌که جا ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و لایه‌نه پێی قایل بن یان نا هه‌ر خۆی کاندیدی یه‌که‌م و بێ چه‌ندوچونه.
لێره له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا دارایی له پاره‌به‌خشان بۆ لایه‌نه‌کان کۆده‌کرێنه‌وه و لیژنه‌ی تایبه‌تی ژمێریاری هه‌ن بۆ دڵنیا بوون له چۆنیه‌تی خه‌رجکردنی پاره‌ی کۆکراوه.
له‌وێ پێویست به کۆکردنه‌وه‌ی دارایی ناکات له پاره‌به‌خشان، به‌ڵکو خه‌زێنه نهێنی و ئاشکرا‌کانی لایه‌نه‌کان کراوه‌ن و به‌بێ ئاگاداری پسپۆڕانی ژمێریاری پاره ته‌خشان و په‌خشان ده‌کرێت.
لێره ئه‌ندامان و کارمه‌ندانی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن تا ئه‌و ڕۆژه‌ش که هه‌ڵبژاردنی تیادا ده‌کرێت به‌شوێن زانیاریه‌کانه‌وه‌ن و نه‌خشه و پلان داده‌نرێن بۆ لێدوانه‌کان و ڕیکلامه‌کانی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن.
له‌وێ پێویست ناکات زانیاری کۆبکرێنه‌وه به مه‌به‌ستی به‌رنامه‌ڕێژی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن. هه‌موو هونه‌ره‌که له گێڕانه‌وه‌ی مێژوویه‌کدایه که مه‌رجیش نییه هه‌مووی دروست بێت.
لێره میدیا ناچێته خزمه‌تی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه ، به‌ڵکو هه‌میشه به‌شوێن پرسیاره گرنگه‌کانه‌وه‌یه که ده‌شێت وه‌ڵامی کاندیده‌کان ببێته هۆکار بۆ ئاڵ وگۆڕ له ئه‌نجامه‌کانی ئه‌و ڕاوه‌رگرتنه گشتیانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌کرێن.
له‌وێ کاندیده‌کان خۆیان خاوه‌نی میدیان و هیچ باکیان نییه له‌و پرسیارانه‌ی میدیاکانی خۆیان ئاڕاسته‌یان ده‌که‌ن و هه‌رگیزیش وه‌ڵامی میدیاکانی ڕکابه‌ریشیان ناده‌نه‌وه.
لێره ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆره که‌ناڵێکی میدیایی لایه‌نگیری خۆی بۆ کاندیدێک ڕابگه‌یه‌نێت، مه‌رج نییه بابه‌تێکی پۆزه‌تیڤانه له‌سه‌ر کاندیدی ڕکابه‌ر بڵاونه‌کاته‌وه.
له‌وێ ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆره که‌ناڵێکی میدیایی لایه‌نگیری خۆی بۆ کاندیدێک ڕاگه‌یاند ، ئه‌وا قه‌ده‌غه‌یه دۆسته‌کانی ئه‌و که‌ناڵه میدیاییه‌ش له لایه‌نی ڕکابه‌ر نزیک ببنه‌وه .
لێره کاندیده‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له که‌مترین ماوه‌دا وتاره‌کانیان پێشکه‌ش بکه‌ن بۆ دڵنیاکردنی ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی هێشتا خۆیان یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه بۆ ده‌نگدان.
له‌وێ کاندیده‌کان هه‌رچیه‌کیان بوێت ده‌یڵێن بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی چ جۆره کاریگه‌ریه‌کی ده‌بێت به‌سه‌ر ده‌نگده‌ره‌وه.
لێره کاندیده‌کان به ته‌واوی به لێدوانه‌کانی خۆیاندا ده‌چنه‌وه ئه‌وجا ڕاگه‌یاندنی نوێ ده‌ده‌ن.
له‌وێ کاندیده‌کان ئه‌و ڕه‌واییه‌ش به خۆیان ده‌ده‌ن به پێچه‌وانه‌ی دوێنێشیانه‌وه قسه بکه‌ن.
لێره کاندیده‌کان ئاماده‌ن به‌رامبه‌ر به یه‌ک گفت و گۆ بکه‌ن.
له‌وێ گفت وگۆی ته‌ن به‌ته‌ن له فه‌رهه‌نگی کاندیده‌کاندا هه‌رگیز بوونی نییه.
لێره ئه‌گه‌ر کاندیده‌که پۆستی سه‌رۆکیشی هه‌بێت ئاماده‌یه بۆ گفت و گۆی ته‌ن به ته‌ن له‌گه‌ڵ ڕکابه‌ره‌کانیدا.
له‌وێ ئه‌وه‌ی سه‌رۆک بێت دان نانێت به ڕکابه‌ره‌کانیدا و به ڕه‌وای نازانێت ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه.
لێره له پاش ئه‌و گفت وگۆ ته‌ن به ته‌نانه کاندیده‌کان سوپاسی یه‌کتر ده‌که‌ن بۆ ئاماده‌بوونیان له‌و جۆره گفت وگۆیانه‌دا.
له‌وێ هه‌ر یه‌که له کاندیده‌کان یان نوێنه‌رانیان له ڕاگه‌یاندنی خۆیانه‌وه ده‌که‌ونه هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و تاوانبار کردنی به‌رامبه‌ره‌کانیان.
لێره کاندیده‌کان و لایه‌نگرانیشیان له دڵه‌ڕاوکییه‌کی به‌رده‌وامدا ده‌ژین تاڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن.
له‌وێ پێویست به نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێی ناکات، هه‌ر له‌گه‌ڵ دیاریکردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، ڕێک ئه‌نجامه‌کانی زانراوه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر پێشتریش نه‌بێت.
لێره هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ته‌رخانه بۆ به‌رنامه‌کانی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئاینده‌ی وڵات و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه نیشتیمانیه‌کان و سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی کاندیده‌که باشترینه بۆ وڵاته‌که.
له‌وێ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کرێت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و دۆسێکانی ئاسایشی نیشتیمانیه.
لێره هه‌ڵبژاردن بۆ تۆکمه کردنی پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کانه.
له‌وێ هه‌ڵبژاردن بۆ گاڵته‌جاڕیکردنه به دیموکراسی هه‌ژار و داماو.
لێره وه‌ک چۆن کاندیدی سه‌رنه‌که‌وتوو له هه‌ڵبژاردندا پیرۆزبایی له سه‌رکه‌وتنی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌کات، ئاوه‌هاش کاندیدی سه‌رکه‌وتوو سوپاسگوزاریه‌تی چونکه هه‌ڵمه‌تێکی سه‌رکه‌وتووانه‌ی هه‌ڵبژاردنی کردووه.
له‌وێ له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردندا، چه‌کدار و ئاسایش و شته‌کانی تریش ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کانی وڵات و هه‌موو شتێک ده‌خرێته خزمه‌ت تۆقاندنه‌وه.
لێره کاندیدی هه‌ڵبژێردراو سوپاسی هه‌موو ده‌نگده‌رانی وڵاته‌که ده‌کات بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
له‌وێ سوپاسکردن نییه و چونکه خه‌ڵک هه‌ن ده‌نگیان نه‌داوه به کاندیدی سه‌رکه‌وتوو.
لێره به‌رنامه‌ی کاری ئاینده به‌سه‌ر ده‌نگده‌راندا دابه‌شده‌کرێت.
له‌وێ ده‌مانچه و پاره و فیشه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و چه‌قۆ و خه‌نجه‌ر و چاو سورکردنه‌وه به‌ده‌نگده‌ران ده‌درێت.
لێره ئه‌گه‌ر به‌شداری له ده‌نگداندا نه‌که‌یت، ده‌نگه‌که‌ت ده‌فه‌وتێت.
له‌وێ به‌شداری بکه‌یت یان نه‌یکه‌ت چوار پێنج که‌س هه‌ن ده‌نگت بۆ بده‌ن.
لێره ئه‌گه‌ر ده‌نگیش به کاندیدی ڕکابه‌ر بده‌یت، ڕۆژی دوایی ده‌چیته‌وه سه‌ر کار و فرمانی خۆت.
له‌وێ هه‌ر که زانرا ده‌نگت به لایه‌نی ڕکابه‌ر داوه ، بۆ سبه‌ی که‌سێکی تر له شوێنی کاره‌که‌ی دانراوه و له‌وانه‌شه پسوڵه‌ی خۆراکه‌که‌شی لێ ببڕدرێت.
لێره کاندیدی هه‌ڵبژێردراو کار بۆ سه‌رله نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ده‌کات له ده‌نگدانی داهاتووی وڵاته‌که‌یدا.
له‌وێ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌کات.
لێره کاندیدی سه‌رکه‌وتوو ناتوانێت هیچ پۆستێک بۆ هیچ که‌سێک دابتاشێت.
له‌وێ کاندیدی سه‌رکه‌وتوو به ئاره‌زووی خۆی پۆست و دروستده‌کات و هه‌ر به ئاره‌زوی خۆشی دابه‌شی ده‌کات.
لێره لایه‌نگرانی کاندیده‌کان ئاهه‌نگ ناگێڕن تا ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن.
له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی یه‌که‌م که‌سدا ده‌ستده‌کرێت به ئاهه‌نگ گێڕانی سه‌رکه‌وتن.
تۆ بڵێی ڕۆژیک له ڕۆژان کاندیده‌کانی ئه‌وێ به ئاشتیانه ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن؟ یان داوا له ڕۆژنامه‌وانێک بکه‌ن تا گفت و گۆیه‌کی ته‌ن به ته‌نیان بۆ ڕێکبخات، یان به‌بێ ته‌خوینکردنی یه‌کدی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌به‌رن؟ به سنگێکی فراوانه‌وه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن وه‌ربگرن ؟ یان ڕێگه نه‌ده‌ن هاوسۆزانیان و هاوبیرانیان و لایه‌نگرانیان و……هتد بکه‌ونه تانه و ته‌شه‌ر و گێچه‌ڵ پێهه‌ڵچنینی لایه‌نی به‌رامبه‌ر؟ تۆ بڵێی ئه‌و ڕۆژه بێت؟ تا هه‌ست به بوون و ده‌نگی خۆمان بکه‌ین.